بەشی ٢

1 دوای چەند ڕۆژێک، یەشوا گەڕایەوە بۆ شاری کەفەرناخوم. هەواڵەکە بڵاو بۆوە کە ئەو لە ماڵەوەیە، 2 خەڵکێکی زۆرکۆبوونەوە، شوێنی یەک کەس نەدەبۆوە، تەنانەت لەبەردەرگاش. ئەویش دەستی کرد بە باس کردنی وشەی خودا بۆیان. 3 لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای بە چوار کەس هەڵیان گرتبوو. 4 بەڵام بە هۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەوشوێنەی کە یەشوای لێبوو، نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لە سەر بوو. 5 کاتێک یەشوا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: « کوڕم گوناهەکانت بەخشران!» 6 هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا گوتیان: 7 « بۆچی ئەم پیاوە بەم شێوەیە دەدوێت؟ ئەو وشانەی دەیڵێت کوفرە! جگە لە خودا کێ دەتوانێت لە گوناهه خۆش بێت؟» 8 یەشوا لە گیانیەوە زانی کە ئەوان لە دڵیاندا چۆن بیردەکەنەوە، پرسیاری لێکردن: « بۆچی لە دڵتاندا بیرلەم شتانە دەکەنەوە؟ 9 کامیان ئاسانترە بە ئیفلیجەکە بگوترێت: گوناهەکانت بەخشران، یان بگوترێت: هەستە و نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ؟ 10 بۆیە وام گوت تا بزانن ڕۆڵەی مرۆڤ لەسەرزەوی دەسەڵاتی بەخشینی گوناهەی هەیە». پاشان بە ئیفلیجەکەی فەرموو: 11 « پێت دەڵێم: هەستە نوێنەکەت هەڵگرە، و بڕۆ بۆ ماڵەوە!» 12 ئەویش دەستبەجێ هەستا، نوێنەکەی هەڵگرت، و لە بەرچاوی هەموویان رۆیشت. بە شێوەیێک هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: « هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!» 13 دووبارە یەشوا چوو بۆ کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە. ئەویش دەستی کرد بە فێرکردنیان. 14 لە کاتی رۆشتنیدا، لێڤی کوڕی هەلفای بینی لە شوێنی باجگران دانیشتبوو، پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» ئەویش هەستا و شوێنی کەوت. 15 لە کاتێکدا یەشوا لە ماڵی لێڤی دانیشتبوو، زۆرێک لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ ئەو و قوتابییەکانی دانیشتبوون، چونکە زۆرێک کە لەوێ بوون بەدوایدا ڕۆیشتبوون. 16 کاتێک مامۆستایانی تەورات و فەریسیەکان یەشوایان بینی لەگەڵ باجگران و گوناهباران نان دەخوات، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: « بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟» 17 یەشوا گوێی لێبوو، وەڵامی دایەوە: « تەندرووستەکان نین کە پێویستیان بە پزیشکە ، بەڵکو نەخۆشەکانن. من نەهاتووم ڕاستودرووستەکان بانگهێشت بکەم بەڵکو گوناهباران!» 18 کاتێک قوتابییەکانی یۆخەنان و فەریسییەکان بەڕۆژو بوون، هەندێک هاتنە لای یەشواو لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یۆخەنان و فەریسیەکان بەڕۆژو ئەبن ، بڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژو نابن؟» 19 وەڵامی دانەوە: «ئایا بنەماڵەی زاوا دەتوانن بەڕۆژو بن؟ مادەم زاوا لە نێوانیاندایە ناتوانن بەڕۆژو بن. 20 بەڵام ڕۆژانێک دێت کە زاوا لە نێوانیاندا هەڵدەگیرێت . ئەوسا بە ڕۆژو دەبن. 21 کەس کراسی کۆن بە قوماشی نوێ پینە ناکات، چونکە پێنە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت ، و دڕاویەکە خراپتر دەکات! 22 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو پێستەی کۆنەوە، ئەگینا شەرابەکە پێستەکە دەدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت وپێستەکە خراپ دەکات. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە پێستەی نوێوە». 23 لە یەکێک لە شەباتەکاندا یەشوا بەناو کێڵگەکاندا تێدەپەری، قوتابیەکانی بەڕێگاوە دەستیان کرد بە پرواندنی گوڵە گەنم. 24 فەریسییەکان بە یەشوایان گوت: « بروانە! بۆچی قوتابییەکانت شتێک دەکەن کە لە شەباتدا رێگەپێدراو نیە؟» 25 وەڵامی دانەوە: « ئایا ئێوە نەتانخوێندۆتەوە کە داڤید و هاوڕێکانی لە کاتی پێویستی و برسێتیدا چییان کرد؟ 26 چۆن چووە ناو ماڵی خودا، لە سەردەمی ئەڤیاتاری سەرۆک کاهین، نانی پێشکەشکراویان خوارد کە رێگەپێدراو نییە بخورێت تەنها بۆ کاهینەکان نەبێت، بەڵام دای بە هاوەڵەکانی و ئەوانیش خواردیان؟» 27 پاشان پێی فەرموون: « شەبات بۆ مرۆڤ بەدی هێنراوە، نەک مرۆڤ ببێتە کۆیلەی شەبات. 28 ڕۆڵەی مرۆڤ پەروەردگاری شەباتە!»