بەشی٦

1 کەواتە چی دەڵێین؟ ئایا بەردەوامبین لە گوناهەکردن تا بەخشش زۆر بێت؟ 2 نەخێر! ئێمە مردین سەبارەت بەگوناهە، ئیتر بۆچی تێیدا بژین؟ 3 یان لێتان شاردراوەتەوە کە ئێمە هەموومان، بە لە ئاوهەڵکێشانمان لەگەڵ مەسیحی یەشوا یەکمانگرت، بە لە ئاوهەڵکێشانەکەمان یەکمانگرت لە مردنەکەیدا؟ 4 بە هۆی ئەوەوە ئێمە بە لەئاو هەڵکێشان بۆ مردن لەگەڵیدا نێژراین، هەر وەک چۆن مەسیح بە شکۆمەندی باوک لە مردن هەستایەوە، بە هەمان شێوە ئێمەش لە ژیانێکی نوێدا بژین. 5 مادام ئێمە لە مردنێکی هاوشێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرت، لە هەستانەوەشی لەگەڵیدا یەکدەگرین. 6 ئێمە ئەوە دەزانین: مرۆڤە کۆنەکە تیاماندا لەگەڵی لە خاچ دراوە، بۆ ئەوەی جەستەی گوناهبارمان لەناوبچێت، تاکو چیتر بە کۆیلەی گوناهە نەمێنینەوە. 7 چونکە ئەوەی بمرێت، لە گوناهە ئازاد دەبێت. 8 مادام لەگەڵ مەسیح مردین، باوەڕمان وایە کە لەگەڵیدا دەژین، 9 چونکە دڵنیاین کە مەسیح لە مردن هەستاوەتەوە، بۆ جاری دووەم نامرێت، بۆیە لەمەودوا مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. 10 چونکە یەکجار لە پێناو گوناهەدا مرد؛ بە ژیانی، بۆ خودا دەژی. 11 بە هەمان شێوە ئێوەش خۆتان بە مردوو دابنێن سەبارەت بە گوناهه و زیندوو بۆ خودا لە یەشوای مەسیحدا. 12 بۆیە، مەهێڵن گوناهه دەست بەسەر جەستەی لەناو چووتان بگرێت بە ئارەزووی خۆی بەڕێوەتان ببات. 13 ئەندامەکانتان وەک چەکێک پیشکەشی گوناهە مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەش بە خودا بکەن وەک هەستاوەی نێو مردووان، با ئەندامەکانتان بۆ خودا چەکی ڕاستودروستیبێت. 14 باگوناهه بەسەرتاندا زاڵ نەبێت، چونکە ملکەچی تەوڕات نین، بەڵکو بەخشش. 15 ئێستا چی؟ ئایا گوناهه بکەین چونکە ملکەچی تەوڕات نین بەڵکو بەخشش؟ نەخێرا! 16 ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی یەکێک دەکەن، دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی: جا بۆ گوناهە کە بەرەو مردنە، یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستیە؟ 17 بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئێوە پێشتر کۆیلەی گوناهە بوون، لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردراوە. 18 ئێستاش، لە گوناهە ئازاد بوون، بوونە خزمەتکاری ڕاستودروستی. 19 وەک مرۆڤ لەبەر لاوازی جەستەتان قسە دەکەم. وەک چۆن پێشوتر ئەندامەکانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە پێشکەشی خراپە کرد، ئێستاش ئەندامەکانتان وەک کۆیلەی ڕاستودروستی لە خزمەتی پیرۆزیدا پێشکەش بکەن. 20 چونکە کاتێک کۆیلەی گوناهە بوون، سەبارەت بە ڕاستودروستی ئازاد بوون. 21 بەڵام لەو کاتەدا چیتان بەرهەم هێنا جگە لەو شتانەی کە ئێستا پێی شەرمەزارن، ئەنجامیان جگە لە مردن هیچی تر نییە؟ 22 بەڵام ئێستا، کە لە گوناهه ئازاد بوون و بوونە خزمەتکاری خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزییە، کە چارەنووسەکەی ژیانی هەتاهەتاییە. 23 چونکە کرێی گوناهه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە لە مەسیحی یەشوای پەروەردگارماندا.