بەشی ١٠

1 پاشان ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت و هاتە دەوروبەری ناوچەی یەهودیا و ئەودیوی ڕووباری ئەردەن. دووبارە خەڵک لێی کۆبوونەوە ئەویش وەک نەریتی خۆی دەستی کرد بە فێرکردنیان. 2 هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟» 3 وەڵامی دانەوە پرسیاری لێ کردن: 4 «موشە بە چی رایسپاردوون؟» گوتیان: «موشە ڕێی داوە پیاو تەڵاقنامە بنووسێت و ژنەکەی تەڵاق بدات». 5 یەشوا وەڵامی دایەوە: «بەهۆی دڵ ڕەقیتانەوە موشە ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین. 6 بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە خودا مرۆڤی بە نێر و مێ بەدیهێنا. 7 بۆیە پیاو باوک و دایکی بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ ژنەکەیدا یەکدەگرێت، 8 کەواتە هەردووکیان دەبنە یەک جەستە. ئیتر دوو کەس نین بەڵکو یەک جەستەن. 9 ئەوەی خودا بەیەکی گەیاندوون با مرۆڤ جیای نەکاتەوە». 10 وە لە ماڵەوە، قوتابییەکان دیسان سەبارەت بەو بابەتە پرسیاریان لێکرد . 11 پێی فەرموون: « ئەوەی کە ژنەکەی تەڵاق بدات، و یەکێکی تر بهێنێت ئەوا داوێنپیسی لەگەڵ دەکات. 12 ئەگەر ژن لە مێردەکەی تەڵاق وەربگرێت و مێرد بە یەکێکی تر بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات!» 13 هەندێکیان منداڵی بچووکیان بۆ هێنا تا دەستیان لێبدات. بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن. 14 کە یەشوا ئەمەی بینی، تووڕە بوو پێی فەرموون: «با منداڵە بچووکەکان بێنە لام ، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە! 15 بەڕاستی پێتان دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێکی بچووک شانشینی خودا وەرنەگرێت، هەرگیز ناچێتە ناویەوە!» 16 پاشان منداڵەکانی لە باوەش گرت و دەستی لەسەریان دانا و بەرەکەتداری کردن. 17 کاتێک خەریک بوو دەڕۆیشت، پیاوێک بە پەلە بەرەو ڕووی هات کڕنۆشی بۆ برد و لێی پرسی: « ئەی مامۆستای چاک، چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟» 18 یەشوا پێی فەرموو: «بۆچی بە چاک ناوم دەبەیت؟ تەنها یەک کەس چاکە، وئەویش خودایە. 19 تۆ ڕاسپاردەکان دەزانیت: مەکوژە؛ داوێنپیسی مەکە؛ دزی مەکە؛ شایەتی درۆ مەدە؛ ستەم مەکە؛ ڕێز لە باوکت و دایکت بگرە!» 20 ئینجا وەڵامی دایەوە و گوتی: « لە منداڵییەوە هەموو ئەم کارانەم ئەنجام داوە» 21 یەشوا سەیری کرد و خۆشیویست، پێی فەرموو: «شتێکت کەمە: بڕۆ، هەموو ئەوەی هەتە بیفرۆشە، و بیدە بە هەژاران، بەمە گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت، ئینجا وەرە شوێنم بکەوە». 22 بەم قسەیە غەمبار بوو بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو. 23 یەشوا سەیری دەوروپشتی کرد و بە قوتابییەکانی فەرموو: «زۆرقورسە بۆ دەوڵەمەندان بچنە ناو شانشینی خودا!» 24 قوتابییەکان لە قسەکانی سەرسام بوون. بەڵام یەشوا دیسان پێی فەرموون: «ڕۆڵەکانم، چەندە قورسە بۆ ئەوانەی پشت بە پارە دەبەستن بچنە ناو شانشینی خوداوە! 25 ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزیدا تێپەڕێت، لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە». 26 جا زۆر سەرسام بوون، و بە یەکتریان گوت: «کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» 27 یەشوا سەیری کردن و فەرمووی: «لەلای مرۆڤەکان ئەمە ئاستەمە، بەڵام لای خودا نا. چونکە هەموو شتێک لەلای خودا دەبێت!» 28 پەترۆ گوتی: «ئەوەتا ئێمە هەموو شتێکمان بەجێهێشت و شوێنت کەوتین.» 