1 ئێستا، چی بڵێین دەربارەی ئەڤراهام کە بە پێی جەستە باوکمانە؟ چی دۆزرایەوە؟ 2 ئەگەر ئەڤراهام لەسەر بناغەی کارەکانی بێتاوان بوایە، ئەوا مافی خۆی بوو شانازی بکات، بەڵام نەک لەبەردەمی خودا. 3 چونکە پەرتووک چی دەڵێت؟ «ئەڤراهام باوەڕی بە خودا هێنا ئەوەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا». 4 ئەوەی کار دەکات، کرێیەکەی بە بەخشش بۆ هەژمار ناکرێت، بەڵکو ئەوە مافی خۆیەتی. بەڵام ئەوەی کار ناکات 5 بەڵکو باوەڕی بە ئەو هەیە کە تاوانبار بێتاوان دەکات، باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ هەژمار دەکرێت. 6 هەروەک چۆن داڤید خۆزگە دەخوازێت بەو مرۆڤەی کە خودا بەبێ کردار بە ڕاستودروست هەژماری دەکات، کە دەڵێت: 7 «خۆزگە دەخوازرێت بە ئەوانەی گوناهەکانیان بەخشراوە. 8 خۆزگەدەخوازرێت بەو پیاوەی پەروەردگار گوناهەکانی هەژمارناکات!» 9 ئایا ئەو خۆزگە خواستنە تەنها بۆ ئەوانەیە کە خەتەنە کراون، یان بۆ ئەوانەشەکە خەتەنە نەکراون بەهەمان شێوە؟ ئێمە دەڵێین ئەڤراهام بەباوەڕ بێتاوانکرا. 10 ئەوەی لە چی کاتێکدا بۆ هەژمار کرا؟ دوای خەتەنەکردن یان پێش خەتەنەکردن؟ 11 پاشان ئەڤراهام نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، مۆر درا لە ڕاستودروستیەکەی کە بە باوەڕ بەدەستی هێنابوو لەو کاتەی خەتەنە نەکرابوو، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەو خەتەنە نەکراوانەش کە باوەڕیان هێناوە بە ڕاستودروستی بۆیان هەژمارکراوە، 12 وە باوکی ئەو خەتەنەکراوانەش کە پێشتر خەتەنە نەکرابوون، بەڵکو بە شوێن پێی ئەو باوەڕەدا بڕۆن کە ئەڤراهامی باوکمان هەیبوو لەو کاتەی هێشتا خەتەنە نەکرابوو. 13 جا ئەو بەڵێنەی بە ئەڤراهام و نەوەکەی درا کە ببنە میراتگری جیهان، لەسەر بناغەی ئەو ڕاستودروستیە بوو کە لە ڕێگای باوەڕەوە دێت، 14 ئەگەر خەڵکی بەهۆی تەوڕات میراتگر بوونایە، باوەڕ بێسود دەبوو و بەڵێنەکە دەشکێنرا. 15 چونکە تەوڕات توڕەیی لێدەکەوێتەوە؛ ئەگەر تەوڕات نەبوایە سەرپێچی ڕووی نەدەدا. 16 چونکە بەڵێنەکە لەسەر بناغەی باوەڕ بوو، تاکو بەبەخشش هەژمار بکرێت، ببێتە دڵنیایی بۆ هەموو نەوەکانی: بۆ ئەوانەش کە خاوەنی تەوڕات نین، ئەوانەی باوەڕەکەیان وەک ئەڤراهامە. چونکە باوکی هەموومانە، 17 وەک نووسراوە: «تۆم کردە باوکی زۆر لە نەتەوەکان.» (ئەو باوکی ئێمەیە) لە پێش چاوی ئەو خودایەی کە باوەڕی پێی هەبوو، کە مردووان زیندوو دەکاتەوە و ئەوەی هەموو شتێکی لە نەبوونەوە هێنایە بوون. 18 هەرچەندە بێ هیوابوو، بەڵام ئەڤراهام باوەڕی وابوو کە دەبێتە باوکی زۆر لە نەتەوەکان، بەگوێرەی ئەوەی پێی گوترابوو: «نەوەکەت بەو شێوەیە زۆر دەبێت». 19 باوەڕی لاواز نەبوو کە بینی جەستەی مردووە، کە نزیک بۆتەوە لە تەمەنی سەد ساڵی، و سارای هاوسەریشی بە هەمان شێوە منداڵدانی مردبوو؛ 20 بێباوەڕ نەبوو و گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێزبوو، بۆیە خودای شکۆمەند کرد. 21 بە تەواوی دڵنیابوو ئەوەی خودا بەڵێنی پێداوە، دەتوانێت بیکات؛ 22 بۆیه ئەوەشی بە ڕاستودروستی بۆ هەژمارکرا. 23 وەک نووسراوە ئەوەی بە ڕاستودروستی بۆ هەژمارکرا، تەنها لەبەر ئەو نا، 24 بەڵکو لە پێناوی ئێمەش، بۆ ئێمە وا هەژماردەکرێت کە باوەڕمان هێناوە، بەوەی یەشوای پەروەردگارمانی لە مردن هەستاندەوە 25 ئەوەی لەبەر گوناهەکانمان ڕادەستی مردن کرا و لە پێناو بێتاوانکردنمان هەستایەوە.