بەشی ٦

1 یەشوا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی شوێنی کەوتن. 2 کە بووە شەبات، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێ دەگرت سەرسام بوون، گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییە چیە کە پێی دراوە، و ئەم پەرجووانەی لەسەر دەستی دەکرێن؟ 3 ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی میریام، و براکەی یاکۆڤ و یۆسپ و یەهودا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» بەوشێوەیە گومانیان لێکرد. 4 بەڵام یەشوا پێی فەرموون: «هیچ پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، مەگەر لە شاری خۆی، و لەنێوان خزم و کەسوکار، و ماڵی خۆی نەبێت!» 5 ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجوویەک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. 6 لە بێباوەڕیی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا دەگەڕا و خەڵکی فێر دەکرد. 7 پاشان دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد، و دەسەڵاتی بەسەر گیانە پیسەکاندا پێدان، 8 ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچان، نە نان و نە پێخۆر و نە پارە بۆ بەر پشتێن، 9 بەڵکو پێڵاو و تەنها یەک کەوا لەبەر بکەن. 10 پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 11 ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان». 12 ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی پاشگەزبوونەوەیاندا، 13 گیانی پیسی زۆریان دەرکرد، و زۆر نەخۆشیان بە زەیت چەورکرد، و چاکیان کردنەوە. 14 هێرۆدی پاشا لە بارەی یەشواوە بیستی، چونکە ناوی دەنگی دابۆوە، و هەندێکیان دەیانگوت: «یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت!» 15 خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئیلیایە»هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن!» 16 بەڵام هێرۆد، کاتێک بیستی گوتی «ئەوە کەسێکی تر نییە جگە لە یۆخەنان ئەوەی کە سەرم بڕی، هەستاوەتەوە!» 17 چونکە هیرۆد یۆخەنانی دەستگیر و زیندانی کردبوو. ئەوەش لە پێناو هیرۆدیا بوو کە هیرۆد هاوسەرگیری لەگەڵ کردبوو کە ژنی فیلیپۆسی برای بوو. 18 لەبەر ئەوەی یۆخەنان پێی دەگوت: «رێگەپێدراو نییە براژنەکەت بخوازیت!» 19 ئیتر هێرۆدیا زۆر ڕقی لە یۆخەنان دەبۆوە، و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی. 20 هیرۆد لە یۆخەنان دەترسا چونکە دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، خۆی دەپارێزێت. هەرچەندە زۆرجار بە قسەکانی بێزاردەبوو، بەڵام زۆر حەزی لە گوێگرتنی بوو. 21 پاشان دەرفەتێک ڕەخسا هێرۆد لە جەژنی لەدایک بوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی گەلیلی سازکرد. 22 کچی هێرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد،جا هێرۆد و ئەوانەی دڵخۆش کرد کە لەگەڵی پاڵیاندابۆوە. پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ!» 23 سوێندیشی بۆ خوارد گوتی: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت!» 24 ئەویش چووە دەرەوە و پرسیاری لە دایکی کرد: «داوای چی بکەم؟»وەڵامی دایەوە: «سەری یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش!» 25 دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە داوای لێکرد: «دەمەوێت ئێستا سەری یۆخەنانی لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ!» 26 پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکەی و ئەوانەی لەگەڵی پالیاندابۆوە نەیویست پێچەوانەی ئەوبەڵێنە بێت کە پێیدابوو. 27 لەوکاتەدا پاشا سزادەرانی نارد و فەرمانیدا سەری یۆخەنان بهێنن. سزادەرەکە رویشتوو و لە زیندان سەری پەڕاند، 28 پاشان لەسەر سینییەک سەریان هێنا و دایان بە کچەکە و کچەکەش دای بە دایکی. 29 قوتابییەکانی یۆخەنان بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان. 30 نێردراوان لە یەشوا کۆبوونەوە، وهەواڵی هەموو شتێکیان پێدا: هەموو ئەو کار و فێرکردنانەی ئەنجامیان دابوو. 31 ئەویش پێی فەرموون: «بە تەنیا وەرن بۆ شوێنێکی چۆڵ، کەمێک پشوو بدەن». لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو. 32 قوتابییەکانی بە بەلەمێک بە تەنیا چوونە شوێنێکی چۆڵ. 33 بەڵام خەڵکێکی زۆرلە کاتی ڕۆیشتندا ئەوانیان بینی، بۆیە شوێنی مەبەستیان زانی، پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد، لە هەموو شارەکانەوە هاتن، پێشیان کەوتن. 34 کاتێک یەشوا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و بەزەیی پێیاندا هاتەوە، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون. هەر بۆیە زۆر شتی فێرکردن. 35 درەنگانی ڕۆژ بوو، قوتابییەکانی هاتنە لای، و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە، و ئێستا کاتیش درەنگە. 36 هەموویان بەڕێ بکە تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن». 37 وەڵامی دانەوە فەرمووی: «شتێکیان پێبدەن با بیخۆن!» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ تاکو بیخۆن؟» 38 لێی پرسین: « چەند نانتان لایە؟ بڕۆن و سەیری بکەن». کە زانییان، گوتیان: «پێنج، و دوو ماسی!» 39 ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە بە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر گیاکە دابنیشێنن. 40 بە بازنە دانیشتن سەد سەد و پەنجا پەنجا. 41 ئینجا یەشوا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت،و تەماشای ئاسمانی کرد وبەرەکتداری کرد و نانەکانی لەتکرد، و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمی خەڵکەکە دایبنێن و دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. 42 هەموو خواردیان و تێر بوون. 43 پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. 44 ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد، پێنج هەزار پیاو بوون. 45 لەو کاتەدا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەر، بۆ شارۆچکەی بێت‌ سەیدا، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ بکات. 46 دوای بەڕێکردنیان بۆ نزاکردن چووە سەر شاخ. 47 کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لە ناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، یەشوا بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. 48 کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوو بوون، چونکە ڕەشەباکە پێچەوانەیان بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49 بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی جنۆکەیە جا هاواریان کرد. 50 چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان. ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن و پێیانی فەرموو: «ورەتان بەرز بێ، ئەوە منم، مەترسن!» 51 ئینجا رۆیشت بەرەو بەلەمەکە و ڕەشەباکە هێمن بۆوە. سەریان سووڕما، 52 لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتبوون، دڵیان هەر ڕەق بوو. 53 کاتێک لەگەڵ قوتابییەکانی پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی کینەرەت، و لەنگەریان گرت. 54 کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک ئەویان ناسییەوە، 55 چونکە پێشتر بەو ناوچانەدا گەڕابوون، و لە هەموو لایەکەوە دەیانبیست ئەوی لێیە ئەو نەخۆشانەی لە ناو جێگا کەوتبوون دەیانبردە لای. 56 بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند و شارو کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە شوێنە گشتیەکان دادەنا، و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە داوێنی کەواکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاک دەبوونەوە.