بەشی ١٢

1 ئینجا بە نموونە قسەی لەگەڵ کردن وفەرمووی: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند، و شوێنێکی بەرزی بۆ چاودێری دروست کرد. پاشان باخەکەی بە ڕەزەوانان سپارد، و گەشتی کرد. 2 لە وەرزی خۆیدا ، خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد تاکو بەشی خۆی لە بەروبوومی ڕەزەکە وەربگرێت. 3 بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردیانەوە. 4 خزمەتکارێکی دیکەی بۆلایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند وسووکایەتیان پێکرد و ناردیانەوە. 5 یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت. 6 تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد، گوتی: ڕێز لە کوڕەکەم دەگرن! 7 بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ئەمە میراتگرەکەیە؛ وەرن با بیکوژین بۆ ئەوەی میراتەکە بەدەست بهێنین! 8 ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە. 9 کەواتە خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات، و ڕەزەکە ئەداتە کەسانی تر. 10 ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندۆتەوە: ئەو بەردەی بیناسازەکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە یەکەم بەردی بناغە. 11 ئەمە لە پەروەردگارەوە بوو، لە چاوی ئێمەشدا سەرسوڕهێنەرە!» 12 ئەوانیش هەوڵیان دا بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە تێگەیشتن کە مەبەستی نموونەکە لەوانە، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن. 13 پاشان هەندێک لە فەریسییەکان و ئەندامانی سەربە هیرۆدیان بۆ نارد، بۆ ئەوەی بە وشەیەک کە دەیلێت توشی بکەن. 14 هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت، وە لە کەس سڵ ناکەیت، چونکە تۆ پێگەی کەس لەبەرچاو ناگریت، بەڵکو ڕێگای خودایان بەڕاستی فێردەکەیت: ئایا دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نەیدەین؟» 15 بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم!» 16 دینارێکیان بۆهێنا، پرسیاری لێکردن: «ئەمە وێنە و نەخشی کێی لەسەرە؟» وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەر». 17 وەڵامی دانەوەو پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەن بە قەیسەر،ئەوەش هی خودایە بیدەنەوە بە خودا!» ئەوانیش سەرسام بوون. 18 هەندێک لە سەدوکیمەکان کە باوەڕیان بە زیندووبوونەوە نەبوو هاتنە لای، و لێیان پرسی و گوتیان: 19 «مامۆستا، موشە بۆی نووسین: ئەگەر برای کەسێک مرد و ژنەکەی دوای خۆی بەجێهێشت بە بێ ئەوەی منداڵی هەبێت، ئەوا براکەی دەبێت لەگەڵ براژنەکەی هاوسەر گیری بکات و نەوە بخاتەوە لەسەر ناوی براکەی. 20 حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە بێ ئەوەی منداڵی هەبێت مرد، 21 دووەم خواستییەوە وبەبێ ئەوەی هیچ نەوەیەک بخاتەوە مرد، سێهەمیش بە هەمان شێوە. 22 بەم شێوەیە هەر حەوتەکە بەبێ ئەوەی نەوەیان بخەنەوە هێنایان. وە دوای ئەوانیش، هەروەها ژنەکەش مرد. 23 لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا، کاتێک زیندوودەبنەوە، ژنەکە دەبێتە ژنی کامیان، چونکە ئەو ژنی هەرحەوتیان بووە؟» 24 یەشوایش وڵامی دانەوە پێی فەرموون: «ئایا پێتان وانیە لە تاریکیدان کە نە لە پەرتووکی پیرۆز و نە لە هێزی خودا تێناگەن؟ 25 وە کاتێک مرۆڤەکان لە مردن هەڵدەستێندرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک ئەو فریشتانە وان کە لە ئاسمانەکاندان. 26 بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، کەواتە ئەوەی لە پەڕتووکی موشەدا، لە باسی دەوەنەکە نەتانخوێندۆتەوە، خودا چۆن قسەی لەگەڵ کرد و پێی فەرموو: من خودای ئەڤراهام و خودای ئیتساخ و خودای یاکوڤم؟ 27 چونکە خودای مردووەکان نییە، بەڵکو خودای زیندووەکانە. کەواتە ئێوە لە تاریکیەکی مەزندان!» 28 یەکێک لە مامۆستایانی تەورات گوێی لە مشتومڕیان بوو هاتە لایان، بینی کە بە باشی وەڵامی داونەتەوە، بۆیە لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک گرنگتر لە هەموو ڕاسپاردەکانە؟» 29 یەشوا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ئەی یەسرائیل گوێ بگرن، پەروەردگاری خودامان یەک پەروەردگارە 30 کەواتە پەروەردگاری خودات بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتەوە خۆش بوێت. ئەمە ڕاسپاردەی یەکەمە. 31 لەدوای ئەویش ئەمەیە، نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت، هیچ ڕاسپاردەیەک گەورەتر لەمانە نییە». 32 مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە، مامۆستا! بەپێی ڕاستییەکە قسەت کردووە. کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. 33 خۆشت بوێت بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناتەوە، و خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، شایستەترە لە هەموو قوربانی سووتاندن و پێشکەش کراوێک!» 34 کاتێک یەشوا بینی کە بە ژیری وەڵامی داوەتەوە، پێی فەرموو: «تۆ لە شانشینی خودا دوور نیت!» دوای ئەوە کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی لێ بکات. 35 یەشوا لە کاتی وانەگوتنەوە لە پەرستگا قسەی کرد، و فەرمووی: «مامۆستاکان چۆن دەتوانن بڵێن مەسیح کوڕی داڤیدە؟ 36 داڤید خۆی بە گیانی پیرۆزگوتی: پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە ڕاستەم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت! 37 مادەم داڤید خۆی پێی بڵێت پەروەردگار ئیتر چۆن دەبێتە ڕۆڵەی؟» خەڵکەکە زۆربە خۆشحاڵیەوە گوێیان لێگرت. 38 لە فێرکارییەکانیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن کە حەز دەکەن بە جلی سەرنج راکێشەوە بگەڕێن، و پێیان خۆشە لە شوێنە گشتیەکان سڵاویان لێ بکەن، 39 و لە کەنیشتەکان لە ڕیزی پێشەوە دابنیشن، و لە ڕیزی یەکەمی ئاهەنگەکاندا بن. 40 ماڵی بێوەژنەکان دەخۆن، و بۆ خۆدەرخستن نزاکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەوانە سزای توند بەسەریاندا دەدرێت!» 41 یەشوا بەرامبەر گەنجینەی پەرستگا دانیشت، و سەیری کرد چۆن خەڵک پارە دەخەنە ناو گەنجینەکەوە. زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەیەکی زۆریان دەخستە ناوی. 42 پاشان بێوەژنێکی هەژارهاتوو دوو فلسی دانا. 43 قوتابییەکانی بانگ کرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتری خستە ناو گەنجینەکە: 44 چونکە هەمووان لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە سەرەڕای هەژارییەکەی هەرچی هەیبوو بەخشی!»