بەشی ٦

1 لە ڕۆژێکی شەباتدا یەشوا بەناو کێڵگەیەکدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد. 2 هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەباتدا رێگە پێدراو نیە دەیکەن؟» 3 یەشوا وەڵامی دانەوە فەرمووی: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داڤید چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ 4 چۆن چووە ماڵی خودا و نانی پێشکەشکراوی برد و خواردی، دای بە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی بۆ کەس رێگە پێدراو نەبوو بیخوات کاهین نەبێت؟» 5 ئینجا پێی فەرموون: «ڕۆڵەی مرۆڤ پەروەردگاری شەباتە!» 6 لە شەباتێکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و وانەی بە جەماوەر دەگوتەوە. پیاوێکی لێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. 7 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان چاودێری یەشوایان دەکرد: ئایا لە شەبات کەس چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و بە گوێرەی ئەوە تاوانباری بکەن. 8 یەشوا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لە ناوەڕاستدا ڕابوەستە!» ئەویش هەستا، و لەوێدا ڕاوەستا. 9 یەشوا پێی فەرموون: «پرسیارێکێتان لێ دەپرسم، کامیان لە شەبات رێگەپێدراوە کاری چاک یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک یان لەناوبردنی؟» 10 چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی، و دەستی چاک بۆوە. 11 بەڵام گەمژەیی دەستی بە سەرداگرتن و تەنانەت لە ناو خۆیان راوێژیان دەکرد چی لە یەشوا بکەن. 12 لەو ڕۆژانەدا بوو، چووە دەرەوە بۆ سەر چیایەک تاکو نزا بکات، شەوەکەی هەموو بە نزاکردن بۆ خودا بەسەربرد. 13 کە ڕۆژ بۆوە، قوتابییەکانی بانگ کرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان. 14 کە ئەمانە بوون: شیمۆن، کە ناوی لێنا پەترۆ، لەگەڵ ئەندریای برای؛ یاکۆڤ، یۆخەنا؛ فیلیپۆس و، بەرتۆلمیۆ؛ 15 مەتا و تۆما؛ یاکۆڤی کوڕی هەلفای، شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم؛ 16 یەهودای برای یاکۆڤ، و یەهودای ئیسخاریۆتی کە دواتر ناپاکی لە یەشوا کرد. 17 ئینجا یەشوا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکانی هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەخت ڕاوەستا. خۆی و قوتابییەکانی و، هەروەها جەماوەرێکی ئێجگار زۆر، کە لە هەموو یەهودیا و یورشەلایم و کەناری سور و سیدۆنەوە، 18 هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە. ئەوانەی کە بە دەست گیانە پیسەکانەوە دەیانناڵاند چاکبوونەوە. 19 هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاک دەکردەوە. 20 ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی: «خۆزگە بە ئێوە، ئەی هەژاران، چونکە شانشینی خودا هی ئێوەیە. 21 خۆزگە بە ئێوە کە ئێستا برسین، چونکە تێر دەبن. خۆزگە بە ئێوە کە ئێستا دەگرین، چونکە لە داهاتوودا پێدەکەنن. 22 خۆزگە بە ئێوە کاتێک خەڵک ڕقیان لێتان دەبێتەوە، دەرتان دەکەن، سوکایەتی بە ناوتان دەکەن و رەتدەکرێنەوە وەک ئەوەی خراپەکار بن، لە پێناو ڕۆڵەی مرۆڤدا. 23 لەو ڕۆژەدا دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە: چونکە باوباپیرانیشیان هەر بەم شێوە ڕەفتاریان لەگەڵ پێغەمبەران کردووە. 24 بەڵام هاوار بە ئێوە ئەی سامانداران، چونکە دڵنەوایی خۆتان لێرە وەرگرتووە! 25 هاوار بە ئێوە ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن، چونکە لە داهاتوو برسی دەبن. هاوار بە ئێوە ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن، چونکە ئێوە پرسە دەگێڕن و دەگرین. 26 هاوار بە ئێوە کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات، چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە. 27 بەڵام ئەی گوێگران، پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ؛ چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە؛ 28 ئەوانەش بەرەکەتدار بکەن کە نەفرەتتان لێدەکەن؛ نزا بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. 29 ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک کەواکەتی برد، لاریت نەبێت لەوەی کراسەکەشتی پێبدەی. 30 هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ؛ ئەوەش کە سامانی لێ داگیر کردیت لێی داوا مەکەوە. 31 چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن. 32 ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێت کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن! 33 ئەگەر هەڵس و کەوتتان باش بێ لەگەڵ ئەوانەی کە بە باشی لەگەڵتان هەڵس و کەوت دەکەن، چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن! 34 ئەگەر قەرز بدەن بەو هیوایەی وەریبگرنەوە، چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو بەرامبەر ئەوەندەی کە داویانە وەربگرنەوە. 35 بەڵام، دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن، قەرز بدەن بێ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنەوەی بکەن، بەمە پاداشتتان مەزن دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو بۆ بێ ئەمەک و خراپەکارانیش بەخششی هەیە. 36 بە بەزەیی بن، هەروەک چۆن باوکتان بە بەزەییە. 37 بڕیار لە سەر کەس مەدەن، با بڕیارتان لە سەر نەدرێ. داوەری کەس مەکەن با داوەریتان لەسەر نەکرێ. لە خەڵکی خۆش بن، با لێتان خۆش بن. 38 ببەخشن، پێتان دەبەخشرێت: پێوانەیەکی بە باشی پەستێنراوی هەژێنراوی لێوڕێژتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، بۆ ئێوەش دەپێورێ». 39 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «ئایا کوێر دەتوانێت ڕێنمایی کوێر بکات؟ هەردووکیان ناکەونە چاڵەوە؟ 40 قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە، بەڵام هەرکەسێک بەتەواوی فێربێت، وەک مامۆستاکەی لێ دێت! 41 «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە چیلکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ 42 چۆن دەتوانی بە براکەت بڵێی: برام، با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم! لەکاتێکدا چیلکەکەی ناو چاوی خۆت نابینیت. ئەی دووڕوو، یەکەم جار چیلکەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، تا بۆ دەرهێنانی پووشی ناو چاوی براکەت بە باشی ببینیت . 43 «هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات: 44 هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک ناچندرێ، لە دڕکیش ترێ ناچندرێتەوە. 45 مرۆڤی چاکەکار، لە گەنجینەی چاکەی دڵی چاکە دەردەهێنێت. بەڵام مرۆڤی خراپەکار، لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت: چونکە ئەوەی زار پێی دەدوێت لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت. 46 بۆچی بە پەروەردگارم، پەروەردگارم بانگم دەکەن کەچی ئەوەی ئەیڵێم کاری پێ ناکەن؟ 47 ئەوەی بۆ لام دێت، و گوێ لە وشەم دەگرێت و کاری پێ دەکات، با پیشانتان بدەم لە کێ دەچێت. 48 لە مرۆڤێک دەچێت خانوویەکی درووست کرد، زەوییەکەی بۆ هەڵکەند و قووڵی کرد و بناغەکەی لەسەر بەرد دانا. لافاو هەستا و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەیتوانی بیجوڵێنێت، چونکە لە سەر بەرد درووست کرابوو. 49 بەڵام ئەوەی گوێی لێ بێت و پەیڕەوی نەکات، لە مرۆڤێک دەچێت کە خانوویەکی بێ بناغەی لەسەر زەوی درووست کردبێت. کاتێک لافاو هات و لە خانووەکەی دا، دەستبەجێ بە تەواوی ڕووخا!»