29 یەشوا وەڵامی دانەوە : «ڕاستیتان پێ دەڵێم: کەس نییە لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ماڵ وبرا و خوشک و دایک و باوک و منداڵ یان کێڵگەی بەجێ هێشتبێت، 30 ئێستا لەم سەردەمە سەد هێندە وەرنەگرێتەوە، لە ماڵ وبرا وخوشک ودایک ومنداڵ و کێڵگە لەگەڵ پاداشی چەوسانەوەکەی، وە لە ڕۆژی کۆتایی ژیانی هەتاهەتایی پێدەدرێت. 31 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین، و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین!» 32 لە ڕێگاوە سەردەکەوتن بەرەو یۆرشەلایم ، یەشوا پێشیان کەوتبوو، قوتابییەکانیش سەرسام ببوون، ئەوانەی شوێنی دەکەوتن دەترسان. جارێکیتر، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە، ئاگاداری کردنەوە لەوەی کە چی بەسەردێت، فەرمووی: 33 «ئەوەتا ئێمە بەرەو یۆرشەلایم سەردەکەوین، ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی سەرۆک کاهینەکان و زانایانی تەورات دەکرێت، ئینجا سزای مردنی دەدەن، دەیدەنە دەست نەتەوەکان، 34 گاڵتەی پێ دەکەن، و تفی لێدەکەن، و بە قامچی لێی دەدەن، و دەیکوژن. دوای سێ ڕۆژهەڵدەستێتەوە!» 35 یاکۆڤ و یۆخەنا کوڕەکانی زەڤدی، هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت داوای هەرچییەک دەکەین بۆمان بکەیت». 36 لێی پرسین: «ئارەزوی چیتان هەیە بۆتان بکەم؟» 37 وەڵامیان دایەوە: «رێگەمان بدە لە شکۆمەندییەکەتدا دابنیشین: یەکێک لە دەستی ڕاستت، یەکێک لە دەستی چەپت!» 38 یەشوا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن: ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە، یان دەتوانن خۆتان لەو ئازارانەدا نوقم بکەن کە من تێیاندا نوقم دەبم؟» 39 وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین!» یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، وە ئەو ئازارانەی کە من تێیاندا نوقم دەبم ئێوەش تێیاندا نوقم دەبن. 40 بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، ئەوە بۆ من نییە بیدەم تەنها بۆ ئەوانەی کە بۆیان ئامادە کراوە». 41 کاتێک دە قوتابییەکەی دیکە ئەمەیان بیست، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر یاکوڤ و یۆخەنا. 42 بەڵام یەشوا بانگی کردنە لای خۆی و پێی فەرموون: « دەزانن ئەوانەی بە فەرمانڕەوای نەتەوەکان دادەنرێن فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن، و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا دەسەپێنن. 43 با ئەمە لە نێوان ئێوەدا نەبێت، ئەوەی دەیەوێ لە نێوانتاندا مەزنترین بێت، با ببێتە خزمەتکارتان، 44 هەرکەسێک دەیەوێت یەکەمین بێت لە نێوانتاندا، با خزمەتکاری هەمووان بێت. 45 چونکە تەنانەت ڕۆڵەی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو هاتووە بۆ خزمەتکردن وبەخت کردنی خۆی لە پێناوی زۆرینەدا». 46 پاشان گەیشتنە یەریخۆ. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی، و خەڵکێکی زۆر لە یەریخۆ هاتنە دەرەوە، بارتیماوسی کوێر – کوڕی سیمائۆس، لە لای ڕێگاکە دانیشتبوو و سواڵی دەکرد. 47 کە بیستی ئەوە یەشوای ناسیرەییە، هاواری کرد: «یەشوا کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» 48 زۆر کەس سەرزەنشتیان کرد کە بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو زیاتر هاواری دەکرد: «ئەی کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێتەوە». 49 یەشوا ڕاوەستا و فەرمووی: «بانگی بکەن!» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «هەستە، و ورەت بەرز بێت! بانگت دەکات!» 50 ئیترهەستا و هاتە لای یەشوا و کەواکەی فڕێدا. 51 یەشوا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «گەورەم، دەمەوێ ببینم!» 52 یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە». دەستبەجێ بینی، و بە ڕێگادا دوای یەشوا کەوت.