بەشی ١٤

1 جەژنی پەسخە و نانی فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات هێشتا هەوڵیان دەدا بە فێڵێک دەستگیری بکەن و بیکوژن. 2 ئەوانیش‌ گوتیان: «لە کاتی جەژندا نابێت، نەوەک ئاژاوە لەنێو خەڵکدا دروست بێت!» 3 لە کاتێکدا لە بێت ئەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنی گول پاڵی دابۆوە ، ژنێک بە شووشەیەکەوە هات کە بۆنێکی زۆر گرانبەهای تێدابوو و لە گوڵی بێگرد دروستکرابوو، شووشەکەی شکاند و بۆنەکەی بە سەریدا ڕشت. 4 هەندێکیان ناڕازی بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی لە بۆنەکەدا زیادە ڕەوی دەکات؟ 5 دەکرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە ، وپارەکەی بدرایە بە هەژاران.». جا لۆمەی ژنەکەیان کرد. 6 بەڵام یەشوا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن! بۆچی هەراسانی دەکەن؟ ئەوی کردی بۆ من کارێکی باش بوو. 7 هەژارەکان لە هەموو کاتێکدا لەگەڵتانن، هەرکاتێک بتانەوێت دەتوانن چاکەیان لەگەڵدا بکەن. بەڵام من بەردەوام لەگەڵتان نابم. 8 ئەوەی لە دەستی هات کردی. سەرەتا جەستەمی بۆن خۆش کرد وەک ئامادەکارییەک بۆ ناشتن. 9 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەو شوێنانەی کە مزگێنیەکەم لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەندرێت، یادی ئەوە دەکەن کە ئەم ژنە چی کردووە!» 10 پاشان یەهودای ئیسخاریۆتی، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو یەشوایان ڕادەست بکات. 11 کاتێک ئەمەیان بیست، دڵخۆش بوون، بەڵێنیان دا پارەی پێ بدەن. بۆیە کاتی بۆ تەرخان کرد تا لە دەرفەتێکی گونجاودا ڕادەستی بکات. 12 لە ڕۆژی یەکەم فەتیرەدا، کە(بەرخی) پەسخەیان سەردەبڕی، قوتابییەکانی لێیان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» 13 ئەویش دوو قوتابی نارد، و پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، لەوێ چاوتان بە پیاوێک دەکەوێت کە گۆزەیەکی ئاوی هەڵگرتووە، شوێنی بکەون. 14 لە کوێ دەچێتە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: مامۆستا فەرموویەتی: کوا ژوورەکەم کە تێیدا نانی پەسخە لەگەڵ قوتابیەکانم دەخۆم؟ 15 ژوورێکی گەورەتان لە نهۆمی سەرەوە پیشان دەدات، کە تەرخان و ئامادە کراوە. ئەوێ بۆ ئێمە ئامادە بکەن!» 16 قوتابییەکان ڕۆیشتن و چونە ناو شارکە، وە بینییان هەروەک پێی فەرمووبوون. وە لەوێ نانی پەسخەیان ئامادە کرد. 17 کاتی ئێوارە، یەشوا لەگەڵ دوانزەکەدا هات. 18 کاتێک ئەوان پاڵیان دایەوە بۆ نان خواردن، یەشوا فەرمووی: « ڕاستیتان پێدەڵێم: یەکێک لە ئێوە بە گرتنم دەدات، ئەوەیە ئێستا لەگەڵمدا نان دەخوات». 19 خەم دایگرتن، و پاشان یەک لەدوای یەک پرسیاریان لێدەکرد: «ئایا منم؟» 20 بەڵام وەڵامی دایەوە و پێی فەرموون: «ئەو یەکێکە لە دوانزەکە، و ئەویش لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەدایە. 21 ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە ڕووبدات، بەڵام هاوار بە ئەو کەسەی کە بە دەستی ئەو ڕۆڵەی مرۆڤ بەگرتن دەدرێت. بۆ ئەو پیاوە باشتر بوو کە لەدایک نەبووایە!» 22 کاتێک نانیان دەخوارد، یەشوا نانێکی هەڵگرت، و بەرەکەتداری کرد، و شکاندی، و پێیدان و فەرمووی: «وەریبگرن: ئەمە جەستەی منە». 23 ئینجا جامێکی هەڵگرت، و سوپاسی کرد، و پێیدان، و هەموو لێیان خواردەوە، 24 پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە کە بۆ پەیمانی نوێیە، کە لە پێناو زۆرینەدا دەڕێژرێت. 25 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیترهەرگیز لەم بەرهەمی ترێیە ناخۆمەوە، تا ئەو ڕۆژەی بە تازەیی لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە». 26 ئینجا پەسنییان گوت ، و چوونە دەرەوە بۆ چیای زەیتوون. 27 یەشوا پێی فەرموون: «لە هەمووتان بەگومان دەبن، چونکە نووسراوە: لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرتەوازە دەبن. 28 بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ گەلیلی». 29 بەڵام پەترۆ پێی گوت: «ئەگەر هەمووان گومانت لێ بکەن، من هەرگیز گومان ناکەم». 30 یەشوا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێدەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت». 31 بەڵام پەترۆ زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم!» هەموو وایان گوت. 32 پاشان چوونە باخێک پێی دەگوترا گێتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نزادەکەم ». 33 ئەوسا پەترۆ و یاکوڤ و یوخەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵ تەنگی دەکرد. 34 پێی فەرموون: «زۆردڵتەنگم خەریکە بمرم. لێرە بمێننەوە و بە ئاگا بن». 35 کەمێک دوور کەوتەوە، بەسەر روودا کەوت، نزای کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت. 36 فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک لە توانای تۆدا هەیە. ئەم جامەم لێ دوور بخەرەوە، بەڵام نەک ئەوەی من دەمەوێت، بەڵکو ئەوەی تۆ دەتەوێت!» 