بەشی١٢

1 بۆیە برایان، لە بەر بەزەیی خودا لێتان دەپاڕێمەوە، جەستەتان وەک قوربانیەکی زیندوو پێشکەشی بکەن، کە لەلای ئەو پەسەندکراوە، کە ئەوەش پەرستنی ژیرمەندانەتانە. 2 شێوەی جیهان وەرمەگرن، بەڵکو بە نوێکردنەوەی بیرکردنەوەتان بگۆڕێن، تا بزانن خواستی چاک و پەسەندکراوی تەواوەتی خودا چییە. 3 چونکە بەو بەخششەی کە پێم دراوە ، فەرمان بە هەریەکێکتان دەکەم کە بەهای خۆیان بەرزتر نەکەنەوە لەوەی شایەنیەتی، بەڵکو لە بیرکردنەوەیاندا هۆشیار بن، بەپێی ئەو باوەڕەی کە خودا بەسەر هەریەکێکتاندا دابەشی کردووە. 4 وەک چۆن لە یەک جەستەدا ئەندامی زۆرمان هەیە، بەڵام هەموو ئەم ئەندامانە یەک ئەرکیان نییە، 5 بە هەمان شێوە ئێمەش کە زۆرین، لە مەسیحدا یەک جەستەین و هەموومان ئەندامی یەکترین. 6 بەڵام، ئەو بەهرانەی کە بە پێی بەخشش پێماندراوە، (با بەکاری بهێنین): ئەوەی پێشبینی پێدراوە، با پێشبینی بکا بە پێی ئەو باوەڕەی کە هەیەتی؛ 7 ئەوەی بەهرەی خزمەتکردنی هەیە، با خەریکی خزمەتکردن بێت؛ یان فێرکردن، با فێربکات؛ 8 یان وتاردان، با وتاربدات؛ یان بەخشین، با بە بەخشندەیی ببەخشێت؛ یان ڕابەرایەتی، با بە پەرۆشەوە ڕابەرایەتی بکات؛ یان پیشاندانی بەزەیی، با بە خۆشحاڵیەوە بەبەزیی بێت. 9 با خۆشەویستیتان بێ دووڕوویی بێت. دوور بکەونەوە لە خراپە، بە چاکەوە بچەسپێن. 10 بە خۆشەویستی برایانە یەکتریتان خۆش بوێت، بەڕێزەوە یەکتریتان پێ باشتربێت. 11 لە تێکۆشانتان سست مەبن، بەڵکو لەگیان دڵ گەرمبن، خزمەتکاری پەروەردگاربن، 12 لە هیوادا شاد بن، لە تەنگانەدا ئارام بن، چەسپاو بن لە نزاکردندا، 13 هاوکاربن لە دابین کردنی پێداویستی پیرۆزکراوان، و بەردەوام بن لە پێشوازی کردنی نامۆکان. 14 چەوسێنەرانتان بەرەکەت داربکەن. بەرەکەتداری بکەن و نەفرەت مەکەن! 15 شاد بن لە گەڵ ئەوانەی دڵخۆشن، بگرین لەگەڵ ئەوانەی دەگرین. 16 لەگەڵ یەکتردا تەبابن، گرینگی بە پایەبەرزی مەدە، بەڵکو هاوسەنگ بن لەگەڵ ئەوانەی کە پێگەیان نزمە، خۆتان بەدانا دامەنێن. 17 وەڵامی هیچ خراپەیەک بە خراپە مەدەرەوە، بەڵکو تێبکۆشە ئەوەی چاکە لەبەردەم هەموو خەڵکیدا پێشکەشی بکەیت. 18 ئەگەر دەکرێت، تا ئەوەی کە پەیوەندی بە ئێوەوە هەیە، لەگەڵ هەموو خەڵکیدا بە ئاشتی بژین. 19 خۆشەویستان خۆتان تۆڵە مەکەنەوە، بەڵکو توڕەیی خۆتان بۆ خودا جێبهێڵن، چونکە نووسراوە: «تۆڵەکردنەوە هی منە، منم سزا دەدەم، پەروەردگار دەفەرموێت». 20 بەڵکو «ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو، خواردنی پێ بدە، ئەگەر تینوی بوو، ئاوی پێبدە. بەم کارە پشکۆ لەسەر سەری کۆدەکەیتەوە». 21 مەهێڵە خراپە بەسەرتدا زاڵ بێت، بەڵکو بە چاکە بەسەر خراپەدا زاڵ ببە.