بەشی ٧

1 هەندێک لە فەریسی و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە، لە یۆرشەلایمەوە هاتنە لای. 2 بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتا بێ دەست شوشتن. 3 چونکە فەریسی، و هەموو یەهوودیەکان، نان ناخۆن ئەگەربە باشی دەستیان نەشۆن، لەبەر ئەوەی پەیوەست بوون بە نەریتی پیرانەوە. 4 هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە، نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەک شۆردنی دەفر و پەرداخ و قاپە مسەکان. 5 لەوکاتەدا لێیان پرسی فەریسییەکان و مامۆستایانی تەورات : «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن، و بەڵکو بە دەستی پیس خواردن دەخۆن؟» 6 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «ئیشایای پێغەمبەر سەبارەت بە ئێوەی دووڕوو پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە: ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە. 7 بێهودە دەمپەرستن لە کاتێکدا ئەوان رێنماییەکان دەزانن بەڵام تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن! 8 ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوەکانەوە گرتووە!» 9 پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن! 10 موشە فەرموویەتی: ڕێز لە باوک و دایکت بگرە! هەروەها: هەرکەسێک سوکایەتی بە باوکی یان دایکی بکات، با مردن سزای بێت! 11 بەڵام ئێوە دەڵێن: ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت دەیکەمە قوربانی، واتە پێشکەشکراو بۆ پەرستگا، 12 ئیتر نایەڵن شتێک بۆ دایکی یان باوکی بکات! 13 بەوشێوەیە دەسەڵاتی وشەی خودا ڕەت دەکەنەوە بە پێی ئەو نەریتەی کە لە یەکتری وەردەگرن . و زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن!» 14 کاتێک بۆ جاری دووەم جەماوەرەکەی بانگ کرد، پێی فەرموون: «هەمووتان گوێم لێ بگرن و تێبگەن! 15 هەر شتێک لە دەرەوەی مرۆڤ بچێتە ناویەوە ناتوانێت پیسی بکات. سەبارەت بەو شتانەی کە لە مرۆڤەوە دێنە دەرەوە، ئەوانەن کە پیسی دەکەن. 16 ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێ». 17 کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی دەربارەی نموونەکە پرسیاریان لێکرد، 18 پێی فەرموون: «ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت پیسی بکات، 19 چونکە ناچێتە دڵییەوە بەڵکو سکی، پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی؟» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە. 20 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ پیس دەکات. 21 چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەکانەوەیە، کە بیری خراپ و بێ رەوشتی، و دزی، و کوشتن سەرهەڵدەدەن.، 22 داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەدڕەوشتی، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کوفر، لووتبەرزی، گەمژەیی 23 هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و پیسی دەکەن». 24 پاشان یەشوا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت. بەڵام نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. 25 لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی گیانی پیسی تێدابوو کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت، 26 ژنەکەش کەنعانی بوو، لە ڕەگەزی فینیقیای سوریا بوو، داوای لێکرد گیانە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات. 27 ئەویش پێی فەرموو: «با سەرەتا منداڵەکان تێربن! چونکە ناشێت نانی منداڵان ببرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ». 28 بەڵام وەڵامی دایەوە پێی گوت: « ڕاستە گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات!» 29 پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ گیانە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو!» 30 کاتێک ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و خێوەکەی لێ دەرچووبوو. 31 پاشان یەشوا دەوروبەری سوری بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ دەریاچەی گەلیلی،بە سیدۆندا ڕۆیشت و سنوری دە شارەکەی تێپەڕاند. 32 پیاوێکی کەڕ و لاڵیان بۆ هێنا، و لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێ. 33 بۆیە لە خەڵکەکە دووری خستەوە. پەنجەکانی خستە گوێی کابرا، پاشان تفی کرد و دەستی لە زمانیدا، 34 و سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان، ئاهێکی هەڵکێشا و پێی گوت: «ئاڤاتا!» واتە بکرێرەوە. 35 دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و زمانی بەربوو، و بە ڕەوانی قسەی کرد. 36 ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن. بەڵام چەند ڕایدەسپاردن، ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. 37 زۆر سەرسام بوون، و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە. وا دەکات کەڕ ببیستێ و لاڵ قسە بکات».