بەشی٨

1 کەواتە ئێستا ئەوانەی لە مەسیحی یەشوادان ئیتر تاوانبارناکرێن. 2 چونکە یاسای گیانی ژیان لە مەسیحی یەشوادا لە یاسای گوناهه و لە مردن ئازادی کردووم. 3 تەوڕات نەیتوانی ڕزگارمان بکات بەهۆی لاوازی سروشتی گوناهبارمانەوە، بۆیە خودا ئەوەی کرد کە تەوڕات نەیتوانی بیکات. ڕۆڵەکەی بە جەستەیەکی هاوشێوەی جەستەی گوناهباران نارد کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی گوناهەی بەسەر ئێمەدا ڕاگەیاند بە بەخشینی ڕۆڵەکەی وەک کەفارەتێک بۆ گوناهەکانمان. 4 بۆ ئەوەی ئەو ڕاستودروستییەی کە تەوڕات بەدوایدا دەگەڕێت، لە ئێمەدا بەدی بهێنرێت، کە بەجەستە ناڕۆین بەڵکو بە گیانەکە. 5 چونکە ئەوانەی بەگوێرەی جەستەن گرنگی بە شتە جەستەییەکان دەدەن، بەڵام ئەوانەی بە گوێرەی گیانەکەن گرنگی بە شتە گیانیەکان دەدەن. 6 گرنگیدان بەجەستە مردنە؛ بەڵام گرنگیدان بە گیانەکە ژیان و ئاشتیە. 7 چونکە گرنگیدان بە جەستە دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، لەبەر ئەوەی ملکەچی تەوڕاتی خودا نییە، بەڵکو ناشتوانێت. 8 ئەوانەی لە ژێر دەسەڵاتی جەستدان ناتوانن خودا ڕازی بکەن. 9 بەڵام ئێوە لە ژێر دەسەڵاتی جەستەدا نین، بەڵکو لە ژێر دەسەڵاتی گیانەکەدان، ئەگەر بەڕاستی گیانی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت. بەڵام ئەگەریەکێک گیانی مەسیحی نەبووبێت، ئەوا هی مەسیح نییە. 10 وە ئەگەر مەسیح لە ناوتاندا بێت، هەرچەندە جەستە بەهۆی گوناهەوە مردووە، بەڵام گیانەکە ژیانە بۆ ئێوە بەهۆی ڕاستودروستییەکەی. 11 ئەگەر گیانەکە ئەوەی یەشوای لە نێو مردووان هەستاندەوە لەناو ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لە نیو مردووان هەستاندەوە جەستەی لەناو چوی ئێوەش زیندوو دەکاتەوە بەهۆی ئەو گیانەی کە لە ناوئێوەدا نیشتەجێیە. 12 بۆیە، ئەی برایان، چ شتێک بە جەستەوە پەیوەستتان دەکات کە بە پێی جەستە بژین. 13 چونکە ئەگەر بە گوێرەی جەستە بژین، دەمرن، بەڵام ئەگەر بە گیانەکە کردارەکانی جەستە بمرێنن، ئەوا دەژین. 14 هەموو ئەوانەی ملکەچی ڕابەرایەتی گیانی خودان، ڕۆڵەی خودان. 15 چونکە گیانی کۆیلایەتیتان وەرنەگرتوە کە بەرەو ترس بتان گێڕێتەوە، بەڵکو گیانی ڕۆڵایەتیتان وەرگرتوە کە بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «باوکە باوکمان!» 16 گیانەکە خۆی لەگەڵ گیانی ئێمەدا شایەتی ئەوە دەدات کە ئێمە ڕۆڵەی خوداین. 17 مادام ڕۆڵەین، میراتگریشین، میراتگری خودا وە هاوبەشی مەسیحین لە میرات. وە ئەگەر ئێستا هاوبەشی ئازارەکانی بین، ئەوا هاوبەشی شکۆمەندیەکەشی دەبین. 18 چونکە من بڕوام وایە کە ئازارەکانی ئێستا هیچ نین کاتێک بەراورد دەکرێن بەو شکۆمەندیەی کە لە داهاتوودا تیاماندا دەردەکەوێت. 19 لەبەر ئەوە دروستکراوەکان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی ڕۆڵەکانی خودان، 20 چونکە بەدیهێنراوان ملکەچی پووچییەتی بوون بەویستی ئەو نا، بەڵکو لەلایەن ئەوەی ملکەچییەتی، 21 هەروەها ڕزگار دەبێت لە کۆیلایەتی گەندەڵی بۆ ئازادی شکۆمەندی کە هی منداڵەکانی خودایە. 