1 لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەسەر بناغەی باوەڕ بێتاوان بووین، لەگەڵ خودا ئاشت بووینەوە بە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح. 2 هەروەها بەو باوەڕەوە چووینە ناو ئەو بەخششە کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین؛ ئێمە شانازی بەو هیوایە دەکەین و چێژ دەبینین بە شکۆمەندی خودا. 3 نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەناو تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە خۆڕاگری بەرهەم دەهێنێت، 4 خۆڕاگری وامان لێ دەکات سەرکەوتوو بین لە تاقیکردنەوە، سەرکەوتنیش هیوامان پێدەبەخشێت، 5 هیواش بێ ئومێدمان ناکات، چونکە خودا خۆشەویستی خۆی ڕژاندە ناو دڵمانەوە بە گیانە پیرۆزەکە کە پێی بەخشین. 6 کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا بۆ سەرپێچی کاران مرد. 7 ئەستەمە یەکێک لە پێناو یەکێکی ڕاستودروست بمرێت، بەڵکو ڕەنگە یەکێک بوێری ئەوەی هەبێت لە پێناو یەکێکی چاک بمرێت. 8 بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ ئێمە سەلماند، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا گوناهبار بووین، 9 مەسیح لە جیاتی ئێمە مرد. ئێستا بە خوێنی ئەو بێتاوانکراین، وە چەندە زیاتر بەئەو ڕزگارمان دەبێت لەو تووڕەییەی کە لە داهاتودا دێت! 10 لە پێشتر، ئێمە دوژمن بووین، بە مردنی ڕۆڵەکە لەگەڵ خودا ئاشت بوینەوە، چەندە زیاتر بە ژیانی ئەو ڕزگارمان دەبێت دوای ئەوەی ئاشت بووینەوە! 11 تەنها ئەوە نا، بەڵکو شانازی بە خوداوە دەکەین، بە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، کە ئێستا بە ئەو ئاشتەواییمان بە دەست هێناوە. 12 لەبەر ئەمە، وەک چۆن گوناهە لە ڕێگەی یەک مرۆڤەوە هاتە ناو جیهان، و بە هاتنە ناوەوەی گوناهە مردنیش هاتە ناوەوە، بە هەمان شێوە مردن بۆ هەموو مرۆڤەکان هات، چونکە هەموویان گوناهەیان کرد. 13 گوناهه پێش هاتنی تەوڕات لە جیهاندا بەربڵاو بوو. بەڵام گوناهە تۆمار نەدەکرا، چونکە تەوڕات بوونی نەبوو. 14 بەڵام مردن، لە ئادەمەوە تا موشە فەرمانڕەوایی کردووە، تەنانەت بەسەر ئەو کەسانەی کە گوناهێکی هاوشێوەی سەرپێچی ئادەمیان نەکردووە، ئەوەش هێمای ئەو کەسانەیە کە لە پاش ئەو دێن. 15 بەڵام کاریگەری سەرپێچی وەک کاریگەری بەخششەکە نییە! چونکە ئەگەر زۆر کەس بەهۆی سەرپێچی یەک مرۆڤەوە مردن، بەڵام چەندە زیاتر لە ڕێگەی یەک مرۆڤەوە کە یەشوای مەسیحە بەخششی خودا بەخشرا بەبێ بەرامبەر. 16 پاشان کاریگەری گوناهی یەکێک وەک کاریگەری دیارییەکە نییە! تاوانبارکردن لە ئەنجامی یەک سەرپێچیدا دەبێتە هۆی لێپرسینەوە. سەبارەت بە کاری بەخشش، لە سەرپێچی زۆرەوە بێتاوانی هێنایە کایەوە. 17 مادام مردن بە سەرپێچی یەک مرۆڤ فەرمانڕەوایی کرد، چەندە زیاتر بە یەک یەشوای مەسیح کە فەرمانڕەوایی ژیان دەکات، بۆ ئەوانەی بەخششێکی زۆری ڕاستودروستی بێبەرامبەر بەدیاری وەردەگرن. 18 بۆیە وەک چۆن سەرپێچییەک سزای بۆ هەموو مرۆڤەکان هێنا، بە هەمان شێوە یەک ڕاستودروستی بێتاوانی دەهێنێت کە دەبێتە هۆی ژیان بۆ هەموو مرۆڤەکان. 19 هەر بەهەمان شێوە بە سەرپێچی یەکێک زۆر کەس گوناهبار کران، بە هەمان شێوە بە گوێڕایەڵی یەکێک زۆر کەس بێتاوان دەکرێن. 20 تەوڕات بۆ دەرخستنی زۆریی سەرپێچی هاتە ئاراوە. بەڵام، لەو شوێنانەی کە گوناهە زۆرە، بەخشش زۆر زیاترە، 21 بەجۆرێک کە وەک چۆن گوناهه لە ڕێگەی مردنەوە فەرمانڕەوایی کرد، بە هەمان شێوە بەخشش فەرمانڕەوایی دەکات لەسەر بناغەی ڕاستودروستی، کە بەرەو ژیانی هەتاهەتایی دەچێت بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان.