بەشی ٥

1 ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. 2 کاتێک لە بەلەمەکە دابەزی، لەو کاتەدا لەناو گۆڕستان پیاوێکی پێگەیشت کە گیانی پیسی تێدابوو، 3 لەناو گۆڕستاندا دەژیا. کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە تەنانەت بە زنجیریش. 4 زۆرجار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپساند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. 5 شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد. 6 کاتێک لە دوورەوە یەشوای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد، 7 بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت ئەی یەشوای ڕۆڵەی خودای بەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا ئەشکەنجەم مەدە!» 8 چونکە یەشوا پێی فەرمووبوو: «ئەی گیانی پیس، لە مرۆڤەکە وەرە دەرەوە!» 9 یەشوا پرسیاری لێکرد: «ناوت چییە؟» وەڵامی دایەوە: «ناوم لێگیۆنە چونکە ئێمە لەشکرێکی گەورەین!» 10 گیانە پیسەکان لێی پاڕانەوە و داوایان لێکرد نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە. 11 لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە شاخەکە دەلەوەڕان، 12 گیانە پیسەکان لە یەشوا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان با بچینە ناویان!» 13 ئەویش ڕێگەی دان. گیانەپیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا بە خێرایی لە قەدپاڵی چیاکەوە بۆ ناو دەریاچەکە، هەڵدێران و خنکان. ڕانەکە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون. 14 شوانی بەرازەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ئەوە ببینن کە ڕوویداوە، 15 هاتنە لای یەشوا، بینییان ئەوەی لەشکرێک گیانی پیسی تێدابوو دانیشتووە و پۆشتەیە و ئەقڵی تەواوە، ترس دایگرتن. 16 ئەوانەی بینیان پێیان وتن چی بەسەر شێتەکە و بەرازەکاندا هاتووە 17 ئەوانیش داوایان لە یەشوا کرد لە ناوچەکەیان بڕوات. 18 کاتێک سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی کە پێشتر گیانی پیسی تێدابوو لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بێت. 19 ڕێگای پێنەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ، و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆ کردووی و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە». 20 ئینجا ڕۆیشت و لە دە شارەکە بانگەوازی ئەوەی کرد کە یەشوا چی بۆ کردووە . هەمووان سەرسام بوون. 21 کاتێک یەشوا گەڕایەوە بە بەلەمەکە پەرینەوە بۆ بەرامبەر دەریاچەکە، هەر لە کەنار ئاوەکە خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. 22 یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یائیربوو، هات بۆ لای. هەرکە بینی، خۆی خستە بەر پێی، 23 زۆر لێی پاڕایەوە، پێیگوت: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە. وەرە دەستی لێبدە تاکو چاک بێتەوەو بژیێت!» 24 ئینجا لەگەڵیدا ڕۆیشت، و جەماوەرێکی زۆر بەدوایدا هاتن و قەرەباڵغییان کرد. 25 ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ بوو خوێن بەربوونی هەبوو، 26 بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێشتبوو، ئەوەی هەیبوو بۆ چارەسەری خۆی خەرج کردبوو، هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو بارودۆخی خراپتر ببوو. 27 باسی یەشوای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کەواکەی دا، 28 چونکە گوتبووی: «بەسمە دەست لە جلەکانی بدەم تا چاک ببمەوە». 29 دەستبەجێ خوێنبەربوونەکەی ڕاوەستا ولە جەستەیدا هەستی کرد کە نەخۆشییەکەی چاک بۆتەوە. 30 هەرکە یەشوا هەستی بەو هێزە کرد کە لێی هاتە دەرەوە، چاوی گێڕا بە ناو خەڵکەکەدا و پرسی: «کێ دەستی لە جلەکانمدا؟» 31 قوتابییەکانی پیان گوت: «تو دەبینیت خەڵکەکە قەرەباڵغیان کردووە، و دەپرسیت: کێ دەستی لێدام؟» 32 بەڵام بەردەوام سەیری دەوروبەری دەکرد تا ببینێت کێ ئەو کارەی کردووە. 33 کاتێک ژنەکە زانی چی بەسەرهاتووە، بە ترس و لەرزەوە هات، وخۆی خستە پەرپێی وهەموو ڕاستییەکانی پێ گوت. 34 ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە. بڕۆ بە ئاشتی و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە!» 35 لە کاتێکدا یەشوا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد. کەواتە بۆچی هێشتا لە مامۆستا داوا دەکەی؟» 36 بەڵام کاتێک، یەشوا ئەم هەواڵەی بیست، بە پێشەوای کەنیشتەکەی گوت: «مەترسە؛ تەنها باوەرت هەبێت!» 37 نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت پەترۆ و یاکوڤ و یۆخەنای برای یاکوڤ نەبێت. 38 هاتنە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکە، و خەڵکەکەی بینی کە زۆر دەگریان و دەلاوانەوە. 39 کاتێک هاتە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی بێزارن و دەگرین؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە». 40 پێی پێکەنین. بەڵام یەشوا، هەموویانی کردە دەرەوە، پاشان دایک و باوکی کچەکەی برد وئەوانەش کە لەگەڵیدا بوون و چوونە ژوورەوە، بۆ ئەو شوێنەی کچەکەی لێبوو. 41 دەستی گرت وفەرمووی: «تالیتا قومی!» واتا «ئەی کچ، پێت دەڵێم: هەستە». 42 دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، کچەکە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو. جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. 43 بە توندی فەرمانی پێدان کەس بەمە نەزانێت، وە داوای کرد شتێکی پێبدەن بیخوات.