بەشی ٥

1 کاتێک خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، کە کاتێک دانیشت، قوتابییەکانی لێی نزیک بونەوە. 2 قسەی بۆ کردن و دەستی کرد بە فێرکردنیان. 3 «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە گیان، هەژارن چونکە شانشینی ئاسمانەکان بۆ ئەوانە. 4 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن. 5 خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە دەبنە میرات گری زەوی. 6 خۆزگە دەخوازرێت بە برسی و تینوەکانی ڕاستودروستی، چونکە تێر دەکرێن. 7 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بەبەزەیین، چونکە بەر بەزەیی دەکەون. 8 خۆزگە دەخوازرێت بە دڵ پاکەکان، چونکە خودا دەبینن. 9 خۆزگە دەخوازرێت بە بەدیهێنەرانی ئاشتی، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن. 10 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناو ڕاستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمانەکان بۆ ئەوانە. 11 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لە پێناوی من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. 12 دڵخۆش و شادومان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمانەکان پاداشتتان گەورەیە. چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندۆتەوە! 13 ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکییش پێی لێبنێت! 14 ئێوە ڕووناکی جیهانن. شارێک لەسەر چیا دروست‏ کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە؛ 15 خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر چرادان، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. 16 بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی ئەو باوکەتان بکەن کە لە ئاسمانەکانە. 17 وا گومان نەکەن من هاتووم تەورات یان پێغەمبەران پوچەڵ بکەمەوە. نەهاتووم بۆ پوچەڵ کردنەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. 18 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتەدی. 19 بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت، و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمانەکان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی وا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمانەکان بە مەزن ناودەبردرێت. 20 بۆیە پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەکانەوە. 21 بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: مەکوژن! ئەوەی بکوژێت شایانی دادگایی کردنە. 22 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێت، شایانی دادگایی کردنە؛ ئەوەی بە براکەی بڵێ: بێ نرخ! دەبێت بکرێتە پەند لە بەردەم ئەنجومەنی باڵا؛ ئەوەی بڵێت :گێلە! شایانی ئاگری دۆزەخە! 23 لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا، و لەوێ بیرت کەوتەوە کە براکەت شتێکی بەسەرتەوە هەیە، 24 لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە، و بڕۆ یەکەم جار براکەت ئاشت بکەرەوە، پاشان وەرە و قوربانییەکەت ئەنجام بدە. 25 خێرا ڕکابەرەکەت ڕازیبکە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن بۆ دادگا، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر، و دادوەریش بتداتە دەست پاسەوان، و فڕێبدرێیتە بەندیخانە. 26 ڕاستیت پێدەڵێم لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە! 27 بیستووتانە گوتراوە: داوێنپیسی مەکە! 28 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەر کەسێک بەمەبەستی هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە! 29 ئەگەر چاوی ڕاستت تەڵە بوو بۆت ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە دۆزەخ! 30 ئەگەر دەستی ڕاستت تەڵەیەک بوو بۆت، بیبڕەوە و فڕێیبدە، بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە دۆزەخەوە! 31 هەروەها گوتراوە: ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست. 32 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت ئەوا داوێنپیسی دەکات. 33 بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ پەروەردگار بەرەسەر. 34 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان لەبەر ئەوەی تەختی خودایە، 35 نە بە زەوی لەبەر ئەوەی تەختە پێیەتی، نە یۆرشەلایم لەبەر ئەوەی شاری مەزنترین پاشایە. 36 سوێند بە سەری خۆت مەخۆ چونکە ناتوانیت تاڵە موویەکی لێ سپی یان ڕەش بکەیت. 37 بەڵام با قسەتان بەڵێ بۆ بەڵێ؛ یا: نەخێر بۆ نەخێر بێت. لەمە زیاتر لە خراپەکارەوەیە. 38 بیستووتانە گوتراوە: چاو بە چاو ددان بە ددان. 39 بەڵام من پێتان دەڵێم: بەربەرەکانی خراپەکار مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ بسوڕێنە؛ 40 ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، کەواکەشتی بدەرێ؛ 41 ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ. 42 ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت، بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت نا ئومێدی مەکە! 43 بیستووتانە گوتراوە: نزیکەکەت خۆشبوێت ڕقت لە دوژمنت بێتەوە. 44 بەڵام پێتان دەڵێم: دوژمنانتان خۆش بوێت، ئەوانەش بەرەکەتدار بکەن کە نەفرەتتان لێدەکەن، چاکەکاربن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتانە، نزابکەن لەپێناو ئەوانەی، خراپ مامەڵەتان لەگەڵ دەکەن و دەتان چەوسێننەوە، 45 تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانەکانە: ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت، وە باران بەسەر چاکەکارو خراپەکاردا دەبارێنێت. 46 ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ 47 ئەگەر تەنها پێشوازی لە براکنتان بکەن، چی شتێکی باشتان کردووە؟ ئایا بت پەرستانیش ئەمە ناکەن؟ 48 بۆیە ئێوەش کامڵ بن ، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵە!