بەشی ٣

1 یەشوا جارێکیتر چووە ناو کەنیشت. پیاوێک لەوێ بوو دەستی وشک ببوو. 2 هەندێ لە ئامادەبووان چاودێرییان دەکرد تاکو بزانن ئەو پیاوە لە شەباتدا چاک دەکاتەوە، بۆ ئەوەی تاوانباری بکەن. 3 یەشوا بە پیاوە دەست وشک بووەکەی فەرموو: «لە ناوەڕاست ڕابوەستە!» 4 پاشان پرسیاری لێکردن: «لە شەباتدا کامیان رێگە پێدراوە کاری چاکە یان خراپە؟ ڕزگارکردنی ژیان یان کوشتن؟» هەمووان بێدەنگ بوون. 5 یەشوا بە تووڕەییەوە ئاوڕی دایەوە و سەیریکردن لەبەر دڵڕەقییان غەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە!» ئەویش دەستی درێژ کرد، و چاک بۆوە. 6 دەستبەجێ فەریسییەکان چوونە دەرەوە و لەگەڵ هێرۆدییەکان، پیلانیان گێڕا کە چۆن بیکوژن. 7 یەشوا و قوتابییەکان گەڕانەوە بەرەو دەریاچەکە. خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی گەلیلی و یەهودیا شوينی کەوتن 8 لە یۆرشەلایم و ئیدوما و ئەودیوی ڕووباری ئەردەن، خەڵکێکی زۆریش لە ناوچەکانی سور و سیدۆن بەدوایدا هاتبوون، هەموو ئەو کارانەیان بیستبوو کە ئەنجامی دابوو. 9 جا یەشوا فەرمانی بەقوتابییەکانی کرد کە بەلەمێکی بچووکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە قەرەباڵغی نەکەن، 10 لەبەر ئەوەی زۆر کەسی چاک کردبۆوە، وە هەرکەسێک نەخۆش بوایە بە پەلە دەهات تاکو دەستی لێبدات. 11 ئەو کەسانەی کە گیانی پیسیان تێدابوو کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد، وهاواریان دەکرد: «تۆ ڕۆڵەی خودایت!» 12 ئەویش بە توندی ئاگاداری دەکردنەوە کە کارەکەی بەنهێنی بهێڵنەوە. 13 پاشان یەشوا چووە سەر کێوێک، و ئەوانەی بانگ کرد کە خۆی دەیویست، ئەوانیش چوونە لای. 14 دوازدەی هەڵبژارد تاکو یاوەری بن و بیاننێرێت بۆ مزگێنی دان، 15 وە دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی خێوەکان. 16 ئەو دوازدە کەسەی هەڵیبژاردن، ئەمانە بوون: شیمۆن، کە ناوی لێنا پەترۆ، 17 یاکۆڤی کوڕی زەڤدی، و یۆخەنای برای، کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتا کوڕانی هەورەتریشقە، 18 ئاندریا، فیلیپۆس، بەرتۆلمیۆ، مەتا، تۆما، یاکۆڤی کوڕی هەلفای، تەداوس، شیمۆنی کانەوی، 19 یەهودای ئیسخاریۆتی ئەوەی ناپاکی لەیەشوا کرد. 20 پاشان یەشوا گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، و دیسان خەڵکێکی زۆری لێ کۆبۆوە، بە ڕادەیەک یەشواو قوتابیەکانی نەیانتوانی نان بخۆن. 21 کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیبەنەوە، چونکە دەیانگوت مێشکی تێکچووە. 22 مامۆستایانی تەوراتیش کە لە یۆرشەلایم هاتبوون، گوتیان: «بەعلزەبوبی تێدایە، بە سەرۆکی خێوەکان خێوەکان دەردەکات!» 23 بانگی لای خۆی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: «شەیتان چۆن دەتوانێت شەیتان دەربکات؟ 24 ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت، ئەو شانشینە ناتوانێ خۆی ڕابگرێت. 25 ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت، ئەو ماڵە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت. 26 ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، ئەوە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت! 27 کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز شتەکانی تاڵان بکات ئەگەرئەو پیاوە بەهێزە یەکەم جار نەبەستێتەوە. ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات. 28 ڕاستیتان پێدەڵێم: هەموو گوناهەکانی مرۆڤەکان دەبەخشرێت، تەنانەت ئەو قسەو کوفرانەی کە دەیڵێن. 29 بەڵام هەرکەسێک سووکایەتی بە گیانی پیرۆز بکات،هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بۆ هەتاهەتایە سزا دەدرێت». 30 چونکە گوتیان: «گیانی پیسی تێدا!» 31 براکانی و دایکی هاتن، و لە دەرەوەی ماڵەکە وەستان و ناردیان تاوەکو بانگی بکەن. 32 خەڵکێکی زۆر لە دەوری دانیشتبون، و پێیان گوت: «دایکت و براکانت لە دەرەوەن و داوات دەکەن!» 33 وەڵامی دانەوە: «دایکم و براکانم کێن؟» 34 پاشان سەیری ئەو خەڵکە زۆرەی کرد کە لە دەوری دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن، 35 ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ بکات، ئەوە براو خوشک و دایکمە!»