22 چونکە دەزانین تا ئێستا هەموو بەدیهێنراوان پێکەوە دەناڵێنن. 23 نەک تەنها ئەو، بەڵکو ئێمەش کە نۆبەرەی گیانەکەمان هەیە، خۆمان لە ناخماندا دەناڵێنین چاودێری ڕاگەیاندنی ڕۆڵایەتیمان دەکەین بەقوربانی کردنی جەستەمان. 24 چونکە ئێمە ڕزگارمان بوو، بە هیوا؛ بەڵام هیوا؛ کاتێک دەیبینین هیوا نییە؛ مرۆڤ چی دەبینێت بۆچی هێشتا هیوای پێدەخوازێت؟ 25 بەڵام، ئەگەر هیوامان بەو شتە هەبێت کە نایبینین، ئەوا بە ئارامییەوە چاوەڕێی دەکەین. 26 بەهەمان شێوە گیانەکە یارمەتیمان دەدات بۆ زاڵبوون بەسەر لاوازییەکانماندا. چونکە ئێمە نازانین چۆن نزا بکەین کە شایەنییەتی، بەڵام گیانەکە خۆی لەجیاتی ئێمە داکۆکی دەکات کە لە سەروی دەربڕینەکانمانەوەیە. 27 ئەوەی دڵەکان دەپشکنێت مەبەستی گیان دەزانێت، چونکە گیانەکە بە شێوەیەک لە پیرۆزکراوان داکۆکی دەکات کە ڵەگەڵ خودا هاوڕایە. 28 ئێمە دەزانین کە خودا وادەکات هەموو شتەکان پێکەوە کاربکەن لەپێناو چاکەی ئەوانەی خۆشیان دەوێت، کە بەگوێرەی مەبەستی خۆیی بانگی کردوون. 29 بۆ ئەوانەی ناسیویانە، پێشوەختە دیاری کردبوو کە لەگەڵ وێنەی کوڕەکەیدا بگونجێن، بۆ ئەوەی ببێتە نۆبەرە لە نێوان زۆرێک لە براکاندا. 30 ئەوانەی پێشتر دیاری کردبوون بانگی کردن. ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیکردن. ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆمەندی کردن. 31 دوای ئەمە چی بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت کێ دەتوانێت دژی ئێمە بێت؟ ئەوەی بۆ ئێمە دەستی بە ڕۆڵەکەی خۆیەوە نەگرت، 32 بەڵکو لە پێناو هەموومان بەخشی، چۆن لەگەڵیدا هەموو شتێکمان ناداتێ؟ 33 کێ هەڵبژێردراوەکانی خودا تۆمەتبار دەکات؟ خودا ئەوەیه کە بێتاوان دەکات، 34 کێیە تاوانباردەکات؟ ئەوە مەسیحی یەشوایە کە مرد، یان باشتر بڵێین ئەوەی هەستایەوە، هەروەها ئەو لە ڕاستەی خودادایە، هەروەها داکۆکیکارمانە. 35 جا کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ئایا تەنگانە یان ناخۆشی یان چەوسانەوە یان برسیەتی یان ڕووتی یان مەترسی یان شمشێر؟ 36 هەروەک نووسراوە: «لە پێناو تۆدا بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە. وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین!» 37 بەڵام لە هەموو ئەوانەشدا سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنین بەوەی کە خۆشی دەوێن. 38 چونکە من باوەڕم وایە نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستاو نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، 39 نە بەرزاییەکان و نە قووڵاییەکان و هیچ بەدیهێنراوێک ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان کاتەوە کە لە مەسیحی یەشوای پەروەردگارماندا هەمانە.