باشی ١٥

1 هەندێک لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لە یۆرشەلایمەوە، هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: 2 «بۆچی قوتابییەکانت پێچەوانەی نەریتی پیرانن، دەستیان ناشۆن پێش نان خواردن؟» 3 وەڵامی دانەوە «بۆچی ئێوە بۆ پاراستنی نەریتەکانتان سەرپێچی ڕاسپاردەکانی خودا دەکەن؟ 4 خودا ڕایسپاردن و فەرمووی: ڕێز لە باوک و دایکت بگرە. وە هەرکەسێک سوکایەتی بە باوکی یان دایکی بکات، با مردن سزای بێت. 5 بەڵام ئێوە دەڵێن: ئەو کەسەی بە باوکی یان دایکی دەڵێت: ئەوەی ویستم بیدەمە ئێوە وەک قوربانییەک پێشکەشی پەرستگاکەم کرد، 6 ئازادە لە ڕێزگرتن لە باوک و دایکی. وە ئێوەش، بەم شێوەیە، ئەوەی خودا ڕایسپاردوون هەڵیدەوەشێنەوە، نەریتەکانتان دەپارێزن. 7 ئەی دووڕوەکان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینییەکی باشی کردووە کە فەرموویەتی: 8 ئەم گەلە بە لێوەکانی ڕێزم لێدەگرن، بەڵام دڵیان لە منەوە دوورە! 9 بێهودە دەمپەرستن ئەوان فێرکاریەک فێردەکەن کە جگە لە ڕاسپاردەی مرۆڤەکان هیچی تر نین». 10 ئینجا خەڵکەکەی بانگ کرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن: 11 ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە مرۆڤ گڵاو دەکات». 12 قوتابییەکانی هاتنە لای و پێیان گوت: «دەزانیت ئەم قسەیە فەریسییەکانی بێزار کردووە؟» 13 وەڵامی دانەوە: «هەر ڕووەکێک کە باوکی ئاسمانیم نەیچاندووە، دەبێت هەڵبکەندرێت. 14 وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن و ڕابەرایەتی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕابەرایەتی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە». 15 پەترۆ پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەرەوە!» 16 وەڵامی دایەوە: «ئایا ئێوەش هێشتا تێناگەن؟ 17 ئایا هێشتا درک بەوە ناکەن کە ئەو خواردنەی دەچێتە ناو دەمەوە دەچێتە خوارەوە بۆ ناو سک، پاشان فڕێ دەدرێتە دەرەوە؟ 18 سەبارەت بەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە، لە دڵەوە دەردەچێت، ئەوەش ئەوەیە مرۆڤ پیس دەکات. 19 چونکە بیری خراپ لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، گاڵتە پێکردن. 20 ئەمانە ئەو شتانەن کە مرۆڤ گڵاو دەکەن. سەبارەت بە نان خواردن بە دەستی نەشۆراو، مرۆڤ گڵاو ناکات!» 21 پاشان یەشوا ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت، و چووە ناوچەی سور و سیدۆن. 22 ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، ئەی کوڕی داڤید! بەزەیت پێمدا بێتەوە کچەکەم بەهۆی گیانی پیسەوە، ئازارێکی زۆری هەیە». 23 بەڵام یەشوا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە قوتابییەکانی هاتنە لای و پێداگرییان کرد وتیان: « پێداویستییەکانی بەدیبهێنە. ئەو بۆ ئێمە هاوار دەکات!» 24 وەڵامی دایەوە: «تەنها بۆ مەڕە ونبووەکان نێردراوم، بۆ ماڵی یەسرائیل!» 25 بەڵام ژنەکە لێی نزیک بۆوە، و کڕنۆشی بۆ بردوو، گوتی: «گەورەم، یارمەتیم بدە!» 26 وەڵامی دایەوە: «دروست نییە نانی منداڵەکان بەریت و فڕێی بدەیت بۆ سەگ!» 27 ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم؛ بەڵام سەگەکان ئەو پارچانە دەخۆن کە لە خوانی خاوەنەکانیانەوە دەکەونە خوارەوە!» 28 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەی ژن، باوەڕەکەت مەزنە! هەروەک چۆن داوای دەکەیت با بۆت ببێت!» کچەکەی لەو کاتەدا چاک بۆوە. 29 پاشان یەشوا لەو ناوچەیە ڕۆیشت، بەرەو دەریاچەی گەلیلیا چوو. چووە سەر شاخەکە و لەوێ دانیشت. 30 ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. 31 خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات، و گۆج چاکدەبێتەوە، و شەل دەڕوات، و کوێر دەبینێت؛ جا خودای یەسرائیلیان شکۆمەند کرد. 32 ئینجا یەشوا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «بەزەییم بەو خەڵکەدا دێتەوە ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە نەوەک لە ڕێگا هێزیان نەمێنێت». 33 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ئەم خەڵکە بێشومارە؟» 34 پرسیاری لێکردن: «چەند نانتان هەیە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت و چەند ماسییەکی بچووک!» 35 ئینجا فەرمانی بە خەڵکەکە کرد لەسەر زەوی دابنیشن، 36 ئینجا حەوت نانەکە و ماسیەکانی هەڵگرت، و سوپاسی کردو شکاندی، و دای بە قوتابییەکانی، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. 37 بۆیە هەموویان تێریان خوارد. پاشان قوتابییەکانی حەوت سەبەتەیان هەڵگرت و پڕیان کرد لەو پارچانەی کە مابوونەوە. 38 ژمارەی ئەوانەی خواردیان چوار هەزار پیاو بوو، جگە لە ژن و منداڵ. 39 ئینجا یەشوا خەڵکەکەی بەڕێکرد، و سواری بەلەمێک بوو، هاتە ناوچەی مەگادان.