بەشی ٨
1
لەو ڕۆژانەدا، کۆمەڵە خەڵکێکی زۆری دیکە کۆبوونەوە، لەبەر ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن، یەشوا قوتابییەکانی بانگ کرد و پێی فەرموون:
2
«بەزەییم بەم خەڵکدا دێتەوە چونکە سێ ڕۆژە لەگەڵمن و هیچیان نییە بیخۆن.
3
وە ئەگەر بە ڕۆژوەوە بیانێرمەوە بۆ ماڵەکانیان، لە رێگا هێزیان نامێنێت، و هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون».
4
قوتابییەکانی پێیان گوت: «چۆن کەسێک ئەم خەڵکە بە نان تێر بکات لێرە لەم شوێنە چۆڵە؟»
5
لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت!»
6
فەرمانیدا خەڵکەکە لەسەر زەوی دابنیشن. حەوت نانەکەی هەڵگرت، و سوپاسی کرد، و شکاندی و دایە قوتابییەکان بۆئەوەی بیدەن بە خەڵکەکە، ئەوانیش کردیان
7
هەروەها چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێی بوو، ئەویش بەرەکەتداری کرد و فەرمانی دا کە بیدەن بە خەڵکەکە.
8
خواردیان هەتا تێربوون. دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان هەڵگرتەوە.
9
ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون نزیکەی چوار هەزار کەس دەبوون. پاشان بەرێی کردن،
10
لەو کاتەدا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمەکە بوو، و هاتە ناوچەی دەلمانووتە.
11
فەریسییەکان هاتن و لەگەڵی دەستیان بە مشتومڕکرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە داوای پەرجوویەکی ئاسمانیان لێکرد.
12
بۆیە بە ناڕەحەتی ئاهێکی هەڵکێشا، و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: هیچ نیشانەیەک بەم نەوەیە نادرێت!»
13
پاشان بەجێی هێشتن و سواری بەلەمەکە بوو و پەڕینەوە بۆ کەناری بەرامبەر.
14
قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو.
15
ڕایسپاردن فەرموی : «وریابن! ئاگاداری هەویر ترشی فەریسییەکان و هەویر ترشی هێرۆد بن».
16
ئەوانیش لەگەڵ یەکتردا دەمەقاڵەیان دەکرد، و گوتیان: «چونکە نانمان نییە».
17
یەشوا کە بەمەی زانی، پێی فەرموون: «بۆچی لەبەر ئەوەی نانتان نییە لەگەڵ یەکتردا دەمەقاڵە دەکەن؟ ئایا تا ئێستا هەست ناکەن و تێناگەن؟ ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەرڕەقە؟
18
چاوتان هەیە، نابینن؟ گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟
19
کاتێک پێنج نانەکەم شکاند بۆ پێنج هەزارەکە ، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «دوازدە».
20
«کاتێک حەوت نانەکەم شکاند بۆ چوارهەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕلە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت!»
21
ئینجا پێی فەرموون: «چۆن هێشتا تێنەگەیشتوون؟»
22
کاتێک لەگەڵ قوتابییەکانی هاتنە بێت سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.
23
بۆیە دەستی نابیناکەی گرت و لە گوندەکە بردییە دەرەوە، و دوای ئەوەی تفی لە سەرچاوەکانی دانا، دەستی خستە سەر و لێی پرسی: « ئایا هیچ دەبینیت؟»
24
سەری بەرز کردەوە، و گوتی: «خەڵک دەبینم،وەک درەخت، دەڕۆن».
25
دیسان دەستی خستەوە سەر چاوەکانی، و بە وردی سەیری کرد، و تەندرووستی بۆ گەڕایەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی.
26
بۆیە ناردی بۆ ماڵەوە و فەرمووی: « مەچۆ ژوورەوە تەنانەت بۆ ناو گوندیش!»
27
پاشان یەشواو قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی کەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن. لە ڕێگا، لە قوتابییەکانی پرسی: « خەڵک دەڵێن من کێم؟»
28
وەڵامیان دایەوە: «(هەندێک دەڵێن) یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئیلیا، هەندێکی تریش دەڵێن یەکێکە لە پێغەمبەران».
29
لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟» پەترۆ وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت!»
30
بۆیە ئاگاداری کردنەوە ئەم بابەتە بەکەس نەلێن.
31
ئینجا فێری کردن کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت، و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە.
32
قسەکەی ئەوەندە بە ئاشکرا کرد. کە پەترۆ هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە لۆمە کردنی.
33
بەڵام ڕووی کردە قوتابییەکانی و پەترۆی سەرزەنشت کرد و فەرمووی: «لەبەرچاوم لاچۆ ئەی شەیتان، تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە بەڵکو شتی مرۆڤانە!»
34
ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد، و پێی فەرموون: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات، و خاچەکەی هەڵبگرێت، و دوام بکەوێت.
35
ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت. بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات.
36
چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەرهەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟
37
یان مرۆڤ لە بەرامبەر ژیانی خۆیدا چ بەهایەک دەدات؟
38
ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، ڕۆڵەی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت کاتێک لە شکۆمەندی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە».