1 کەواتە، یەهودیەکان چییان زیاترە؟ یاخود سوودی خەتەنە کردن چییە؟ 2 لە هەموو لایەکەوە زۆرن، گرنگترینیان ئەوەیە کە وتەکانی خودا بەئەمانەت خراوەتە نێوان دەستیان. 3 کەواتە چی ڕوودەدات؟ ئەگەر هەندێکیان ناپاکییان لە ئەمانەتەکە کرد، ئایا ناپاکییان دڵسۆزی خودا پوچەڵ دەکاتەوە؟ 4 نەخێر! بەڵام تا خودا ڕاستگۆبێت و هەموو مرۆڤێک درۆزن، هەروەک چۆن نووسراوە: «ئەی خودایە، تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و سەرکەوتوو بیت کاتێک بڕیاردەدەیت». 5 بەڵام ئەگەر ناڕەوایی ئێمە ڕاستودروستی خودا دەربخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا نادادپەروەرە ئەگەر توڕەیەکەی دابەزێنێتە سەرمان؟ من لێرە بە تێڕوانینی مرۆڤ قسە دەکەم: 6 هەرگیز! ئەگینا، خودا چۆن جیهان تاوانبار دەکات؟ 7 بەڵام، ئەگەر درۆکانم ڕاستی خودا زیاتر دەربخات بۆ شکۆمەندی ئەو، ئیتر بۆچی تاوانبارم دەکەن وەک گوناهبارێک؟ 8 ئایا ئەوە بوختان نیە بۆمان دەکەن وەک چۆن درۆمان بە دەمەوە دەکرێت و گوایە ئێمە وامان گوتوە: «با خراپە بکەین تا چاکەی بەدواوە بێت؟». ئەوانە تاوانبارکرنیان دادپەروەرانەیە. 9 کەواتە چی؟ ئایا ئێمەی یەهودی باشترین؟ نەخێر بە هیچ شێوەیەک! ئێمە لە ڕابردوودا یەهودیەکان و یۆنانیەکانمان بەوە تاوانبار دەکرد کە هەموویان لە ژێر دەسەڵاتی گوناهەدان، 10 وەک ئەوەی نووسراوە: «هیچ یەکێک ڕاستودروست نییە، تەنانەت یەکێکیش. کەس لەوە ناگات. 11 یەکێک نییە بە دوای خودادا بگەڕێت. 12 هەموو خەڵک گومڕابوون، هەموویان بێسود بوون. یەکێک نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش. 13 قوڕگیان گۆڕی کراوەیە؛ زمانیان ئامرازی فێڵکردنە؛ لێوەکانیان ژەهری مارە کوشندەکان دەشارنەوە؛ 14 دەمیان پڕە لە نەفرەتی و تاڵی، 15 پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن؛ 16 وێرانەیی و نەهامەتی لە ڕێگایاندایە؛ 17 بەلام ڕێگای ئاشتیان نەدەزانی؛ 18 وە ترس لە خودا لەبەر چاو ناگرن». 19 ئێمە دەزانین کە هەرچی تەوڕات دەیڵێت ئاراستەی ئەوانە کراوە کە لەژێر دەسەڵاتی تەوڕاتن، بۆ ئەوەی هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوی خوداوە. 20 چونکە هیچ مرۆڤێک لەبەردەمیدا بەو کارانەی کە تەوڕات داوای دەکات بێتاوان نابێت. چونکە تەوڕات بۆ دەرخستنی گوناهەیە. 21 بەڵام ئێستا، ئەو ڕاستودروستییەی ڕاگەیاند کە خودا دەیبەخشێت، جیا لە تەوڕات، و شایەتی بۆدراوە لە تەوڕات و پێغەمبەرانەوە، 22 ئەو ڕاستودروستیە خودا دەیبەخشێت لەسەر بناغەی باوەڕە بە یەشوای مەسیح بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن. بەبێ جیاوازی، 23 لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد دەستەوەستان بون لە گەیشتن بەوەی خودا شکۆمەند بکەن. 24 ئەوان بەخۆڕایی بێتاوان کران، بە قوربانیەکەی یەشوای مەسیح. 25 ئەو قوربانییەی خودا پێشکەشی کرد، لە ڕێگەی باوەڕەوە، بە خوێنی خۆی. 26 تاکو سەر ڕاستی خودا بە دەرکەوێت کاتێک بە لێبوردەییە خوداییەکەی چاوپۆشی لەو گوناهانە کرد کە لە ڕابردودا ڕوویان دابوو، تاکو لە سەردەمی ئێستادا سەر ڕاستیەکەی بەدەرکەوێت: بۆیە بەدەرکەوت کە سەرڕاستە، ئەوانەش بێتاوان دەکرێن کە باوەڕ بە یەشوا دێنن. 27 کەواتە، کوا شانازیەکە؟ پووچەڵ کراوەتەوە! وە لەسەر چ بناغەیەک؟ لەسەر بناغەی کردار؟ نەخێر، بەڵکو لەسەر بناغەی باوەڕ، 28 چونکە گەیشتوینە ئەو ئەنجامەی کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەبێت، دوور لەو کارانەی کە لە تەوڕات داواکراون. 29 ئایا خودا تەنها خودای یەهودیەکانە؟ ئایا خودای نەتەوەکانیش نییە؟ بەڵێ، ئەو خودای نەتەوەکانیشە، 30 لەبەر ئەوەی خودا یەکە خەتەنە کراو و خەتەنە نەکراو لەسەر بناغەی باوەڕ بێتاوان دەکات. 31 کەواتە، ئایا ئێمە بە باوەڕ تەوڕات پووچەڵ دەکەینەوە؟ دوور بێت لێمان، بەڵکو ئێمە بەو تەوڕات پشتراست دەکەینەوە.