بەشی ٥
1
لە کاتێکدا جەماوەرەکە لە دەوری کۆدەبوونەوە بۆ گوێگرتن لە وشەی خودا، ئەو لە کەناری دەریاچەی کینەرەت وەستابوو.
2
دوو بەلەمی بینی کە لە کەناری دەریاچەکەدا لەنگەریان گرتبوو، و ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و خەریکی شۆردنی تۆڕەکان بوون.
3
سواری یەکێک لە بەلەمەکان بوو، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە کەنارەکە دووری بخاتەوە، پاشان دانیشت و لە ناو بەلەمەکەوە جەماوەرەکەی فێردەکرد.
4
کاتێک وشەکانی تەواو کرد، بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی، و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن هەڵبدەن».
5
شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر وشەی تۆ، تۆڕەکان هەڵدەدەین!»
6
کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، بەشێوەیەک کە خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت.
7
بۆیە بە ئاماژە داوایان لە هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقم ببن.
8
شیمۆن پەترۆ کە ئەمەی بینی، کڕنووشی برد لە بەرپێی یەشوا و گوتی: «پەروەردگارم، لێم دووربکەوە، چونکە من مرۆڤێکی گوناهبارم».
9
پەترۆ و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو،
10
یاکۆڤ و یۆخەنای کوڕەکانی زەڤدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون. یەشوا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە ئەبیت بە ڕاوچی مرۆڤ».
11
پاشان بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و شوێن یەشوا کەوتن.
12
کاتێک یەشوا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە هەموو لەشی تووشی نەخۆشی گولی ببوو، کاتێک یەشوای بینی خۆی خستە بەر پێی و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە!»
13
یەشوا دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەمەودەست گولییەکەی پاک بۆوە.
14
یەشوا فەرمانی پێکرد: «بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە، و بۆ پاکبوونەوەکەت بە پێی ڕاسپاردەی موشە قوربانییەک پێشکەش بکە، تاکو ببێتە شایەتی بۆیان».
15
لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی یەشوا زیاتر بڵاو بۆوە، بۆیە جەماوەرێکی زۆر کۆبوونەوە تاکو گوێ بگرن و نەخۆشییەکانیان چاک بێتەوە.
16
بەڵام ئەو، دووردەکەوتەوە بۆ چۆڵەوانی بۆ ئەوەی نزا بکات.
17
ڕۆژێکیان یەشوا خەریکی فێرکردن بوو، لە ناو دانیشتوواندا فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لە نێوانیاندا هەبوون کە لە هەموو گوندەکانی گەلیلی و یەهودیا، و یورشەلایمەوە هاتبوون.
18
چەند کەسێک هاتن کابرایەکی ئیفلیجیان بە پێخەفەکەیەوە هێنا، و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن.
19
بەڵام لەبەر زۆری جەماوەرەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە پێخەفەکەیەوە لە سەربانەکەوە شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستی ژوورەکە بۆ بەرپێی یەشوا.
20
کاتێک باوەڕەکەیانی بینی، فەرمووی: «ئەی مرۆڤ، گوناهەکانت بەخشران!»
21
بۆیە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و گوتیان: «ئەمە کێیە کە وشەی کوفر دەڵێت؟» کێ دەتوانێت لە گوناهەکان خۆش بێت تەنها خودا نەبێت؟»
22
بەڵام یەشوا تێگەیشت کە بیر لە چی دەکەنەوە، بۆیە وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «لە دڵتاندا بیر لە چی دەکەنەوە؟
23
کام لەم دووانە ئاسانترە: بڵێم: گوناهەکانت بەخشرا! یان بڵێم: هەستە و بڕۆ؟
24
بەڵام (ئەوەم گوت) بۆ ئەوەی بزانن کە ڕۆڵەی مرۆڤ بۆ لێخۆشبوون لە گوناهە دەسەڵاتی لەسەر زەوی هەیە». بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم هەستە پێخەفەکەت هەڵبگرە، و بڕۆ ماڵەوە».
25
دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا بە دەم ستایشی خوداوە، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چوو بۆ ماڵی خۆی.
26
جەماوەر هەموویان سەرسام بوون، و ستایشی خودایان کرد؛ ترس دایگرتن و گوتیان: «ئەمڕۆ شتی سەرسوڕهێنەرمان بینی!»
27
لەدوای ئەمانە ئەوێی بەجێهێشت، باجگرێکی بینی ناوی لێڤی بوو، لە شوێنی باجگران دانیشتبوو، پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!»
28
لێڤی هەستا و شوێنی کەوت و هەموو شتێکی بەجێهێشت.
29
لێڤی لە ماڵی خۆیدا میواندارییەکی گەورەی بۆ کرد، زۆر لە باجگران و جەماوەری دیکە لەگەڵیان لەسەر خوان بوون.
30
بەڵام مامۆستایانی تەوراتی یەهود و فەریسیەکان سەرزەنشتی قوتابییەکانیان کرد، و گوتیان: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»
31
یەشوا وەڵامی دانەوە فەرمووی: «ئەوەی کە پێویستی بە پزیشکە تەندروست نیە، بەلکوو نەخۆشە!
32
نەهاتووم ڕاستودروستان بۆ پاشگەز بوونەوە بانگهێشت بکەم بەڵکوو گوناهباران!»
33
ئینجا پێیان گوت: «قوتابییەکانی یۆخەنان زۆر ڕۆژوو دەگرن و نزا دەکەن، قوتابی فەریسییەکانیش هەروا، بەڵام قوتابیانی تۆ دەخۆن و دەخۆنەوە!»
34
یەشوا پێی فەرموون: «ئایا دەتوانن وا بکەن بانگهێشتکراوانی زەماوەند بەڕۆژوو بن، کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟
35
بەڵام ڕۆژانێک دێت کە زاوا لە نێوانیان بەرز دەکرێتەوە، لەو ڕۆژانەدا بەڕۆژوو دەبن».
36
هەروەها نموونەیەکی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «هیچ کەس پارچەیەک لە جلوبەرگێکی نوێ لێناکاتەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی کۆنی پێ پینە بکات، چونکە جلوبەرگە نوێیەکە دەدڕێت و پینە نوێیەکەش لەگەڵ جلوبەرگە کۆنەکە ناگونجێت.
37
کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو پێستەی کۆنەوە، چونکە شەرابە نوێیەکە پێستە دەدڕێنێت و دەڕژێت، پێستەکەش لەناودەچێت.
38
کەواتە پێویستە شەرابی نوێ بخرێتە ناو پێستەی نوێوە.
39
کەسیش نیە شەرابی کۆن بخواتەوە و ئارەزووی نوێ بکات، چونکە دەڵێت: کۆنەکە خۆشترە!»