بەشی٩

1 من لە مەسیحدا ڕاستیەکە دەڵێم، درۆ ناکەم، ویژدانم شایەتم بۆ دەدات بە گیانە پیرۆزەکە، 2 کە زۆر دڵتەنگم و لە دڵمدا ئازارێکی نەبڕاوە هەیە. 3 خۆزگەم دەخواست لە پێناو براکانم، خزمەکانم بەپێی جەستە، لە مەسیح بێبەش بم. 4 چونکە ئەوان یەسرائیلیین، و ڕێگایان پێدرا شکۆمەندی و پەیمان و تەوڕات و پەرستش و بەڵێنەکان وەربگرن، 5 باوکانمان لەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەو لە سەرووی هەمووانە خودایەکی پیرۆزە و هەتاهەتاییە. ئامین. 6 مەبەستم ئەوە نییە کە وشەی خودا هیوای تێدا نەبوو. چونکە هەموو نەوەی یەسرائیل یەسرائیلی نین؛ 7 چونکە، هەمووئەوانەی نەوەی ئەڤراهامن، ڕۆڵەی خودانین، بەڵکو، وەک نووسراوە: «لە یتساخدا نەوەیەکت دەبێت کە ناوی تۆ هەڵدەگرێت». 8 واتە ڕۆڵەکانی جەستە ڕۆڵەکانی خودا نین، بەڵکو بە ڕۆڵەکانی بەڵێنەکە دادەنرێن. 9 ئەوەش وشەی بەڵێنەکەیە: «لەو کاتەدا دەگەڕێمەوە و سارا کوڕێکی دەبێت». 10 نەک تەنها ئەوە، بەڵکو ڕەبەکە لە پیاوێک دووگیان بوو، کە ئیتساخی باوکمانە، 11 منداڵەکانیش هێشتا لەدایک نەبوون و هێشتا چاکە و خراپەیان نەکردبوو، تاکو مەبەستی خودا دەربارەی هەڵبژاردنەکە بمێنێتەوە. 12 کە لەسەر بنەمای کردارنیە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو بانگکردنە بوو کە لەلایەن ئەوەوە، پێی گوترا: «منداڵە گەورەکە دەبێتە کۆیلەی بچووکەکە»، 13 وەک نووسراوە: «یاکۆڤم خۆشویست، ڕقم لە ئیساڤ بوو». 14 چی بڵێین، ئایا لای خودا ستەم دەبێت، هەرگیز! 15 چونکە بە موشەی فەرموو: «بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێدا دێتەوە، میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی بمەوێت میهرەبان بم!» 16 کەواتە بابەتەکە پەیوەندی بە ویست و هەوڵدانی مرۆڤەوە نییە، بەڵکو تەنها پەیوەندی بە بەزەیی خوداوە هەیە. 17 چونکە خودا لە پەرتوکەکەدا بە فیرعەون دەفەرموێت: «هەر بۆ ئەو مەبەستە تۆم هێشتۆتەوە: تا هێزی خۆم لە تۆدا پیشان بدەم و ناوم لە هەموو زەویدا ڕابگەیەنم». 18 بۆیە خودا بەزی بە هەر کەسێکدا دێتەوە کە بیەوێت، سزای هەر کەسیش دەدات، کە بیەوێت. 19 لێرەدا پێم دەڵێیت: «بۆچی گلەیی دەکەیت؟» کێ بەرەنگاری مەبەستەکەی دەبێتەوە؟» 20 بۆیە دەڵێم: ئەی مرۆڤ تۆ کێیت تا وەڵامی خودا بدەیتەوە؟ ئایا ئەو شتەی کە دروستکراوە بە دروستکەرەکەی دەڵێت: بۆچی منت بەم شێوەیە دروست کردووە؟ 21 ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕکەدا نییە کە لە هەمان قوڕ قاپێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟ 22 چی دەبوو ئەگەر خودا ویستی تووڕەیی خۆی پیشان بدات و توانای خۆی ڕابگەیەنێت، بە هەموو سەبرەوە بەرگەی جامی تووڕەیی گرت لەوانە کە شایەنی لەناوچوون بوون، 23 لەبەر ئەو مەبەستەبوو دەوڵەمەندی شکۆمەندیەکەی خۆی لە دەفرەکانی بەزەیی ڕابگەیەنێت کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردبوو، 24 لە ئێمەدا کە بانگی کردین نەک تەنها لە نێو یەهودیەکان بەڵکو لە نێو نەتەوەکانیش؟ 25 وە ئەوەش بەگوێرەی ئەوەی کە لە پێشبینی هۆشەع دەیڵێت: «ئەوانەی گەلی من نەبوون بە گەلەکەم بانگیان دەکەم و ئەوانەی خۆشەویست نین بە خۆشەویستەکەم بانگیان دەکەم. 26 وە لە کوێ پێیان گوترا: ئێوە گەلی من نین، لەوێ پێیان دەوترێت ڕۆڵەکانی خودای زیندوو». 27 بەڵام ئیشایا، باسی یەسرائیل دەکات و دەڵێت: «ئەگەرچی نەوەی یەسرائیل وەک لمی دەریا زۆر دەبن، بەڵام پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت. 28 چونکە پەروەردگار بڕیار لەسەر بابەتەکە دەدات و بە خێرایی قسەکەی جێبەجێ دەکات لەسەر زەوی». 29 وەک ئیشایا پێشتر گوتویەتی: «ئەگەر پەروەردگاری سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتبایین، وەک سۆدۆم و وەک عەمۆرە دەبوین!» 30 کەواتە کورتەی قسەکە چییە؟ ئەو نەتەوانەی کە بەدوای ڕاستودروستیدا نەدەگەڕان گەیشتنە ڕاستودروستی، بەڵام ڕاستودروستی لەسەر بناغەی باوەڕە. 31 بەڵام یەسرائیل هەوڵیاندا بەتەوڕات بە ئامانجی ڕاستودروستی بگەن، تەنانەت بە تەوڕاتیش پێینەگەیشتن و شکستیان هێنا. 32 بەچ هۆکارێک؟ چونکە هەوڵەکانیان لەسەر بناغەی باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بناغەی کرداربوو. بە بەردێکی کۆسپ تووشی کۆسپ بوون 33 وەک نووسراوە: «ئەوەتا من لە سەهیۆن بەردی کۆسپ وتاشەبەردی کەوتن دادەنێم ئەوەی باوەڕی پێبێنێت بێ هیوا نابێت».