بەشی ١٥

1 کە بەیانی هات، سەرۆک کاهینەکان و پیرەکان و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەنجومەنی باڵا ڕاوێژیان کرد، پاشان یەشوایان بەستەوە، و بردیان، و ڕادەستی پیلاتۆسیان کرد. 2 پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای یەهودی؟» یەشوا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت». 3 سەرۆک کاهینەکان تۆمەتی زۆریان دایە پاڵی. 4 پیلاتۆس دووبارە پرسیاری لێکرد:«ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ دەبینی ئەوانە شایەتیت لەسەر ئەدەن!» 5 بەڵام یەشوا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو. 6 نەریت وابوو لە هەر جەژنێکدا بەندکراوێک بە خواستی خەڵک ئازاد بکریت. 7 پیاوێک بە ناوی بارابا لەگەڵ یاخیبووان بە تاوانی کوشتن و ئاژاوە گێڕی لە زیندان بوو 8 جەماوەر بە دەنگی بەرز داوایان لە پیلاتۆس کرد ئەو شتەیان بۆ بکات کە هەمیشە ئەیکرد. 9 ئینجا پیلاتۆس قسەی لەگەڵ کردن و لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای یەهودتان بۆ ئازاد بکەم؟» 10 دەیزانی کە سەرۆک کاهینەکان لەبەر ئیرەیی ڕادەستیان کردووە. 11 بەڵام سەرۆک کاهینەکان داوایان لە جەماوەرەکە کرد کە داوای ئازادکردنی بارابا بکەن. 12 دیسان پیلاتۆس لێی پرسین: «ئێوە دەتانەوێت چی لەگەڵ ئەمە بکەم کە پێی دەڵێن پاشای یەهود؟» 13 هاواریان دەکرد جار لە دوای جار: «لە خاچی بدە!» 14 پیلاتۆس لێی پرسین: «چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر و زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!» 15 پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، بۆیە بارابای بۆ ئازاد کردن، لە دوای ئەوەی یەشوا بە قامچی لێی درا ڕادەستی کرد بۆ ئەوەی لە خاچ بدرێت. 16 بۆیە سەربازەکان بردیانە ناوکۆشکەکە، واتا کۆشکی فەرمانڕەوا و هەموو سەربازانی لەشکریان کۆکردەوە. 17 کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێک لە دڕکیان بۆ درووست کرد و لە سەر سەری دایاننا. 18 دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای یەهود!» 19 بە قامیش لەسەریان دەدا، و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. 20 کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بردیانە دەرەوە بۆ لەخاچدان. 21 یەکێک لە ڕێبوارەکانیان ناچار کرد خاچەکەی هەڵبگرێت، ناوی شیمۆنی قیرەوان بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 22 بردیان بۆ شوێنێک بەناوی گۆلگۆسا، واتا شوێنی کاسەسەر. 23 شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان پێدا، بەڵام ڕەتیکردەوە و نەیخواردەوە. 24 پاش ئەوەی لە خاچیان دا جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد بۆ ئەوەی پشکی هەر یەکێکیان دیاری بکەن. 25 کاتژمێر نۆی بەیانی بوو کە لە خاچیاندا. 26 ناونیشانی تۆمەتەکەی نووسرابوو: «پاشای یەهود». 27 دوو دزیان لەگەڵدا لە خاچدا، یەکێکیان لەلای ڕاستی، و یەکێکیان لەلای چەپی. 28 نیشانەکە هاتە دی کە دەڵێت: «لەگەڵ تاوانباران هەژمار دەکرێت». 29 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین جنێویان پێئەدا، و سەریان بادەدا و دەیان گوت: «ئەها دەی! تۆ کە پەرستگاکە وێران دەکەیت و بە سێ ڕۆژ دروستی دەکەیتەوە، 30 خۆت ڕزگار بکە، و لە خاچەکە دابەزە!» 31 بە هەمان شێوە سەرۆک کاهینەکانیش لەگەڵ مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان پێدەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات. 32 با ئێستا مەسیحی پاشای یەسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین!» ئەو دوو دزەش کە لەگەڵیدا لە خاچ درابوون بە هەمان شێوە سەرزەنشتیان دەکرد. 33 لە کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆ، تا کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا. 34 لە کاتژمێر سێ، یەشوا بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد: «ئیلی، ئیلی، لَمَا شَبَقْتَنِي؟» واتە « خودای من خودای من، بۆچی بەجێتهێشتم؟» 35 هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو گوتیان: «ئەوە بانگی ئیلیا دەکات!» 36 یەکێک ڕایکرد و پارچە ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و خستیە سەر قامیشێک و پێیدا تاکو بیخواتەوە، گوتیان: «لێگەڕێن! با بزانین ئیلیا دێت دایبگرێت!» 37 یەشواش بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد، و گیانی دا بەدەستەوە. 38 پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە دادڕا و بوو بە دوو بەشەوە. 39 لەئەو کاتەدا سەرپەلەکە کە بەرامبەری وەستابوو، بینی کە هاواری کرد وگیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی، ئەم مرۆڤە ڕۆڵەی خودا بوو!» 40 چەند ژنێک لە دوورەوە سەیریان دەکرد، لەنێوانیاندا میریامی مەگدەلین و میریامی دایکی یاکوڤی برا بچووکی یەشوا و سالومە دەبینران. 41 ئەمانە لە گەلیلەوە دوای یەشوا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە یۆرشەلایم. 42 کاتێک ئێوارە هات، ئەمڕۆ ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەبات، 43 یۆسپ کە لە ڕاماوە هاتبوو، ئەو ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەنی باڵا بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، بەبێ ترس چوو بۆ لای پیلاتۆس، و داوای تەرمەکەی یەشوای کرد. 44 پیلاتۆس سەری سوڕما کە مردووە، بۆیە سەرپەلەکەی بانگ کرد و لێی پرسی: ئایا ماوەیەکی زۆرە مردووە 45 کاتێک لە سەرپەلەکەوە ئەمەی زانی تەرمەکەی دایە یۆسپ. 46 ئەویش کەتانی کڕی تەرمەکەی هێنایە خوارەوە، ولەناو کەتانەکەدا پێچایەوە، و لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەندرابوو، ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. 47 میریامی مەگدەلین و میریامی دایکی یەشوا بینییان لەکوێ نێژرا.