37 گەڕایەوە بینی قوتابیەکانی نوستوون، بە پەترۆی فەرموو: « ئایا تو خەوتویت شیمۆن؟ نەتتوانی کاتژمێرێک بەئاگابیت؟ 38 بە ئاگابن و نزا بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوە. گیان چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە». 39 پاشان ڕۆیشت دووبارە نزای کرد، هەمان وشەکانی دووبارە دەکردەوە. 40 کاتێک هاتەوە، دیسان بینی نووستون چونکە خەو چاوەکانیانی قورس کردبوو، نەیاندەزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە. 41 سێیەم جار گەڕایەوە پێی فەرموون: «ئێستا بخەون و پشوو بدەن. ئەوەندە بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی گوناهباران دەکرێت. 42 هەستن با بڕۆین. ئەوەتا نزیکە ئەوەی ڕادەستم دەکات!» 43 هەرلەو کاتەدا، هێشتا قسەی دەکرد، یەهودا گەیشت، کە یەکێک بوو لە دوازدەکە ، لەگەڵ جەماوەرێکی زۆر کە شمشێر و داریان هەڵگرتبوو، لەلایەن سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون. 44 ئەوەی بە گرتی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون گوتبووی: «ئەوکەسەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی. دەستگیری بکەن و بە وریاییەوە بیبەن». 45 کاتێک یەهودا گەیشت، چوو بۆ لای، گوتی: «گەورەم!» بە گەرمی ماچی کرد. 46 دەستگیریان کرد و بردیان. 47 یەکێک لەوانەی لەوێ وەستابوو، شمشێرەکەی دەرهێنا و لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەی دا و گوێی بڕی. 48 یەشوا پێی فەرموون: «ئایا من جەردەم کە بە شمشێر و دارەوە هاتوون بمگرن؟ 49 من هەموو ڕۆژێک لە نێو ئێوەدا بووم و فێرکردنم دەکرد لە پەرستگادا، ئێوە نەتانگرتم. بەڵام ئەمە ڕودەدات بۆ ئەوەی کە نووسراوە بێتە دی». 50 پاشان هەموویان جێیانهێشت و هەڵاتن. 51 گەنجێک دوای یەشوا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو، کاتێک گرتیان. 52 کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی هەڵات. 53 یەشوایان بردە لای سەرۆک کاهینەکان. هەموو سەرۆکی کاهینان و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە. 54 پەترۆ لە دوورەوە بەدوایدا ڕۆیشت بۆ ماڵی سەرۆک کاهین، پاشان چووە ژوورەوە، و لەلای پاسەوانەکان لەبەردەم ئاگرەکە دانیشتوو خۆی گەرم دەکردەوە. 55 سەرۆک کاهینەکان و هەموو ئەنجومەنی باڵا بەدوای شایەتحاڵێکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی یەشوا بکوژن، بەڵام نەیاندۆزییەوە. 56 زۆرێک شایەتی درۆیان لە دژی دەدا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکی نەدەگرتەوە. 57 پاشان هەندێکیان هەستان و شایەتی درۆیان لە دژی دا و گوتیان: 58 «گوێمان لێی بوو دەیگوت: ئەم پەرستگایە دەستکردە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژپەرستگایەکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت». 59 بەڵام لەمەشدا، شایەتییەکەیان یەکی نەدەگرتەوە. 60 سەرۆکی کاهینانیش لە ناوەڕاست ڕاوەستا و لەیەشوای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەوانە بەچی شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 61 بەڵام بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی، و پێی گوت: «ئایا تۆمەسیحەکەی، ڕوڵە پیرۆزەکە؟» 62 یەشوا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن ڕۆڵە مرۆڤ لە ڕاستەی تواناداری دادەنیشێت، و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێت!» 63 سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی، و گوتی: «چیتر پێویستمان بە شایەتحاڵ نییە. 64 ئێوەش گوێتان لە کوفرەکە بوو: ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە. 65 هەندێکیان تفیان لە روی کرد، دەم و چاویان داپۆشی و بە مست لێیان دەدا پێیان دەگوت: «پێشبینی بکە!» پاسەوانەکانیش گرتییان و لێیاندا. 66 کاتێک پەترۆ لە حەوشەکەدا بوو، یەکێک لە خزمەتکارەکانی سەرۆک کاهینەکان هات، 67 پەترۆی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕوانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ یەشوای ناسیرەیی بوویت!» 68 بەڵام پەترۆ نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم وتێناگەم چی دەڵێیت!» پاشان چووە دەرەوەی دەرگای ماڵەکە. ئینجا کەڵەشێر خوێندی 69 خزمەتکارەکە جارێکی تر بینییەوە، بەو کەسانەی گوت کە لەوێ وەستابوون : «ئەمە یەکێکە لەوانە!» 70 دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک بەهەمان شێوە، ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆیان گوت: «بەڕاستی تۆ یەکێکیت لەوان، چونکە تۆش گەلیلیت». 71 دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن : «من ئەم پیاوە ناناسم کە باسی دەکەیت». 72 کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی پەترۆش قسەکەی یەشوای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت». لە ئەو کاتەدا بیری کەوتەوەو گریا.