بەشی٤

1 کاتێک یەشوا زانی فەریسیەکان بیستویانە کە ئەویش قوتابی هەیە و لە یۆخەنان زیاتر خەڵکی لە ئاو هەڵکێشاوە، 2 هەرچەندە یەشوا خۆی خەڵکی لە ئاو هەڵنەدەکێشا بەڵکو قوتابییەکانی، 3 ناوچەی یەهودیای بەجێهێشت و گەڕایەوە گەلیلی. 4 جا دەبووایە بە ناوچەی سامریدا تێبپەڕێت، 5 ئیتر گەیشتە شارۆچکەیەک، پێی دەگوترا سۆخار، نزیک بوو لەو پارچە زەوییەی یاکۆڤ دابوویە یۆسپی کوڕی، 6 بیرەکەی یاکۆڤ لەوێ بوو. جا لەبەر ئەوەی یەشوا لەگەشتەکە ماندوو بوو، لەلێواری بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر شەش بوو. 7 ژنێکی سامرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، یەشوا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ!» 8 لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن. 9 جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ یەهودی و منیش سامرییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە یەهودییەکان تێکەڵی سامرییەکان نابن. 10 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە، و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت: ئاوم بدەرێ، ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت!» 11 ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆڵکەت پێ نیە، و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟ 12 ئاخۆ تۆ لە یاکۆڤی باوکمان گەورەتریت کە ئەو بیرەی بۆجێهێشتووین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردۆتەوە؟» 13 یەشوا پێی فەرموو: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. 14 بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێت». 15 ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان». 16 یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ مێردەکەت بانگ بکە و بگەڕێوە ئێرە». 17 ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نیە!» یەشوا پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی: مێردم نیە 18 لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئەوەی ئێستاش لەگەڵی دەژی مێردت نیە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت!» 19 ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، وای دەبینم کە تۆ پێغەمبەر بیت. 20 باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن یۆرشەلایم ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت». 21 یەشوا پێی فەرموو: «ئەی ژن باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە یۆرشەلایم. 22 ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئێمە ئەوە دەپەرستین کە دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە یەهودەوەیە. 23 بەڵام کاتێک دێت، کە ئێستایە، خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە گیان و ڕاستی باوک دەپەرستن. چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستیە دەکات. 24 خودا گیانە، وە پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە گیان و ڕاستی بیپەرستن». 25 ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەشیاخ دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە کاتێک هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت». 26 ئەویش وەڵامی دایەوە: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات!» 27 لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن، و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس پێی نەگوت: «چیت لێی دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟» 28 ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکەکەی گوت: 29 «وەرن ئەو کەسە ببینن کە هەرچیەکم کردووە بۆی ئاشکرا کردم! لەوانەیە مەسیحەکە بێت؟» 30 ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای. 31 لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی کرد: «مامۆستا، شتێک بخۆ» 32 بەڵام پێی فەرموون: «من خواردنێکم هەیە دەیخۆم کە ئێوە نایزانن». 33 جا قوتابییەکان لە یەکیان پرسی: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟» 34 یەشوا پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. 35 ئەی ئێوە ناڵێن: دوای چوار مانگیتر کاتی دروێنە دێت! منیش پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. 36 دروێنەکار کرێ وەردەگرێت، و بۆ ژیانی هەتاهەتایەکەی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و دروێنەکار پێکەوە دڵشاد بن، 37 تا ئەو وتەیە ڕاست دەرچێت: یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات. 38 من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون، کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون، و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن». 39 زۆر لە سامرییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بەیەشوا هێنا بەهۆی قسەی ئەو ژنەی کە شایەتیدا: «هەرچیەکم کردووە بۆی ئاشکرا کردم». 40 وە کاتێک لای بیرەکە پێیگەیشتن تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە، 41 ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانیەوە باوەڕیان هێنا، 42 بە ژنەکەیان گوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە ئێمە باوەڕ ناهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و ناسیمان ئەوە بەڕاستی ڕزگارکەرەکەی جیهانە!» 43 پاش ئەو دوو ڕۆژە یەشوا سۆخاری، بەجێهێشت و چوو بۆ ناوچەی گەلیلی، 44 چونکە خۆی فەرموو بووی: « پێغەمبەر لە شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت!» 45 کاتێک گەیشتە گەلیلی خەڵکەکەی پێشوازییان لێی کرد، چونکە ئەوانیش بۆ جەژن هاتبوون و هەموو ئەو شتانەیان بینی بوو کە لە جەژنی پەسخە، لە یورشلایم کردبووی. 46 یەشوا گەیشتە کانا لە ناوچەی گەلیلی، کە لەوێ ئاوی گۆڕی بو بۆ شەراب. لە شارۆچکەی کەفەرناخوم کاربەدەستێکی پاشا هەبوو، کوڕێکی نەخۆشی هەبوو. 47 کاتێک بیستی یەشوا لە یەهودیاوە هاتووەتە گەلیلی، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ کەفەرناخوم بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو. 48 یەشوا پێی فەرموو: «ئێوە باوەڕناهێنن ئەگەر پەرجووی سەرسوڕهێنەر نەبینن!» 49 کاربەدەستەکەش لێی پاڕایەوە و گوتی: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت وەرە!» 50 یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت!» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە یەشوا پێی فەرموو، و ڕۆیشت. 51 کە بە ڕێگاوە بوو، کۆیلەکانی تووشی بوون و هەواڵیان پێدا کە کوڕەکەی زیندووە، 52 پرسیاری لێکردن لە چ کاتێکدا چاک بۆوە، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ، تایەکە بەریدا». 53 باوکەکە زانی لەو کاتە بووە کە یەشوا پێی فەرمووبوو: «کوڕەکەت دەژیێت». ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا. 54 ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە یەشوا کردی دوای ئەوەی لە یەهودیاوە هاتە گەلیلی.