بەشی ١٦
1
کە ڕۆژی شەبات تەواو بوو، میریامی مەگدەلین و سالومە و میریامی دایکی یاکوڤ بۆن و بەرامیان کڕی، تاکو بچن و تەرمی یەشوا چەوربکەن.
2
لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆرهەڵاتندا هاتنە لای گۆڕەکە.
3
بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەردەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆردەکاتەوە؟»
4
بەڵام کە سەیریان کرد بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو.
5
جا چوونە ناو گۆڕەکە، و لەلای ڕاستەوە گەنجێکیان بینی دانیشتبوو، جلێکی سپی لەبەر بوو، ترس دەستی بەسەردا گرتن.
6
پێی گوتن: «مەترسن. ئێوە بە شوێن یەشوای ناسیرەییدا دەگەڕێن کە لەخاچدرا. ئەو هەستایەوە! ئەو لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانابوو.
7
بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی، و بە پەترۆ بڵێن، ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ گەلیلی؛ وەک چۆن پێی فەرموون لەوێ دەیبینن».
8
بۆیە بە خێرایی لە گۆڕەکە چونە دەرەوە، تۆشی لەرز و سەرسوڕمانێکی زۆربوون. هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان.
9
دوای ئەوەی یەشوا بەیانی زوو لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا هەستایەوە، یەکەم جار بۆ میریامی مەگدەلین دەرکەوت ئەوەی حەوت گیانی پیسی لێی دەرکردبوو.
10
بۆیە چوو و مژدەی دا بە ئەو کەسانە کە لەگەڵیدا بوون، شیوەنیان دەگێڕا و دەگریان.
11
کاتێک بیستیان کە ئەو زیندووە و ئەم کچە بینیویەتی، باوەڕیان نەکرد.
12
پاشان بۆ دوو کەسی تر بە شێوەیەکی تر دەرکەوت کە لە ڕێگادا بوون بۆ گوندێک.
13
بۆیە چوون و مژدەیان دا بە ئەوانیتر،هەروەها ئەوانیش باوەڕیان پێ نەکردن.
14
پاشان بۆ یازدە قوتابییەکە دەرکەوت لە کاتێکدا کە پاڵیان دابووەوە ، لەسەر بێباوەڕی و دڵڕەقییان سەرزەنشتی کردن، چونکە باوەڕیان بەو کەسانە نەدەکرد کە دوای هەستانەوەی بینیویانە.
15
پێی فەرموون: «بڕۆن بۆ هەموو جیهان، ومژدەی ئەم مزگێنییە بە هەموو بەدیهێنراوان ڕابگەیەنن:
16
ئەوەی باوەڕ دەهێنێت لە ئاو هەڵدەکێشرێ، ڕزگاری دەبێت، ئەوەش کە باوەڕ ناهێنێ تاوانباردەبێت.
17
ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، ئەم نیشانانەیان لەگەڵ دەبێت: بە ناوی من خێوەکان دەردەکەن ولەگەڵیان بە زمانی نوێ دەدوێن،
18
بە دەستیان مار دەگرن، وە ئەگەر خواردنەوەیەکی کوشندە بخۆنەوە بە هیچ شێوەیەک زیانیان پێ ناگات، دەست لەسەر نەخۆش دادەنێن و چاکدەبنەوە».
19
پاشان پەروەردگار، دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ کردن، بۆ ئاسمان بەرزبۆوە و لە ڕاستەی خودا دانیشت.
20
ئینجا ئەوانیش، لە هەموو لایەک مزگێنیاندا، پەروەردگار لەگەڵیان کاری دەکرد و بە نیشانە ودەرکەوتنی تایبەت بەخۆی وشەکەی پشتڕاست دەکردوە.