بەشی ١٨

1 لەو کاتەدا، قوتابییەکانی هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: «کەواتە کێ مەزنترینە، لە شانشینی ئاسمانەکاندا؟» 2 پاشان کوڕێکی بچووکی بانگ کرد و لە نێوانیاندا ڕایگرت، 3 فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵانی بچوکتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەکانەوە. 4 ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسمانەکاندا مەزنترینە. 5  ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات. 6 هەرکەسێک ببێت بە کۆسپ بۆ ئەم بچووکانە کە باوەڕیان پێم هەیە، باشترە بۆی بەرداشێک بە ملیدا هەڵبواسێت و لە قووڵایی دەریادا خۆیی نقوم بکات . 7 هاوار بۆ جیهان لەبەر کۆسپەکانی! کۆسپەکان هەردێن؛ بەڵام هاوار بەوەی دەبێتە هۆی کۆسپەکان! 8 ئەگەر دەستت یان پێت تەڵە بوو بۆت، بیبڕەوە و فڕێیبدە: بۆ تۆ باشترە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی کە بە دوو دەست یان دوو پێوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە. 9 ئەگەر چاوت تەڵە بوو بۆت، دەریبهێنە و فڕێیبدە: بۆ تۆ باشترە بە یەک چاوەوە بچیتە ناو ژیانەوە، لەوەی بە دوو چاوەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری دۆزەخەوە. 10 هیچ کام بەم بچووکانە سووکایەتی مەکە! بۆیە پێتان دەڵێم: فریشتەکانیان لە ئاسمان هەمیشە ڕووخساری باوکم دەبینن کە لە ئاسمانەکانە. 11 چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ هات بۆ ڕزگارکردنی لە ناوچووان. 12 ڕاتان چییە ئەگەر یەکێک سەد مەڕی هەبێت، و دانەیەکی لێ ون بێت: ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت، تاکو بڕوات بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ 13 ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! 14 بەم شێوەیە، باوکت کە لە ئاسمانەکانە نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناو بچێت. 15 ئەگەر براکەت تاوانی بەرامبەر کردیت، بە تەنها بڕۆ بۆ لای و لە نێوان خۆت و ئەو گلەیی لێبکە. ئەگەر گوێی لێ گرتیت، ئەوا براکەت بردۆتەوە. 16 ئەگەر گوێی لێ نەگرتی، برایەک یان دووان لەگەڵ خۆت ببە، بۆ ئەوەی هەموو شتێک بە شایەتی دوو یان سێ شایەتیدەر بسەلمێنرێت. 17 ئەگەر گوێی لێ نەگرتن، بابەتەکە بگەیەنە کڵێسا. ئەگەر گوێی لە کڵێساش نەگرت، با لەلای ئێوە وەک بت پەرست و باج وەرگربێت. 18 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی لەسەر زەوی دایبخەن لە ئاسمانیش داخراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە لە ئاسمانیش کراوە دەبێت. 19 هەروەها پێتان دەڵێم: ئەگەر دوو کەستان لەسەر زەوی لە سەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچییەک داوای بکەن، ئەوا لە باوکمەوە کە لە ئاسمانەکانە بۆیان دەبێت. 20 چونکە لە هەر شوێنێک دوو کەس یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لە نێوانیاندام». 21 ئینجا پەترۆ هاتە لای و لێی پرسی: «ئەی پەروەردگار، براکەم چەند جار خراپەم لە گەڵ بکات و لێی خۆشبم؟ ئایا بۆ حەوت جارە؟» 22 یەشوا وەڵامی دایەوە: «نەک حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار! 23 لەبەر ئەو هۆکارە، شانشینی ئاسمانەکان لە پاشایەک دەچێت ویستی لێپرسینەوە لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات. 24 کاتێک دەستی کرد بە لێپرسینەوە لەگەڵیان، یەکێکیان هاتە لای کە دە هەزار پارچە زیو قەرزاری بوو. 25 کە هیچی نەبوو قەرزەکەی بداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە. 26 بەڵام خزمەتکارەکە کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، کاتم پێ بدە، هەموو قەرزەکەت پێدەدەمەوە. 27 گەورەی ئەو خزمەتکارە بەزەیی پێداهاتەوە، و ئازادی کرد، و لە قەرزەکەی خۆشبوو. 28 ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار قەرزاری بوو. قورگی گرت و گوتی: ئەوەی لەسەرتە بمدەرەوە! 29 خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی چۆکی دادا و لێی پاڕایەوە وتی: کاتم بدەرێ دەتدەمەوە! 30 ئەویش رازی نەبوو بەڵکو چوو و فڕێیدایە زیندان تا قەرزەکەی بداتەوە. 31 کاتێک هاوڕێی خزمەتکارەکە ئەوەیان بینی، زۆر دڵتەنگ بوون، و چوون و هەموو شتێکیان بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە. 32 . ئینجا گەورەکەی بانگی کرد و پێی گوت: ئەی بەندەی خراپەکار، لە هەموو قەرزە کانت خۆش بووم چونکە تۆ لێم پاڕایتەوە. 33 ئایا نەدەبوو بەزەیی بە هاو خزمەتکارەکەتدا بێتەوە وەک چۆن منیش بەزەییم پێتدا هاتەوە؟ 34 کاتێک تووڕەیی گەورەکەی لە دژی هاتە ئاراوە، دایە دەستی سزادەران تا ئازاری بدەن بۆ ئەوەی هەموو قەرزەکانی بداتەوە. 35 باوکی ئاسمانیم ئاواتان لەگەڵ دەکات ئەگەر هەریەکێکتان لە دڵەوە لە براکەی خۆش نەبێت!»