بەشی ١٣

1 کاتێک لە پەرستگاکە دەچووە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «ئەی مامۆستا، سەیری جوانی ئەم بەردانە و تەلارانە بکە!» 2 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت!» 3 کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنا و ئەندریا بە تەنها لێیان پرسی: 4 « پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن، هەروەها نیشانەکانی پێش ئەو ڕووداوانە چین؟» 5 یەشوا وەڵامی دانەوەو فەرمووی: «ئاگادار بن! با کەس گومڕاتان نەکات! 6 چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن، و دەڵێن ئەوین زۆر کەسیش گومڕا دەکەن. 7 بەڵام کاتێک گوێت لە شەڕ و دەنگۆی شەڕ دەبێت تووشی شڵەژان مەبن؛ چونکە دەبێت ئەمانە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. 8 نەتەوە لە نەتەوە، شانشین لە شانشین هەڵدەگەڕێنەوە، لە زۆر شوێن بوومەلەرزە ڕوودەدات،وەک چۆن برسێتی ڕوودەدات، بەڵام ئەمە دەستپێکی ژانەکانە. 9 ئاگاداری خۆتان بن، چونکە ڕادەستی دادگا و کەنیشتەکان دەکرێن، و لێتان دەدرێت لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان. 10 هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت. 11 کاتێک ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن لەوەی چی بڵێن: بەڵکو لەو کاتەدا چیتان بە سروش بۆ دێت بەوە دەدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن بەڵکو گیانی پیرۆزە. 12 برا برای خۆی بە دەستەوە دەدات بۆ مردن، باوکیش منداڵەکەی، منداڵەکانیش دژی دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 13 و لە پێناو ناوی مندا هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی تا کۆتایی بەرگە بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14 کاتێک قێزەونی وێرانکەر دەبینن لەو شوێنە وەستاوە کە نابێت لێی بێ، با خوێنەر تێبگات! ئینجا ئەوانەی لە ناوچەی یەهودیان با بەرەو شاخەکان هەڵێن؛ 15 هەرکەسێک لەسەربانە، با نەیەتە خوارەوە بۆ بردنی شتەکانی؛ 16 ئەوەی لە کێڵگەیە، با نەگەڕێتەوە بۆ بردنی جلەکانی. 17 هاوار بەوانەی لەو ڕۆژانەدا دووگیانن و شیردەرن! 18 کەواتە نزابکەن تاکو لە زستاندا ئەمە ڕوونەدات: 19 لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات کە هاوشێوەی ئەو لە سەرەتای پەیدابوونەوە کە خودا بەدیهێناوە تا ئێستا ڕووی نەداوە و ڕوونادات. 20 وە ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کورت نەکردایەتەوە، هیچ مرۆڤێک ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کورت کردۆتەوە. 21 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک هاتەلاتان و پێی گوتن: ئەوەتا مەسیحەکە لێرەیە! یان: ئەوەتا لەوێیە! باوەڕ مەکەن. 22 ئینجا زۆر دژە مەسیح و پێغەمبەری ساختە دەردەکەون، نیشانە مەزن و پەرجوو دەنوێنن، بەشێوەیێک ئەگەر بتوانن هەڵبژێردراوانیش، گومڕا دەکەن. 23 بەڵام ئاگاداربن! ئەوەتا هەموو شتێکم پێ ڕاگەیاندوون پێش ئەوەی ڕووبدات. 24 بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە، خۆر تاریک دەبێت و مانگ ڕووناکی خۆی دەشارێتەوە، 25 ئەستێرەکانی ئاسمانیش دەکەونە خوارەوە، وهێزی ئاسمانەکان دەهەژێن. 26 لەوکاتەدا دەبینن ڕۆڵەی مرۆڤ کەلە هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆمەندییەکی مەزنەوە دێت. 27 لەوکاتەدا فریشتەکانی دەنێرێت بو کۆکردنەوەی هەڵبژێردراوەکانی لە ئاراستەی چوار لایەکە، لەمسەری زەویەوە تا ئەوسەری ئاسمان. 28 لە دار هەنجیرەوە ئەم پەندە فێربە: کاتێک لقەکانی نەرم دەبن و گەڵاکانی گەشە دەکەن، دەزانن هاوین نزیکە. 29 بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە، و لە بەردەرگایە. 30 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە هەرگیز تێناپەڕێت تا هەموو ئەمانە ڕوو نەدات. 31 ئاسمان و زەوی تێدەپەڕن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن. 32 سەبارەت بەئەو ڕۆژە و کاتە کەس نایزانێت، تەنانەت فریشتەکانی ئاسمانیش و نە کوڕەکە، تەنیا باوک نەبێت. 33 ئاگاداربن و ئێشک بگرن چونکە نازانن چ کاتێک دێت! 34 وەک پیاوێکە گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێ هێشتبێت، و دەسەڵاتی دابێتە خزمەتکارەکانی هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت چاوەدێری بکات. 35 بۆیە چاوەرێ بن، چونکە نازانن کەی خاوەن ماڵەکە دەگەڕێتەوە: ئێوارە، یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی، 36 نەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت کە خەوتوون. 37 جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»