بەشی ٦

1 هۆشیار بن و نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن بۆ ئەوەی بتانبینن. چونکە لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت. 2 لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، زوڕنای بۆ لێمەدە هەروەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 3 بەڵام تۆ، کە خێرێ بەکەسێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، 4 تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت، باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە. 5 کاتێک نزا دەکەن، وەک دووڕووان مەبن چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نزا بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بیانبینن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 6 بەڵام تۆ کاتێک نزادەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نزا بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت کە بە نهێنی دەیبینێت، پاداشتت دەداتەوە. 7 کاتێک نزا دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەی بەتاڵ دووبارە مەکەنەوە، چونکە وا دەزانن بە زۆر گوتن، لێت وەردەگیرێت. 8 لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە پێش ئەوەی داوای لێ بکەن. 9 بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نزا بکەن و بڵێن: باوکمان لە ئاسمانەکان، با ناوت پیرۆز بێت! 10 با شانشینییەکت بێت! با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان! 11 نانی پێویستی ئەمڕۆشمان بدەرێ! 12 لە تاوانەکانمان خۆشبە، وەک چۆن ئێمە لەوانە خۆشدەبین کە تاوانمان بەرامبەر دەکەن! 13 مەمانخەرە ناو تاقیکردنەوە، بەڵکو لە خراپەکار ڕزگارمان بکە، چونکە هەتاهەتایە پاشایەتی و هێز و شکۆ هی تۆیە. ئامین. 14 ئەگەر لە تاوانەکانی خەڵکی خۆشببن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت. 15 ئەگەر لە تاوانەکانی خەڵکی خۆش نەبن، ئەوا باوکی ئاسمانیتان لە تاوانەکانتان خۆش نابێت. 16 کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ئەوان ڕووی خۆیان دەگۆڕن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 17 بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، دەمووچاوت بشۆ، وە بۆن لەسەرت بدە، 18 تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها بۆ ئەو باوکەی لە شاراوەیدایە. باوکیشت کە بەشاردراوەی دەیبنێت ، پاداشتت دەداتەوە. 19 لەسەر زەوی سامان بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، کە مۆرانە و ژەنگ لێی دەدات، وە دز دەیبڕێت و دەیدزێت. 20 بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە، کە مۆرانە خراپی ناکات و دزیش نایبڕێت و نایدزێت. 21 چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت! 22 چاو چرای جەستەیە. ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، 23 بەڵام ئەگەر چاوت خراپ بێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێت لەمە تاریکتر چیبێت! 24 کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات: چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن. 25 بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە، یان جەستە لە پۆشاک؟ 26 سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن: نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە زۆر لەوان زیاترنین؟ 27 کێ لە ئێوە ئەگەر بارگرانی و دڵە ڕاوکێی هەیە دەتوانێت تەنها یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ 28 هەروەها بۆچی خەمی پۆشاکتانە؟ سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات: نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت؛ 29 بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت شلۆمۆ لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە! 30 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە ئاگرەوە، بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین، هەتا پۆشتەتان بکات؟ 31 با دڵە ڕاوکێتان نەبێت بڵێن: چی بخۆین؟ یان: چی بخۆینەوە؟ یان چی لەبەر بکەین؟ 32 هەموو ئەمانە ئەو شتانەن کە خەڵکی ئەم جیهانە بەدوایدا دەگەڕێن. بەڕاستی باوکی ئاسمانیتان دەزانێت کە پێویستتان بە هەموو ئەمانە هەیە. 33 بەڵام ئێوە، سەرەتا داوای شانشینییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەکرێت. 34 لەبەر ئەوە خەمی سبەی مەخۆن، چونکە سبەی خەمی خۆی دەخوات. بۆ هەر ڕۆژێک بەسە کە خراپەی خۆیی تێدایە!