1 وە لێرەدا دەڵێم: ئایا خودا گەلەکەی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! منیش یەسرائیلیم، لە نەوەی ئەڤراهامم و لە هۆزی بنیامین. 2 خودا گەلەکەی ڕەت نەکردەوە کە هەڵیبژاردبوو. ئایا نازانن پەرتوکەکە چی دەڵێت دەربارەی ئیلیا کاتێک سکاڵای لەسەر یەسرائیل بۆ خودا بەرزکردەوە و دەڵێت: 3 «ئەی پەروەردگار؟ پێغەمبەرەکانتیان کوشت، قوربانگاکەتیان وێران کرد، منیش بە تەنیا ماومەوە و بەدوای کوشتنمدا دەگەڕێن!» 4 بەڵام، وەڵامی خودام بۆ ئەو چی بوو؟ حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتەوە کە چۆکیان بۆ بەعل دانەداوە!» 5 کەواتە، لە سەردەمی ئێستادا، هێشتا پاشماوەیەک هەیە کە لەلایەن خوداوە بە بەخشش هەڵبژێردراون. 6 بەڵام بەو پێیەی ئەمە بە بەخشش بەدی هاتووە، ئیتر لەسەر بنەمای کاردارەکان نییە، ئەگینا بەخشش ئیتر بەخشش نییە. 7 کەواتە پوختەی قسەکە چییە؟ ئەوەی یەسرائیل بەدوایدا دەگەڕا، بەدەستیان نەهێنا، بەڵام هەڵبژێردراوان بەدەستیان هێنا، ئەوانەیتریش کوێر بوون، 8 بەگوێرەی ئەوەی نووسراوە: «گیانێکی تەمبەڵی پێبەخشین وچاوێک کە نابینێت و گوێیان کە نابیستێت، تەنانەت هەتا ئەمڕۆش». 9 بە هەمان شێوە داڤید دەڵێت: «با خوانەکانیان ببێتە داو و تەڵە، کۆسپ و سزا. 10 با بەر چاویان تاریک بێت تا نەبینن، پشتیان هەمیشە چەماوبێت!» 11 پاشان دەڵێم: ئایا ئەوان کەوتن تا جارێکیتر هەڵنەستنەوە؟ نەخێر! بەڵکو لە ڕێگەی کەوتنیانەوە ڕزگاری بۆ گەلان دابین کرا، ڕەنگە بەمە ئیرەیی بیانگرێت. 12 ئەگەر کەوتنیان بۆ جیهان دەوڵەمەندی بوبێت، وە زیانەکانیان بۆ نەتەوەکان دەوڵەمەندی بوبێت، ئەوا کامڵ بونیان چەندە زیاتر دەبوو؟ 13 چونکە من وەک نێردراو بۆ نەتەوەکان قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم و پەیامەکەم شکۆمەند دەکەم، 14 تاکو گەلەکەم بۆ ئیرەیی بوروژێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم. 15 ئەگەر دوورکەوتنەوەیان دەرفەتێکە بۆ ئاشتبوونەوەی جیهان، ئەوا پەسەندکردنیان چییە جگە لە ژیانەوە لە نێو مردووان؟ 16 وە ئەگەر پارچەی یەکەمی هەویرەکە پیرۆز بێت؛ ئەوا هەموو هەویرەکە پیرۆزە، وە ئەگەر ڕەگی درەختەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش پیرۆزن. 17 کەواتە ئەگەر هەندێک لە لقەکانی زەیتون بڕدران، ئەوا تۆیان لە زەیتونە خۆڕسکەکە هێناو موتربەیان کردی، لە ڕەگ و خۆراکی زەیتوونەکە بەژدار بوویت 18 شانازی بە سەر لقەکانیترەوە مەکە. وە ئەگەر شانازی بکەیت، ئەوە تۆ نیت کە ڕەگەکەت هەڵگرتووە، بەڵکو ڕەگەکەیە تۆی هەڵگرتووە. 19 لەوانەیە بڵێیت: «ئەو لقانە بڕدراون بۆ ئەوەی من موتربە بکرێم» 20 ڕاستە! ئەو بەهۆی بێ باوەڕیەوە بڕاوە، تۆش بەهۆی باوەڕەوە موتوربە کراویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە 21 چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە. 22 کەواتە میهرەبانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: سەبارەت بە توندییەکەی، بۆ ئەوانەیە کە کەوتوون؛ میهرەبانی خودا بۆ تۆیە تا ئەو کاتەی کە بەردەوامیت لە میهرەبانیدا. وە ئەگەر تۆ خۆڕاگر نەبیت، تۆش دەبڕێیەوە. 23 ئەوانیش ئەگەر لە بێ باوەڕیدا بەردەوام نەبن، موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا توانای ئەوەی هەیە موتوربەیان بکاتەوە. 24 ئەگەر لە دار زەیتوونێکی خۆڕسک بڕابوویتەوە، و بە پێچەوانەی نەریتی دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرابیت، ئەوانە کە لە لقە ڕەسەنەکەن، چەندە زیاتر لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن. 25 چونکە برایان، نامەوێت ئەم نهێنییەتان لێ بشاردرێتەوە، نەک لەبەرچاوی خۆتان دانا بن، کە یەسرائیل بەشێکی کوێر بووە تا هاتنە ناوەوەی تەواوی نەتەوەکان. 26 بەم شێوەیە هەموو یەسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە: «ڕزگارکەر لە سەهیۆنەوە دێت، خوانەناسی لە یاکۆڤ دووردەخاتەوە. 27 ئەوەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم». 28 تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە مزگێنیەکەوە هەیە، ئەوان دوژمنی ئێوەن لە پێناوی خودا. سەبارەت بە هەڵبژاردنی خودایی، ئەوان بە بۆنەی باووباپیرانەوە خۆشەویستن. 29 چونکە خودا پاشگەزنابێتەوە لە بەخشین و بانگهێشتکردنەکەی. 30 ڕاستییەکە ئەوەیە وەک چۆن ئێوە لە ڕابردوودا سەرپێچی خوداتان کرد، بەڵام ئێستا لە ئەنجامی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان بەزەییتان وەرگرتووە، 31 ئێستا ئەوان کە گوێڕایەڵی خودا نین . ئەوانیش بەزەییان وەرگرت، بەهۆی ئەو بەزەییەی ئێوە وەرتان گرت. 32 خودا هەمووانی پێکەوە زیندانی کرد لە بێ گوێرایەڵیدا تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە. 33 سامان و دانایی و زانستی خودا چەند قووڵە! بڕیارەکانی چەندە دوورن لە پشکنین و ڕێگاکانی پەی پێ نەبراون! 34 «چونکە کێ بیری پەرەوردگاری زانی؟ یان کێ ڕاوێژکاری بووە؟ 35 کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو بۆی بگەڕێنێتەوە؟» 36 چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین!