بەشی ٤

1 پاشان دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک لە کەناری دەریاچەکە، خەڵکێکی زۆرلە دەوری کۆبوونەوە، تا وایلێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت کە لە ئاوەکەدا بوو، هەموویان کۆبونەوە لە ڕۆخی دەریاچەکە. 2 بەنموونە زۆر شتی فێرکردن. وە ئەوەی لە فێرکردنەکەیدا پێی وتن: 3 «گوێ بگرن! جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. 4 کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. 5 هەندێکیش کەوتنە سەرزەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. 6 بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان، و وشک بوون چونکە ڕەگیان نەبوو. 7 هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکەکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن، و بەرهەمیان نەدا. 8 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕووان و گەشەیان کرد و بەرهەمیاندا، یەک بە سی، و یەک بە شەست، و یەک بە سەد». 9 پاشان فەرمووی: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!» 10 کاتێک یەشوا بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە لە مەبەستی نموونەکەیان پرسی. 11 پێی فەرموون: « بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن. بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن، هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت، 12 ئەوانەی: بە سەیرکردن سەیردەکەن بەڵام نابینن، بە بیستن دەبیستن بەڵام تێناگەن، نەوەک پاشگەز ببنەوە ولە گوناهەکانیان خۆش بم!» 13 پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە نموونەکانی دیکە تێدەگەن؟ 14 جوتیارەکە وشەی خودا تۆو دەکات. 15 هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کاتێک دەیبیستن وشەیتان دێت و ئەو وشەیە دەڕفينيت کە تێیاندا چێندراوە. 16 ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییە بەردەڵانەکە چێندران، ئەوانەن کە وشەکە دەبیستن و بە خۆشییەوە وەریدەگرن، 17 بەڵام لەناخیاندا ڕەگیان دانەکوتاوە، تەنها بۆ ماوەیەکن دەمێننەوە. کاتێک لەبەر وشەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەبێتە کۆسپ بۆیان. 18 ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا چاندران، ئەوەن کە وشەکە دەبیستن، 19 بەڵام خەمی ژیانی ئێستا و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە، دێنە ناوەوە و وشەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 20 ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی باش چاندران، ئەوانەن کە وشەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست، و یەک بە سەد». 21 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا چرا دەهێنرێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی بخرێتە ژێر سەبەتە یان ژێر جێگا؟ ئایا لەسەر چرادان دانانرێت؟ 22 چونکە هیچ شتێکی شاراوە نییە کە ئاشکرا نەبێت، هیچ نهێنیەک نیە دەرنەکەوێت! 23 ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!» 24 هەروەها پێی فەرموون: « وریابن لەوەی دەیبیستن. بەو پێوانەیەی بۆ خەڵک دەیپێون، بۆتان دەپێورێتەوە و بۆتان زیاد دەکرێت. 25 چونکە ئەوەی هەیەتی زیاتری پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەندرێتەوە». 26 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە مرۆڤێک دەچێت تۆو بوەشێنێتە سەر زەوی، 27 شەو دەخەوێت بۆ بەیانی کە هەڵدەستێت، تۆوەکە سەری دەرکردووە و گەشە دەکات ئەویش نازانێت چۆن ڕویداوە. 28 زەوی لە خۆیەوە بەرهەم دەدات، یەکەم جار گیا سەر دەردەکات، پاشان گوڵەگەنم، پاشان لە گوڵەگەنمەکەدا گەنمی پڕ. 29 بەڵام کاتێک بەرەکە پێدەگات، دەستبەجێ داسی لێ گیر دەکات چونکە کاتی دروێنەی هاتووە». 30 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت، بە چ نموونەیەک بەراوردی بکەین؟ 31 شانشینی خودا لە دەنکە خەردەلێک دەچێت، کە لەسەر زەوی تۆو دەکرێت لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە، 32 کاتێک دەچێندرێت، لقو پۆپی گەورەتر دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن». 33 بە زۆرێک لەم جۆرە نموونانە یەشوا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد تا ئەوەندەی توانای گوێگرتنیان هەبوو. 34 بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن. بەڵام هەموو شتێکی بۆ قوتابییەکانی ڕوون دەکردەوە کاتێک بە تەنها لەگەڵیان دەبوو. 35 هەرهەمان ڕۆژ کە ئێوارە داهات، بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بپەڕینەوە بۆ ئەوبەر!» 36 کاتێک خەڵکەکەیان بەجێهێشت، لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ ناو بەلەمەکە کە لە وێبوو. هەروەها بەلەمی دیکەشی لەگەڵ بوو. 37 زریانێکی توند هەڵیکرد، و شەپۆلەکان بە توندی لە بەلەمەکەیان دەدا بەجۆرێک کە خەریک بوو پڕ بێت لە ئاو. 38 یەشوا لە دواوەی بەلەمەکە سەری لەسەر سەرینێک دانابوو خەوتبوو. هەڵیانساند و پێیان گوت: «مامۆستا، بەلاتەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێمە لەناوبچین؟» 39 ئەویش هەستا، و لە ڕەشەباکەی ڕاخوڕی، و بە دەریا کەی فەرموو: «بێدەنگ بە. و هێمن بە!» ڕەشەباکە وەستا و بووە هێمنییەکی تەواو. 40 پاشان پێی فەرموون: «بۆچی ئەوەندە دەترسن؟ چۆن باوەڕتان نیە؟» 41 ئەوانیش زۆر ترسان، و بە یەکترییان دەگوت: «ئەمە کێیە، تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن؟»