بەشی ١١

1 هەر کە لە یۆرشەلایم نزیک بوونەوە، گەیشتنە گوندی بێت فاگە و گوندی بێت ئەنیا، لەلای چیای زەیتوون، یەشوا دووان لە قوتابییەکانی نارد، 2 پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، لەگەڵ چوونە ژوورەوەتان بۆ ئەوێ، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە: بیکەنەوە و بیهێننە ئێرە. 3 ئەگەر یەکێک پێی گوتن: بۆچی ئەم كارە دەکەن؟ بڵێن: پەروەردگارمان پێویستی پێیەتی، زوو دەینێرێت بۆ ئێرە». 4 کاتێک ڕۆیشتن، بینییان لەبەر دەرگای ماڵێک وا جاشکەکە لەسەر ڕێگاکە بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. 5 هەندێک لەوانەی لەوێ وەستابوون پێیان گوتن: «چی دەکەن؟ بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟» 6 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە وەک ئەوەی یەشوا پێی ڕاسپارد بوون ئیتر ڕێگەیاندان. 7 ئینجا جاشکەکەیان هێنایە لای یەشوا ، و جلەکانیان لەسەر دانا، ئەویش سواری بوو. 8 خەڵکێکی زۆریش جلەکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست و هەندێکی تریان بە لق و پۆپی دارەکان کە لە کێڵگەکان بڕیبوویان. 9 ئەوانەی لە پێشییەوە دەرۆشتن و ئەوانەش کە لە پشتیەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد: «هۆشیەنا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگارەوە دێت! 10 پیرۆزە شانشینی داڤیدی باوکمان کە دێت! هۆشیەنا لە بەرزتریندا!» 11 پاشان یەشوا چووە ناو یۆرشەلایم، تا هاتە ناو پەرستگا، تەماشای هەموو ئەو شتانەی دەکرد کە تێیدا دەگوزەرێت. کاتێک ئێوارە هات، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوو بۆ بێت‌ ئەنیا. 12 ڕۆژی دواتر، کە بێت‌ ئەنیا یان بەجێهێشت، برسی بوو. 13 دارهەنجیرێکی لە دوورەوە بینی گەڵای کردبوو، چووە لای بەو هیوایەی هەندێک بەروبوومی پێوە بێت. کە گەیشتە لای لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. 14 پێی فەرموو: «ئیترکەس لەبەروبوومت ناخوات لە ئێستاوە بۆهەتاهەتایە !» و قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو. 15 هاتنە یۆرشەلایم، یەشوا چووە ناو پەرستگا و ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون لە حەوشەی پەرستگا دەریکردن، مێزی پارەگۆڕەکان و کورسی ئەو کەسانەی کە کۆتریان دەفرۆشت هەڵیگێڕاندەوە. 16 هەروەها ڕێگەی نەدەدا کەس بە کەلوپەلەوە بەناو پەرستگاکەدا تێپەڕێت. 17 فێری کردن و دەیفەرموو: «وەک نووسراوە: ماڵەکەم بە ماڵی نزا ناودەبردرێت لەلایەن هەموو نەتەوەکانەوە؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە ئەشکەوتی دزەکان!» 18 سەرۆک کاهینەکان، و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن: چونکە لێی دەترسان، لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە سەریان سوڕمابوو لە فێرکارییەکانی. 19 کاتێک ئێوارە هات، چوونە دەرەوەی شار. 20 سبەی بەیانی زوو بەلایدا تێدەپەڕین، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. 21 پەترۆ بیری کەوتەوە و گوتی: «مامۆستا، سەیرکە! ئەو دارهەنجیرەی کە نەفرەتت لێکرد وشک بووەوە!» 22 یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «باوەڕتان بە خودا هەبێت! 23 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم شاخە بڵێ: هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە! و لە دڵیدا گومان ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە بێت کە دەیڵێت ڕوودەدات، ئەوەی دەیڵێت بۆی دەکرێت. 24 لەبەرئەوە پێتان دەڵێم: ئەوەی داوای دەکەیت و نزای بۆ دەکەیت، کەواتە باوەڕت بەوە هەبێت کە بەدەستت هێناوە، بۆت بەدی دێت. 25 کاتێک بۆ نزا کردن دەوەستن، ئەگەر شتێکتان هەیە بەرامبەر بە کەسێک لێی خۆشبن، بۆ ئەوەی باوکتان لە ئاسمانەکان لە تاوانەکانتان خۆش بێت. 26 بەڵام، ئەگەر ئێوە لێی خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە تاوانەکانتان خۆش نابێت». 27 پاشان جارێکی تر گەڕانەوە بۆ یۆرشەلایم. کاتێک لە پەرستگاکەدا دەگەڕا، کاهینانی باڵا، و مامۆستایانی تەورات، و پیران هاتنە لای، 28 لێیان پرسی: « بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارانە دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم کارانە بکەیت؟» 29 یەشوا وەلامی دانەوە و پێی فەرموون: «منیش دەربارەی شتێک پرسیارێکتان لێ دەکەم. وەڵامم بدەنەوە، پێتان دەڵێم، بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارانە دەکەم: 30 ئایا لەئاوهەڵکێشانی یۆخەنان لە ئاسمانەوە بوو یان لە خەڵکەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!» 31 بۆیە لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد، و گوتیان: «ئەگەر بڵێین: لە ئاسمانەوە بوو، دەڵێت: باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەبوو؟ 32 ئەگەریش بڵێین: لە خەڵکەوە بوو؟» ئەوان لە خەڵک دەترسان چونکە هەموویان یۆخەنانیان بە پێغەمبەرێکی ڕاستەقینە دەزانی. 33 ئینجا وەڵامی یەشوایان دایەوە: «نازانین!» یەشوا پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارانە دەکەم!»