بەشی١٣

1 لەسەر هەموو کەسێکە ملکەچی دەسەڵاتی دادوەری بێت. هیچ دەسەڵاتێک نییە لە خوداوە نەبێت، ئەو دەسەڵاتانەی هەن لەلایەن خوداوە ڕێک دەخرێن. 2 تەنانەت ئەوانەی بەرەنگاری دەسەڵات دەبنەوە، بەرەنگاری ڕێکخستنی خودا دەبنەوەو ئەوانەی بەرەنگاری دەبنەوە سزا بەسەر خۆیاندا دەهێنن. 3 دادوەران لە چاکەکاران ناترسن، بەڵکو لە خراپەکار. کەواتە دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ ئەوەی چاکە بیکە، ستایش دەکرێیت، 4 چونکە خزمەتکاری خودایە بۆ تۆ لە پێناو چاکە و باشە بەڵام ئەگەر خراپەت کرد، بترسە، چونکە دەسەڵات شمشێر لە خۆڕا هەڵناگرێت، ئەوەی خزمەتکاری خودایە، هەرئەوەیە کە تۆڵەی توڕەیی خۆی دەکاتەوە لە خراپەکاران. 5 بۆیە پێویستە ملکەچ بن ، نەک تەنها بۆ ئەوەی لە توڕەیی دوور بکەونەوە، بەڵکو بۆ لەبەر چاوگرتنی ویژدانیشتان. 6 هەر لەبەر ئەو هۆکارە ئێوە باج دەدەن، چونکە پیاوی دەسەڵاتدارەکان خزمەتکاری خودان کە خۆیان بۆ ئەم کارە تەرخان کردووە. 7 کەواتە مافی هەمووان بدەن: باج بۆ خاوەن باج، سەرانە بۆ خاوەن سەرانە و ڕێز بۆ خاوەنی ڕێز. 8 با قەرزاری کەس نەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، ڕاسپاردەی تەوراتی تەواو کردووە، 9 ڕاسپاردەکە ئەوەیە « داوێنپیسی مەکە، مەکوژە، دزی مەکە، شایەتی درۆ مەدە، هەوەسباز مەبە»، ڕاسپاردەکانیتر پوختەی ئەو وشەیە: «نزیکەکەت وەک خۆت خۆش بوێت!» 10 خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیکەکەی ناکات. بەم جۆرە خۆشەویستی تەواوکردنی هەموو تەوڕاتە. 11 جگە لەوەش ئێوە کاتەکە دەزانن و ئێستا ئەو کاتەیە کە دەبێت لە خەو بەئاگا بێن. ئێستا ڕزگاریمان لێ نزیکترە لەو ڕۆژەی کە باوەڕمان هێنا: 12 شەو خەریکە تەواو دەبێ و ڕۆژ خەریکە هەڵدێت. با کارەکانی تاریکی فڕێ بدەین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین. 13 لەو ڕۆژدا، با بەشێوەیەکی گونجاو هەڵسوکەوت بکەین: نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشیدا، نەک لە خراپەکاری و بەدڕەوشتیدا، نەک لە شەڕ و ئیرەییدا. 14 بەڵکو یەشوای مەسیحی پەروەردگار لەبەر بکەن و سەرقاڵ مەبن بە پلاندانان بۆ جەستە و بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی.