بەشی ٩

1 پاشان پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن کە بە هێزەوە دێت.» 2 دوای شەش ڕۆژ، یەشوا پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنای لەگەڵ خۆی بە تەنها برد، بۆ سەر چیایەکی بەرز، لەوێ لەپێشیان شێوەی گۆڕدرا، 3 جلەکانی لە بەفر سپیتر بوون، چونکە هیچ سپیکەرەوەیەکی سەر زەوی نەیدەتوانی شتێک وەک ئەمە سپی بکاتەوە. 4 ئینجا ئیلیا و موشەیان بۆ دەرکەوت لەگەڵ یەشوادا گفتوگۆیان دەکرد. 5 ئینجا پەترۆ بە یەشوای گوت: « گەورەم، چەندە باشە بۆ ئێمە لێرە بمێنینەوە. با سێ چادرهەڵبدەین: یەکێکیان بۆ تۆ، یەکێکیان بۆ موشە، ئەویتریش بۆ ئیلیا!» 6 نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە ترس دایگرتبوون. 7 هەورێکیش هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە. گوێی لێ بگرن!» 8 کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد لە یەشوا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی. 9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، یەشوا رایسپاردن ئەوەی بینییان بە کەسی نەڵێن، هەتا ڕۆڵەی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10 ئەوانیش ڕاسپاردەکەیان ئەنجامدا، پاشان لەنێو خۆیاندا پرسیاریان لە یەکتر کرد «مانای هەستانەوە لە نێومردوان چیە؟» 11 جا پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت لە پێشدا ئیلیا بێت؟» 12 وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئیلیا دێت و هەموو شتێک چاک دەکاتەوە. هەروەها لە پەرتووکەکەدا هاتووە کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت ئازاری زۆر بچێژێت و بێ ڕێزی پێ بکرێت . 13 بەڵام پێتان دەڵێم: ئیلیا پێشترهات، و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک چۆن لەبارەی ئەو لە پەرتووکەکەدا هاتوە!» 14 کاتێک هاتنەوە لای قوتابییەکانی تر، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. 15 کە هەموو خەڵکەکە بینیان، سەرسام بوون بە پەلە سڵاویان لێکرد. 16 لێی پرسین: «لەسەر چی دەمەقاڵەیان لەگەڵ دەکەن؟» 17 یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە و گوتی : «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات گیانێکی لاڵی تێدایە، 18 هەر کاتێک دەستی بەسەردا دەگرێت، دەکەوێتە سەر زەوی دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، نەیانتوانی». 19 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «ئەی نەوەی بێباوەڕ! هەتا کەی لەگەڵتان بمێنمەوە؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام!» 20 ئەوانیش هێنایانە لای. کە گیانە پیسەکە یەشوای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزا و کەف لە دەمیەوە دەهات. 21 لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟» وەڵامی دایەوە: « لە کاتی منداڵیەوە. 22 زۆرجار فڕێیداوەتە ناو ئاگر و ناو ئاو بۆ ئەوەی لەناوبچێت. ئەگەر دەتوانی هەرشتێکت هەیە، بۆیە بەزەییت پێماندا بێتەوە و یارمەتیمان بدە!» 23 یەشوا پێی فەرموو: «بەڵام ئەگەر توانیت باوەڕت هەبێت، بۆ باوەڕدار هەموو شتێک دەبێت!» 24 دەستبەجێ باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، باوەڕەکەم بە هێز بکە». 25 یەشواکە بینی خەریکە قەرەباڵغ دەبێت، لە گیانە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی گیانی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە وچیتر مەچۆرەوە ناوی!» 26 ئینجا گیانە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا، وپاشان هاتە دەرەوە. کوڕەکەش وەک ئەوەی مردبێت، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد!» 27 بەڵام کاتێک یەشوا دەستی گرت و هەڵیستاندوە، و ڕاوەستا. 28 کاتێک یەشوا چووە ناو ماڵەکە، قوتابییەکانی بە تەنیا لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی گیانە پیسەکە دەریبکەین؟» 29 پێی فەرموون: «ئەم جۆرانە دەرناکرێن تەنها بە نزا و ڕۆژوو نەبێت!» 30 لەوێش ڕۆیشتن و بە ناوچەی گەلیلیدا تێپەڕین، ئەویش نەیدەویست کەس لەبارەیەوە بزانێت، 31 یەشوا نەیویست کەس بزانێت، چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: « ڕۆڵەی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک، و دەیکوژن، دوای کوشتنی لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە ». 32 بەڵام ئەوان لە وتەکەی تێنەگەیشتن، و ترسان پرسیاری لێ بکەن. 33 ئینجا هاتنە کەفەرناخوم. کە گەیشتە ماڵەوە، لە قوتابییەکانی پرسی: «بۆچی لە ڕێگادا مشتومڕتان دەکرد؟» 34 بۆیە بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگادا مشتومڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە کامیان پایەبەرزترینە. 35 بۆیە دانیشت، و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەوەی دەیەوێت یەکەم بێت، با خۆی بکاتە دواهەمین و خزمەتکاری هەمووان بێت!» 36 پاشان کوڕێکی بچووکی برد و لە ناویاندا ڕایگرت، و لە باوەشی گرت، و پێی فەرموون: 37 «ئەوەی بە ناوی منەوە یەکێک لەم منداڵانە پەسەند بکات، ئەوە منی پەسەند کردوە. ئەوەی من پەسەند بکات، تەنها منی پەسەند نەکردوە، بەڵکو ئەوەی کە ناردوومی». 38 یۆخەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە گیانی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە شوێنمان ناکەوێت!» 39 یەشوا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن! کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات. 40 ئەوەی دژی ئێمە نییە لەگەڵمانە. 41 ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوتان بداتێ چونکە ئێوە هی مەسیحن، بەڕاستی پێتان دەڵێم پاداشتی ون نابێت! 42 ئەوەی بیەوێت ببێتە کۆسپ بۆئەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و بخرێتە ناو دەریاوە. 43 ئەگەر دەستت تەڵەیەک بوو بۆت، بیبڕە: بۆ تۆ باشترە بە دەستێکەوە بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخ، بۆ ناو ئاگرێکی نەکوژاوە 44 لەوێ کرمەکان نامرێت، و ئاگرەکە ناکوژێتەوە 45 ئەگەر پێت تەڵەیە بۆت، بیبڕە: باشترە بۆت بچیتە ژیانەوە بە پێی بڕاوەوە، لەوەی دوو پێت هەبێت و فڕێ بدرێتە دۆزەخەوە، بۆ ناو ئاگرێکی نەکوژاوە. 46 لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە. 47 ئەگەر چاوت تەڵە بوو بۆت، دەریبهێنە: باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو شانشینی خودا، لەوەی دوو چاوت هەبێت، فڕێ بدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. 48 لەوێ کرمەکانیان نامرێت، و ئاگرەکە ناکوژێتەوە. 49 هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت. 50 خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن دەتوانی تامەکەی بدەیتەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن!»