بەشی ٧

1 لەدوای ئەوەی یەشوا هەموو وتەکانی بە گوێی جەماوەر گەیاند، چووە ناو شاری کەفەرناخوم. 2 سەرپەلێک کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لە سەرەمەرگدا بوو. 3 کاتێک سەرپەلەکە دەربارەی یەشوا بیستی، پیرانی یەهودی ناردە لای، بۆ ئەوەی داوای لێ بکەن کە بێت و کۆیلەکەی چاک بکاتەوە. 4 ئەوانیش هاتنە لای یەشوا و بە دڵ لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت، 5 چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتەی بۆمان دروستکردووە.» 6 یەشواش لەگەڵیان چوو. بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، خۆت ماندوو مەکە، چونکە من شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، 7 وەک چۆن خۆمم بە شایانی ئەوە نەزانی کە بێمە لات. تەنها وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاک دەبێتەوە: 8 چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە، بە یەکیان بڵێم: بڕۆ! دەڕوات؛ بەوی دیکەش بڵێم: وەرە! دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ئەمە بکە! دەیکات». 9 کاتێک یەشوا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لە جەماوەرەکە دایەوە کە شوێنی کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە یەسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە!» 10 ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە. 11 لە ڕۆژی دواتر، یەشوا بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، قوتابییەکانی و جەماوەرێکی زۆری لەگەڵ چوون. 12 کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی لە سەر شانی کۆمەڵێک خەڵک، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، جەماوەرێکی زۆری شارەکەی لەگەڵ بوو. 13 کاتێک پەروەردگار ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگری!» 14 ئینجا لێی چووە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە دا، ئەوانەی هەڵیانگرتبوو ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!» 15 مردووەکە دانیشت و دەستی کرد بە قسەکردن، یەشوا سپاردیەوە دەست دایکی. 16 هەموو ترسیان لێ نیشت، ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «لەناوماندا پێغەمبەرێکی مەزن دەرکەوتووە، خوداش گەلەکەی خۆی بەسەرکردەوە!» 17 ئەم هەواڵەی ئەو لە هەموو یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە. 18 قوتابییەکانی یۆخەنان هەموو ئەمانەیان بە یۆخەنان ڕاگەیاند. ئەویش دووان لە قوتابییەکانی بانگ کرد، 19 ناردنی بۆ لای پەروەردگار، بۆ ئەوەی لێی بپرسن: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟» 20 پیاوەکان هاتنە لای پەروەردگار و گوتیان: «یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش ئێمەی بۆ لات ناردووە، دەڵێت: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟» 21 لەو کاتەدا یەشوا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و خێوەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە‏ کوێرەکان بەخشی. 22 ئینجا یەشوا وەڵامی راسپێردراوانی داوە و پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینیوە و بیستوتانە بە یۆخەنان ڕایبگەیەنن: کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت. 23 خۆزگە بەوەی گومانم لێ ناکات!» 24 کاتێک نێردراوانی یۆخەنان ڕۆیشتن یەشوا ڕووی لە خەڵک کرد و سەبارەت بە یوخەنان فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ 25 ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن و خۆش ڕادەبوێرن لە کۆشکەکان دەژین. 