بەشی ٢٠

1 چونکە شانشینی ئاسمانەکان وەک خاوەن ماڵێک وایە کە بەیانی زوو دەچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی کرێکار بۆ ڕەزەکەی بەکرێ بگرێت، 2 لەگەڵ کرێکارەکان ڕێککەوت ڕۆژی بە یەک دینار، و ناردینی بۆ ڕەزەکە. 3 نزیکەی کاتژمێر نۆی بەیانی چووە دەرەوە، لە گۆڕەپانی شارەکەدا کرێکاری دیکەی بێ کاری بینی، 4 پێی گوتن: ئێوەش بڕۆن و لە ڕەزەکەی مندا کار بکەن و مافی خۆتان دەدەمێ! ئەوانیش ڕۆیشتن. 5 پاشان چووە دەرەوە بۆ گۆڕەپانەکە نزیکەی کاتژمێر دوازدەی پاشنیوەڕۆ. وە نزیکەی کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، کرێکاری زیاتری نارد بۆ ناو ڕەزەکەی. 6 نزیکەی کاتژمێر پێنجی پاشنیوەڕۆ، بەهەمان شێوە چۆوە دەرەوە و کرێکاری دیکەی دۆزیەوە کە کاریان نەبووە، بۆیە لێی پرسین: بۆچی بەدرێژایی ڕۆژ بێکار لێرە دەوەستن؟ 7 وەڵامیان دایەوە: چونکە کەس بەکرێی نەگرتوین. ئینجا گوتی: هەروەها ئێوەش بچنە ناو ڕەزەکەی من! 8 کاتێک ئێوارە هات، خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی گوت: کرێکارەکان بانگ بکە و کرێکەیان بدەرێ لە دواهەمینەکان دەست پێدەکات لە یەکەمینەکان کۆتایی دێت. 9 جا ئەوانەی لە کاتژمێر پێنجەوە کاریان دەکرد هاتن و هەریەکەیان یەک دیناری وەرگرت. 10 کاتێک یەکەمینەکان هاتن، پێیان وابوو کە زیاتر وەردەگرن. بەڵام هەریەکەیان یەک دیناریان وەرگرت. 11 کاتێک دینارەکەیان وەرگرت، بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ماڵەکەدا کرد، 12 وتیان: ئەمانەی تر تەنها یەک کاتژمێر کاریان کردووە، ئێوەش یەکسانتان کردوون بە ئێمە کە بە درێژایی ڕۆژ لە ژێر گەرمای خۆردا کارمان کردووە! 13 وەڵامی یەکێک لەوانی دایەوە: هاوڕێکەم، من ستەمم لێ نەکردویت؛ لەسەر دینارێک لەگەڵم ڕێک نەکەوتی؟ 14 ئەوەی هی خۆتە بیبە و بە ڕێگای خۆتدا بڕۆ: چونکە من دەمەوێت بەوەی دوای تۆش وەک تۆی بدەمێ. 15 ئایا مافی ئەوەم نییە پارەکەم بەو شێوەیە بەکار بهێنم کە دەمەوێت؟ یان چاوت خراپە لەبەر ئەوەی من باشم؟ 16 بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین، و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین». 17 کاتێک یەشوا بەرەو یۆرشەلایم دەچوو، دوازدە قوتابییەکەی لە ڕێگادا جیاکردەوە، و پێی فەرموون: 18 «ئەوەتا ئێمە بەرەو یۆرشەلایم سەردەکەوین، لەوێ ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی سەرۆک کاهینەکان، و مامۆستایانی تەورات دەکرێت، و سزای مردنی بەسەردا دەدەن، 19 دەیدەنە دەستی نەتەوەکان، و گاڵتەی پێدەکەن و بە قامچی لێی دەدەن. و لە خاچی دەدەن. بەڵام لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە». 20 دایکی کوڕەکانی زەڤدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای، و کڕنۆشی بۆ برد و داوای چاکەیەکی لێکرد. 21 پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» ژنەکە وەڵامی دایەوە: «بڵێ ئەم دوو کوڕەم: لە شانشینی تۆدا دابنیشن، یەکێکیان لە دەستی ڕاستت، و ئەوی دیکەیان لە لای چەپتەوە!» 22 یەشوا وەڵامی دایەوە و بە یاکۆڤ و یۆخەنای فەرمووی: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن! ئایا توانای خواردنەوەی ئەو جامەتان هەیە کە من دەیخۆمەوە؟» لە وەڵامدا وتیان: «بەڵێ، دەتوانین!» 23 پێی فەرموون: «لە جامەکەم دەخۆنەوە. سەبارەت بە دانیشتن لە لای ڕاستم و لای چەپم، تەنیا دەتوانم بیدەم بەو کەسانەی باوکم بۆی ئامادە کردوون!» 24 کاتێک دە قوتابییەکەیتر ئەمەیان بیست، ناڕەزایی خۆیان لەو دوو برایە دەربڕی 25 پاشان یەشوا هەموویانی بانگ کردو و فەرمووی: «دەزانن کە فەرمانڕەوای نەتەوەکان بەسەریاندا زاڵ دەبن، و مەزنەکانیان دەسەڵاتدار دەبن بە سەریاندا. 26 سەبارەت بە ئێوەش، با ئەوە لە نێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەرکەسێک دەیەوێت لە نێوانتاندا گەورە بێت، با ببێتە خزمەتکارتان، 27 هەرکەسێک ئارەزووی ئەوە دەکات لە نێوانتاندا یەکەم بێت، با ببێتە خزمەتکارتان. 28 وەک چۆن ڕۆڵەی مرۆڤ: کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات وە خۆیی بەخت بکات لە پێناو زۆرینەدا». 29 کاتێک یەشوا و قوتابییەکانی شاری یەریخۆیان بەجێدەهێشت، کۆمەڵێکی زۆربەدوایدا ڕۆیشتن. 30 ئەوە بوو دوو نابینا لەلای ڕێگاکە دانیشتبوون، هەر کە بیستیان یەشوا بەوێدا تێدەپەڕێت، هاواریان کرد: «ئەی پەروەردگار، کوڕی داڤید بەزەیت پێماندا بێتەوە!» 31 بەڵام خەڵکەکە سەرزەنشتیان کرد کە بێدەنگ بن، بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد: «ئەی پەروەردگار، ئەی کوڕی داڤید بەزەیت پێماندا بێتەوە!» 32 یەشوا وەستا و بانگی کردن، و لێیانی پرسی: «دەتانەوێت چیتان بۆ بکەم؟» 33 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ئەی پەروەردگار چاومان بکەرەوە». 34 بەزەیی پێیاندا هاتەوە، و دەستی لە چاوەکانیان دا، یەکسەر چاوەکانیان کرایەوە و بەدوایدا ڕۆیشتن.