بەشی ١٦

1 هەندێک لە فەریسییەکان و سەدوکیمەکان هاتنە لای یەشوا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد پەرجویەکیان پیشان بدات لە ئاسمانەوە. 2 وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئاسمان سووری ڕوون بوو لە کاتی خۆرئاوابووندا، ئێوە دەڵێن: دەبێتە ساماڵ! 3 وە ئەگەر بەیانیان ئاسمان سوور و تەمومژاوی بوو، دەڵێین: ئەمڕۆ باران دەبارێت! لە دیمەنی ئاسمانەوە کەشوهەوا دەردەخەن. سەبارەت بە نیشانەکانی سەردەم، ناتوانن بەڵگەی لە سەر بهێننەوە! 4 نەوەیەکی خراپ و خیانەتکار داوای نیشانە دەکات، هیچ نیشانەیەک نادرێت جگە لەوەی بەسەر پێغەمبەر یونان هات». پاشان جێی هێشتن و ڕۆیشت. 5 کاتێک قوتابییەکانی گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، لەبیریان چوو لەگەڵ خۆیان نان ببەن. 6 یەشوا پێی فەرموون: «وریابن! ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوکیمەکان بن!» 7 لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کردو، گوتیان: «ئەوە بۆیە وا دەڵێت چونکە نانمان لەگەڵ خۆمان نەهێناوە!» 8 یەشوا بەمەی زانی، و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نەهێناوە؟ 9 هێشتا تێنەگەیشتوون؟ یان ئەو پێنج نانەتان لەبیر چوو کە پێنج هەزارەکەی تێرکرد، و چەند سەبەتەشتان لێ هەڵگرتەوە؟ 10 یان ئەو حەوت نانەتان لەبیر کردووە کە چوار هەزارەکەی تێرکرد، وە چەند سەبەتەتان هەڵگرتووە؟ 11 چۆن تێناگەن کە مەبەستم نان نەبووە کاتێک پێم وتوون: وریاو ئاگاداری هەویری ترشی فەریسییەکان و سەدوکیمەکان بن؟» 12 ئینجا قوتابییەکانی تێگەیشتن کە لە هەویری ترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکاری فەریسییەکان و سەدوکیمەکان ئاگاداریان دەکاتەوە. 13 کە یەشوا گەیشتە ناوچەی کەیسەریای فیلیپۆس، لە قوتابییەکانی پرسی: «ئایا خەڵک دەڵێن ڕۆڵەی مرۆڤ کێیە؟» 14 وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن تۆ یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێشیت، هەندێکی تر دەڵێن تۆ پێغەمبەر ئیلیایت، هەندێکیش دەڵێن تۆ یەرمیایت، یان یەکێک لە پێغەمبەرەکان». 15 پرسیاری لێکردن: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟» 16 شیمۆن پەترۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: «تۆ مەسیحەکەیت ڕۆڵەی خودای زیندوویت!» 17 یەشوا پێی فەرموو: «خۆزگە بە تۆ شیمۆنی کوڕی یونا. ئەمە بە گۆشت و خوێن بۆت ئاشکرا نەکراوە، بەڵکو باوکم کە لە ئاسمانەکاندایە. 18 هەروەها من پێت دەڵێم: تۆ تاشە بەردیت. لەسەر ئەم بەردە کڵێساکەم بنیات دەنێم، وە دەروازەکانی دۆزەخیش بەسەریدا زاڵ نابن! 19 کلیلەکانی شانشینی ئاسمانەکانت دەدەمێ: ئەوەی تۆ لەسەر زەوی گرێی بدەیت، لە ئاسماندا گرێدراو دەبێت؛ ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت!» 20 پاشان قوتابییەکانی ئاگادار کردەوە بە کەس نەڵێن ئەو مەسیحەکەیە. 21 لەو کاتەدا، یەشوا بە قوتابییەکانی ڕاگەیاند کە دەبێت بچێتە یۆرشەلایم، لەوێ بە دەستی پیران و سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات، زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەڵسێتەوە. 22 پەترۆ بردییە لایەک، و دەستی کرد بە لۆمە کردنی و گوتی: « دوربێت لە تۆ ئەی پەروەردگار ئەمەت بەسەردا نەیەت!» 23 یەشوا ئاوڕی دایەوە و بە پەترۆی فەرموو: «لەبەر چاوم مەمێنە، ئەی شەیتان! تۆ کۆسپی لەبەردەمم، چونکە بیر لە کاروبارە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو کاروباری مرۆڤانە!» 24 پاشان یەشوا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک بیەوێت شوێنم بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و شوێنم بکەوێت. 25 ئەگەر کەسێک بیەوێت ژیانی ڕزگار بکات، ئەوا لەدەستی دەدات؛ بەڵام ئەوەی لە پێناو مندا ژیانی لەدەست بدات، دەیدۆزێتەوە. 26 چونکە مرۆڤ چ قازانجێکی دەبێت ئەگەر هەموو دونیا بەرێتەوە بەڵام خۆیی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ لە بەرامبەر خۆیدا چی بەهایەک ئەدات؟ 27 چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ لەگەڵ فریشتەکانیدا بە شکۆمەندی باوکیەوە دەگەڕێتەوە، پاداشتی هەر کەسێک بەپێی کردەوەکانی دەداتەوە. 28 ڕاستیتان پێدەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە وەستاون پێش ئەوەی ڕۆڵەی مرۆڤ ببینن کە لە شانشینی خۆیدا دێت، مردن ناچێژن».