بەشی ٢

1 کەواتە، هیچ بیانوێکت نییە ئەی ئەو مرۆڤەی کە خەڵکی تاوانباردەکەی، ئینجا هەریەکێک بێت. خۆت تاوانباردەکەیت: چونکە تۆ بڕیار لەسەر هەمان ئەوکارانە دەدەیت کە خۆت دەیان کەیت. 2 بەڵام ئێمە دەزانین بڕیاری خودا ڕاستە، لەسەر ئەوانەی ئەم جۆرە کارانە دەکەن، ئەوە بە گوێرەی ڕاستیەکەیە. 3 ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە تاوانباردەکەیت کە ئەو جۆرە کارانە دەکەن خۆشت هەمان ئەو کارانە دەکەیت، پێت وایە لە لێپرسینەوەی خودا ڕزگارت دەبێت؟ 4 یان سووکایەتی بە پشودرێژی و دەوڵەمەندی و میهرەبانی و ئارامی و خۆڕاگرییەکەی دەکەیت و نازانیت بەزەیی خودا هانت دەدات بۆ پاشگەزبوونەوە لە گوناهە کردن؟ 5 بەڵام تۆ بەهۆی دڵڕەقیت و پاشگەزنەبوونەوەت، توڕەیی بۆ خۆت هەڵدەگریت بۆ ڕۆژی تووڕەیی، کە لەو ڕۆژەدا لێپرسینەوەی دادپەروەرانەی خودا ڕادەگەیەنرێت. 6 چونکە هەریەکێک بەگوێرەی کارەکانیان پاداشت دەداتەوە. 7 ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئەوانەیە کە بەدوای شکۆمەندی و ڕێز و نەمریدا دەگەڕێن لە سەر کاری چاکە بەردەوام دەبن؛ 8 وە تووڕەیی و ڕق بۆ ئەوانە دەبێت کە ڕەتیدەکەنەوە گوێڕایەڵی ڕاستی بن بەڵکو ملکەچی خراپەکاری دەبن. 9 بەڵام ناخۆشی و تەنگانە لەسەر دەروونی هەموو مرۆڤێکە کە خراپەکاری دەکات، یەکەم یەهودیەکان پاشان یۆنانیەکان؛ 10 شکۆمەندی و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو ئەوانەیە کەچاکە دەکەن یەکەم جار بۆ یەهودیەکان، پاشان بۆ یۆنانیەکان. 11 چونکە خودا لایەنگری ناکات. 12 هەموو ئەوانەی کە تەوڕاتیان نیە و گوناهە دەکەن، بە بێ تەوڕات لەناودەچن؛ هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی تەوڕاتدان گوناهە دەکەن، بە تەوڕات تاوانبار دەکرێن. 13 چونکە ئەوانەی تەوڕات دەبیستن لەبەردەم خودا بێتاوان نین؛ بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بەتەوڕات دەکەن. 14 کەواتە نەتەوەکان کە تەوڕاتیان نیە، کاتێک بە شێوەیەکی سروشتی ئەوەی لە تەوڕاتدا هەیە پەیڕەوی دەکەن، تەوڕاتێکن بۆخۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا کە تەوڕات هی ئەوان نییە. 15 ئەوانە کڕۆکی ئەو تەوڕاتە پیشان دەدەن کە لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدان و بیرکردنەوەکانیان لەناخیاندا شایەتی ئەوەن، هەندێک جار تۆمەتباریان دەکات، هەندێک جاریش بێ تاوانیان دەکات. 16 لەو ڕۆژەدا کە خودا بەگوێرەی مزگێنی من، لەسەر دەستی یەشوای مەسیح، بڕیار لەسەر نهێنییەکانی خەڵک دەدات. 17 بەڵام، تۆ ئەوەی خۆت بە یەهودی ناودەبەیت؛ پشت بەتەوڕات دەبەستیت؛ وە شانازی بە خوداوە دەکەیت؛ 18 بە گوێرەی ئەوەی لە تەورات فێربوویت ئەوە جیابکەرەوە کە باشترینە، 19 وە متمانەت بەخۆت هەیە کە تۆ ڕێبەری نابیناکان و ڕووناکیت بۆ ئەوانەی لە تاریکیدان، 20 و سەرکۆنەکەری نەزانانەکان، و مامۆستای منداڵانیت؛ تۆ لە تەوراتدا وێنەی زانیاری و ڕاستیەکەت هەیە؛ 21 کەواتە تۆ، ئەی ئەوەی خەڵکی فێر دەکەیت، بۆ خۆت فێر ناکەیت؟ تۆ کە ئامۆژگاری دەکەیت دزی مەکەن، خۆت دزی ناکەیت؟ 22 تۆ کە دەڵێی داوێنپیسی مەکەن، خۆت داوێنپیسی ناکەیت؟ تۆ کە بتەکان ڕەتدەکەیتەوە، پەرستگاکان تاڵان ناکەیت 23 تۆ ئەوەی کە شانازی بە تەوراتەوە دەکەیت، ئایا بە سەرپێچیکردنی تەوڕات سووکایەتی بە خودا ناکەیت؟ 24 چونکە «بە هۆی ئێوە لەناو نەتەوەکاندا کوفر بە ناوی خودا دەکرێت» هەروەک نووسراوە. 25 خەتەنەکردن ئەوکاتە سوودی دەبێت کە کار بە تەوڕات بکەیت. بەڵام ئەگەر سەرپێچی تەوڕات کرد، خەتەنەکردنت وەکو ئەوەیە کە خەتەنە نەکرابیت. 26 ئەگەر، خەتەنە نەکراوێک کار بە تەوڕات بکات، ئایا خەتەنە نەکراوییەکەی بە خەتەنەکراوی بۆ هەژمار ناکرێت؟ 27 ئەوەی کە بە سروشت خەتەنە نەکراوە، بەڵام تەوڕات پەیڕەو دەکات، تۆ تاوانبار دەکات کە پێچەوانەی تەوڕاتیت و لە کاتێکدا پەرتووک و خەتەنە کردنت هەیە. 28 ئەوەی بە ڕواڵەت یەهودی بێت ئەوە یەهودی نیە، ئەوەی بە رواڵەت بە گۆشت خەتەنە کراوە بە خەتەنەکراوی هەژمار ناکرێت. 29 بەڵکو یەهودی ئەوەیە لەناخەوە یەهودی بێت، خەتەنەکردن ئەوەیە کە بە دڵ و بە گیان خەتەنە کرابێت نەک بە پیت. ئەوە لەلایەن خەڵکەوە ستایشی بۆنایەت بەڵکو لە خوداوە!