بەشی ٧

1 خەڵکی تاوانبار مەکەن بۆئەوەی تاوانبار نەکرێنەوە. 2 چونکە بەو شێوەیەی خەڵکی تاوانبار دەکەن بەهەمان شێوە تاوانبار دەکرێنەوە؛ بەو پێوانەیە کە دەی پێون بەو پێوانە بۆتان دەپێورێتەوە. 3 بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت. بەڵام ئەو چیلکە گەورەیەی ناو چاوی خۆت نابینی؟ 4 یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم، لەکاتێکدا چیلکەیەک لەناو چاوی خۆتدایە! 5 ئەی دووڕوو! یەکەم جار چیلکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، با بۆ دەرهێنانی پووشی ناوچاوی براکەت بە باشی ببینی. 6 شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و هەڵبگەڕێنەوە و پارچەپارچەتان بکەن. 7 داوا بکەن. پێتان دەدرێت، بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە. 8 چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت؛ ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە؛ ئەوەش لە دەرگا بدات، لێی دەکرێتەوە، 9 ئایا، کەسێک لە ئێوەدا هەیە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی بداتێ، 10 یان داوای ماسی لێ بکات، ماری بداتێ؟ 11 جا ئەگەر ئێوە هەرچەندە خراپەکارن، بەڵام دەزانن چۆن شتە باشەکان بدەن بە منداڵەکانتان، بیر لەوە بکەنەوە باوکی ئاسمانیتان چەند زیاتر شتە باشەکان دەدات بەو کەسانەی داوای لێدەکەن؟ 12 چۆن، دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵدا بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەن چونکە ئەمەیە: پوختەی فێرکردنەکان و تەوراتی پێغەمبەران. 13 لە دەروازەی تەنگەکە بچنە ژوورەوە! چونکە ئەو دەروازەیەی کە پانە و ئەو ڕێگایە کە بەرینە؛ بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. 14 لەبەر ئەوەی دەروازە تەنگ و رێگا تەسکەکە بەرەو ژیان دەچێت! کەمن ئەوانەی دەیدۆزنەوە. 15 ئاگاداری پێغەمبەرە درۆزنەکان بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی ڕفێنەرن! 16 بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا لە ترێ دڕک دەڕنن، یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17 بەم شێوەیە، هەموو درەختێکی باش بەرهەمی باشی دەبێت. درەختی ڕزیویش، بەرهەمی خراپی دەبێت. 18 داری چاک ناتوانێت بەرهەمی خراپ بدات، وە داری ڕزیویش ناتوانێت بەرهەمی باش بدات. 19 هەر درەختێک بەرهەمی باشی نەبێت، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. 20 بۆیە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. 21 هەرکەسێک پێم بڵێت: پەروەردگارم، پەروەردگارم! ناچێتە ناو شانشینی ئاسمانەکان، بەڵکو تەنیا ئەو کەسەی کە خواستی باوکی ئاسمانیم ئەنجام دەدات. 22 لەو ڕۆژەدا زۆر کەس پێم دەڵێن: پەروەردگارم، پەروەردگارم، ئایا ئێمە بە ناوی تۆوە پێشبینیمان نەکرد، بە ناوی تۆوە خێوەکانمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟ 23 ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: قەت ئێوەم نەناسیوە! لێم دوور بکەونەوە، ئەی بەدکاران! 24 لەبەر ئەوە هەرکەسێک ئەم وتانەم ببیستێ و کاری پێبکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروست بکات، 25 باران باری، و لافاو هەستا، و ڕەشەبا هەڵیکرد، و لە خانوەکەیدا، بەڵام نەڕووخا چونکە بناغەکەی لەسەر بەرد بوو. 26 لەبەر ئەوە هەرکەسێک ئەم وتانەم ببیستێ و کاری پێنەکات، لە پیاوێکی گێل دەچێت کە خانووەکەی لەسەر لم دروست بکات، 27 ئینجا باران باری، و لافاو هەستا، و ڕەشەبا هەڵیکرد و لە ماڵەکەیدا، بە تەواوی ڕووخا». 28 کاتێک یەشوا وتەکانی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، 29 چونکە بە دەسەڵاتەوە فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.