1 ئەی برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودایە بۆ ئەوان، کە ڕزگاریان بێت. 2 من شایەتی بۆ ئەوان دەدەم کە دڵگەرمیان بۆ خودا هەیە، بەڵام لەسەر بناغەی زانیاری نییە. 3 چونکە ئەوان لە ڕاستودروستی خودا بێ ئاگا بوون و هەوڵیان دەدا ڕاستودروستی خۆیان بسەلمێنن، ملکەچی ڕاستودروستی خودا نەبوون. 4 ئامانجی تەوڕات مەسیحە بۆ بێتاوان بونی هەموو ئەوانەی باوەڕیان هەیە. 5 موشە لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی کە لە تەوڕاتدا دێتە ئاراوە نووسیویەتی: «هەر مرۆڤێک کار بەمانە بکات، ئەوە پێی دەژی». 6 بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی کە لە باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت ئەمە دەڵێت: «لە دڵتدا مەڵێ: کێ بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە؟» (واتە با مەسیح دابەزێت)، 7 نەخێر: «کێ دادەبەزێت بۆ قووڵایی؟» واتا بۆ ئەوەی مەسیح لە مردن هەستێتەوە! 8 کەواتە چی دەفەرموێت؟ دەفەرموێت: «وشەکە لێت نزیکە. لە دەم و لە دڵتدایە!» وە ئەو وشەیە هیچ نییە جگە لە وشەی باوەڕ کە ئێمە موژدەی پێدەدەین: 9 ئەگەر بە دەمت دان بەوەدا بنێیت یەشوا پەروەردگارە، و لە دڵتدا باوەڕت بەوە هەبێت کە خودا لە نێو مردوواندا هەڵیساندەوە، ئەوە ڕزگارت دەبێت. 10 چونکە بە دڵ باوەڕهێنان دەبێتە هۆی ڕاستودروستی، و بە دەم دانپێدانان دەبێتە هۆی ڕزگاربوون، 11 چونکە پەرتوکەکە دەڵێت: «هەریەکێک باوەڕی پێی بهێنێت نا ئومێد نابێت». 12 جیاوازی یەهودی و یۆنانی نییە، چونکە هەمووان یەک پەروەردگاریان هەیە، دەوڵەمەندن ئەوانەی بانگی دەکەن. 13 «چونکە هەریەکێک بە ناوی پەروەردگاربانگی بکات ڕزگاری دەبێت». 14 بەڵام، چۆن بانگی دەکەن کە باوەڕتان پێی نەبێت؟ وە چۆن باوەڕ بەوە دەکەن کە نەتان بیستبێت؟ چۆن دەبیستن بەبێ مزگێنیدەر؟ 15 چۆن یەکێک مزگێنی دەدات ئەگەر پێشتر نەنێردرابێت؟ وەک نووسراوە: « چەند جوانە پێیەکانی مزگێنیدەران بە چاکە!» 16 بەڵام هەموویان گوێڕایەڵی مزگێنییەکە نەبوون. چونکە ئیشایا دەڵێت: «ئەی پەروەردگار! کێ باوەڕی بەو وشانە کرد کە بیستمان؟» 17 بۆیە باوەڕ دەرئەنجامی بیستنە، بیستنیش ئەوەیە مزگێنی بدەی بە وشەی مەسیح! 18 بەڵام من دەڵێم: ئایا ئەوان نەیانبیست؟ بەڵێ، چونکە مزگێنیدەرەکان «دەنگیان گەیشتە هەموو زەوی، و قسەکانیان دەگاتە ئەوپەڕی جیهان». 19 وە دەگەڕێمەوە دەڵێم: ئایا ئەوان لە یەسرائیل تێناگەن؟ موشە، یەکەمجار، دەڵێت: «وادەکەم ئیرەیی بەئەوانە ببەن کە نەتەوە نین، بەنەتەوەیەکی تێنەگەیشتوو توڕەتان دەکەم!» 20 وە ئیشایاش بەبوێریەوە دەڵێت: «ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان، دۆزیمیانەوە و بۆ ئەوانەی کە نەیانویستم دەرکەوتم». 21 بەڵام لەبارەی یەسرائیل دەڵێت: «بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و دژەبەر درێژ کردووە!»