26 ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنترە! 27 یۆخەنان ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم بۆ ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە بکات. 28 من پێتان دەڵێم: لە‏نێوان ئەوانەی لە‏ ژن لەدایک بوون، کەس لە یۆخەنان مەزنتر نییە، بەڵام بچووکترین لە شانشینی خودا لەو پایە بەرزترە!» 29 هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، تەنانەت باجگرانیش، دانیان نا بە دادپەروەری خودا، چونکە بە دەستی یۆخەنان لە ئاو هەڵکێشرا بوون؛ 30 بەڵام فەریسی و زانایانی تەورات؛ خواستی خودایان ڕەتکردەوە چونکە لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵنەکێشرابوون. 31 کەواتە ئەم نەوەیە بەچی بەراورد بکەم؟ و لە چی دەچن؟ 32 ئەوان وەک منداڵێک وان کە لە بازاڕدا دانیشتوون، بانگی یەکتر دەکەن دەڵێن: زوڕنامان بۆتان لێدا و سەماتان نەکرد؛ شیوەنمان گێڕاو نەگریان! 33 یۆخانانی لە ئاوهەڵکێش هات نە دەیخوارد و نە دەیخواردەوە، گوتتان: خێوی تێدا نیشتەجێیە. 34 جا ڕۆڵەی مرۆڤ هاتووە دەخوات و دەخواتەوە، گوتتان: ئەم پیاوە نەوسن و شەرابخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە؛ 35 بەڵام دانایی ڕاستەقینە بۆ هەموو منداڵەکانی ڕەوایە ». 36 یەکێک لە فەریسییەکان داوای لێکرد کە لەگەڵیدا نان بخوات. ئینجا چووە ماڵی فەریسییەکە و لە سەر خوان دانیشت. 37 ژنێک لە شارەکەداهەبوو کە گوناهبار بوو، کاتێک زانی یەشوا لە ماڵی فەریسییەکان دانیشتووە، شووشەیەک بۆنی خۆشی هێنا، 38 و لە بەردەمیا دانیشت و پێیەکانی بە فرمێسک شۆردەوە، و بە قژی سڕییەوە، و بە گەرمی ماچی کرد، و بۆنە خۆشەکەی لێدا. 39 ئەو فەریسییەی کە بانگهێشتی کردبوو کاتێک ئەوەی بینی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەم پیاوە ئەگەر پێغەمبەر بووایە، دەیزانی کێ و چ جۆرە ژنێک دەستی لێدەدات؛ چونکە گوناهبارە!» 40 یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.» وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بفەرموو!» 41 فەرمووی: «کەسێک هەبوو کە دوو قەرزداری هەبوو: یەکێکیان پێنج سەد دیناری قەرز داریبووی، وە ئەوی دیکەیان پەنجا دینار. 42 کاتێک هیچیان نەیانبوو قەرزەکەی بدەنەوە، لە هەردووکیان خۆش بوو. کەواتە پێم بڵێ کامیان زۆرترین خۆشەویستیان بۆی هەیە؟» 43 شیمۆن وەڵامی دایەوە و گوتی: «پێموایە ئەوەی کە زۆرترین قەرزی بەلاوە بوو. ئینجا پێی گوت: «تۆ بە درووستی بڕیارت دا!» 44 ئینجا ڕووی لە ژنەکە کرد، و بە شیمۆنی گوت: «ئەم ژنە دەبینیت؟ من هاتمە ماڵەکەت تۆ ئاوت بۆ نەهێنام پێیەکانم بشۆم! بەڵام ئەو، پێیەکانمی بە فرمێسک شۆردەوە و بە قژی سڕییەوە. 45 تۆ تەنانەت یەک جار ماچت نەکردم! بەڵام ئەم، لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە وازی لە ماچکردنی پێیەکانم نەهێناوە. 46 تۆ سەرمت بە ڕۆن چەور نەکرد! بەڵام ئەم ژنە، بۆنی خۆشی لە پێیەکانم دا. 47 هەر بۆیە پێتان دەڵێم: ئەگەرچی زۆر گوناهباریش بێت، هەمووی بەخشران. بە هۆی ئەو خۆشەویستیە زۆرەی كە دەریبڕی. بەڵام ئەوەی کەم بەخشرا، کەمی خۆشەویستی دەربڕی!» 48 ئینجا پێی گوت: «گوناهەکانت بەخشران!» 49 ئەوانەی لەگەڵیدا دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا دەیانپرسی: «ئەمە کێیە لە گوناهەکانیش خۆش دەبێت؟» 50 بە ژنەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. بڕۆ لە ئاشتیدا بە!»