بەشی ١٩

1 دوای ئەوەی یەشوا قسەکانی تەواو کرد، لە گەلیلی ڕۆیشت و چووە ناوچەکانی دەوروبەری یەهودیا لەودیوی ڕووباری ئەردەن. 2 کۆمەڵێکی زۆر شوێنی کەوتن، لەوێ نەخۆشەکانیانی چاککردەوە. 3 هەندێک لە فەریسییەکان هاتنە لای و تاقییان کردەوە، لێیان پرسی: «ئایا دروستە پیاو بە هەر هۆکارێک لە ژنەکەی جیاببێتەوە؟» 4 وەڵامی دانەوە فەرمووی: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە کە بەدیهێنەر هەر لە سەرەتاوە مرۆڤی بە نێر و مێ دروست کردووە، 5 وە فەرمووی: هەر بۆیە پیاو باوک و دایکی بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ ژنەکەی یەکدەگرێت، بۆ ئەوەی ئەو دووانە ببنە یەک جەستە؟ 6  کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن. ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە با مرۆڤ جیای نەکاتەوە!» 7 لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موشە ڕایسپاردوین پیاو تەڵاقنامە بە ژنەکەی بدات و لێی جودا ببێتەوە؟» 8 لە وەڵامدا فەرمووی: «لەبەر دڵ ڕەقیتان، موشە ڕێگەی پێداون لە ژنەکانتان جیاببنەوە. بەڵام لە سەرەتاوە وا نەبوو. 9 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات. وەئەوەی لە گەڵ تەڵاق دراوێک هاوسەرگیری بکات، داوێنپیسی دەکات». 10 قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر بارو دۆخی مێرد لەگەڵ ژن وا بوو، وا باشترە هاوسەرگیری نەکات!» 11 وەڵامی دانەوە: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، بەڵکو ئەوانەی پێیان دراوە. 12 خەساو هەن زگماکن؛ خەساویش هەن خەڵک خەساندونی؛ هەیە خۆیان خەساندوە لە پێناوی شانشینی ئاسمانەکان. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات!» 13 پاشان هەندێکیان منداڵی بچووکیان هێنایە لای تا دەست بخاتە سەریان و نزا بکات، بەڵام قوتابییەکانی سەرزەنشتیان کردن. 14 بەڵام یەشوا فەرمووی: «با بچوکەکان بێنە لام و ڕێگریان لێ مەکەن، چونکە شانشینی ئاسمانەکان بۆ هی وەک ئەمانەیە!» 15 دەستی خستە سەریان، و پاشان لەوێ ڕۆیشت. 16 گەنجێک دێتە لای و لێی دەپرسێت: «مامۆستای چاک، دەبێت چ چاکەیەک بکەم بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەست بهێنم؟» 17 وەڵامی دایەوە: «بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت دەربارەی چی چاکە؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام، ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، کار بە ڕاسپاردەکان بکە». 18 پرسیاری کرد: «کام ڕاسپاردە؟» یەشوا وەڵامی دایەوە: «مەکوژە؛ داوێنپیسی مەکە؛ دزی مەکە؛ شایەتی درۆ مەدە؛ 19 ڕێز لە باوک و دایکت بگرە؛ وە نزیکەکەت وەک خۆت خۆش بوێت.» 20 گەنجەکە پێی گوت: «هەموو ئەم کارانەم لە منداڵییەوە کردوە، ئیتر لە چیم کەمە؟» 21 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر دەتەوێت تەواو بیت، بڕۆ هەر چیت هەیە، بیفرۆشە و بەسەر هەژاراندا دابەشی بکە، لە ئاسمان گەنجینەت دەبێت. وەرەو شوێنم بکەوە!» 22 کاتێک گەنجەکە گوێی لەم قسانەی بوو، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت چونکە خاوەنی سامانێکی زۆر بوو. 23 یەشوا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێدەڵێم: ئەستەمە دەوڵەمەند بچێتە ناو شانشینی ئاسمانەکانەوە. 24 هەروەها دەڵێم: ئاسانترە وشتر بە کونی دەرزیدا تێپەڕێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە». 25 قوتابییەکانی کاتێک ئەمەیان بیست زۆر سەرسام بوون، و پرسیاریان کرد: «کەواتە، کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟» 26 سەیری کردن و پێی فەرموون: «ئەمە بۆ خەڵکی ئەستەمە. بەڵام لای خودا، هەموو شتەکان دەکرێت!» 27 لەوکاتەدا پەترۆ گوتی: «ئەوەتا ئێمە هەموو شتێکمان بەجێهێشت و شوێنت کەوتین، بەشی ئێمە چی دەبێت؟» 28 یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێدەڵێم: کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ لە سەردەمی نوێ بوونەوەدا، لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت، ئێوە ئەوانەی شوێنم کەوتوون لەسەر دوانزە تەخت دادەنیشن بۆ ئەوەی دادوەری دوازدە هۆزەکەی یەسرائیل بکەن. 29 هەرکەسێک لە پێناو ناوی من ماڵ و برا و خوشک و باوک و دایک و منداڵ و خاکی بەجێ هێشتبێت، سەد هێندە وەردەگرێت و ژیانی هەتاهەتایی بە میرات دەگرێت. 30 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین، و زۆریش لە دواهەمینەکان دەبنە یەکەمین.