بەشی ١٧

1 دوای شەش ڕۆژ، یەشوا بە تەنها پەترۆ و یاکۆڤ و یۆخەنای برای، لەگەڵ خۆیی برد بۆ سەر چیایەکی بەرز، 2 ئینجا لە پێش چاویان شێوەی گۆڕدرا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە، و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان. 3 پاشان موشە و ئیلیا بۆیان دەرکەوتن و قسەیان لەگەڵ دەکرد. 4 ئینجا پەترۆ بە یەشوای وت: «ئەی پەروەردگار، چەند باشە بۆ ئێمە لێرە بمێنینەوە! ئەگەر حەزدەکەیت، لێرە سێ چادر هەڵدەدەم: یەکێکیان بۆ تۆ، یەکێکیان بۆ موشە، یەکێکیان بۆ ئیلیا». 5 کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە هات فەرمووی: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!» 6 کاتێک قوتابییەکانی گوێیان لە دەنگەکە بوو، لەترساندا بە ڕوودا کەوتن. 7 ئینجا یەشوا لێیان نزیک بۆوە و دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن و مەترسن!» 8 ئینجا هەستان و سەیریان کرد، جگە لە یەشوا کەسی تریان نەبینی. 9 کاتێک لە شاخەکە دەهاتنە خوارەوە، یەشوا ڕایسپاردن و فەرمووی: «ئەوەی بینیوتانە بە کەس مەڵێن تا ڕۆڵەی مرۆڤ لە نێو مردوان هەڵدەستێتەوە». 10 قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت لە پێشدا ئیلیا بێت؟» 11 وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئیلیا دێت و هەموو شتێک چاک دەکاتەوە. 12 بەڵام پێتان دەڵێم: ئیلیا هات، و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها ڕۆڵەی مرۆڤیش بێ گومان بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت». 13 ئینجا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێشیان بۆ دەکات. 14 کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، پیاوێک لە یەشوا، هاتە پێش و لەبەردەمی چۆکی دادا، 15 گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە فێدارە، و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. هەندێک جار دەکەوێتە ناو ئاگر و هەندێک جاریش ناو ئاوەوە. 16 منیش هێنامە لای قوتابییەکانت و نەیانتوانی چاکی بکەنەوە». 17 جا یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ ئەو کوڕە بهێننە ئێرە بۆ لام!» 18 یەشوا لە گیانە پیسەکەی ناوی ڕاخوڕی. و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەدا کوڕەکە چاک بۆوە. 19 پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای یەشوا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی گیانی پیس دەربکەین؟» 20 ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی تۆیی خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن: لەوێ بڕۆ دەڕوات، و هیچ شتێک بۆتان ئەستەم نابێت. 21 سەبارەت بەم جۆرە گیانە پیسانە، تەنها بە نزا و بەڕۆژوو دەردەکرێت». 22 کاتێک لە گەلیلی کۆبوونەوە، یەشوا بە قوتابییەکانی فەرموو: « بێگومان ڕۆڵەی مرۆڤ دەدرێتە دەستی خەڵکی، و 23 دەیکوژن. وە لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە». ئەوانیش بەمە زۆر دڵ تەنگ بوون. 24 کاتێک گەیشتنە کەفەرناخوم، باجگرانی دوو درهەمەکەی پەرستگا هاتنە لای پەترۆ، و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاکەت دوو درهەمەکە ئەدات؟» لە وەڵامدا وتی: «بەڵێ!» 25 کاتێک پەترۆ هاتە ماڵەوە، یەشوا دست پێشخەری کرد و لێی پرسی: «ڕات چییە شیمۆن: پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان، یان لە خەڵکی بێگانە؟» 26 پەترۆ وەڵامی دایەوە: «لە بیانی». یەشواش پێی فەرموو: «کەواتە هاوڵاتییان ئازادن، 27 بەڵام بۆ ئەوەی نەبینە کۆسپ بۆیان، بڕۆ بۆ دەریاچەکە، و قولاپێکی ڕاو فڕێ بدە؛ یەکەم ماسی کە گرتت دەری بهێنە، ئینجا دەمی بکەرەوە و دراوێکی تێدا دەدۆزیتەوە کە بەهای چوار درهەمە، بۆیە بیبە و باجەکەی خۆم و خۆت بدە! »