بەشی ٣

1 یەکێک لە فەریسییەکان، ناوی نیکۆدیمۆس بوو، ئەندام بوو لە ئەنجومەنی یەهود، 2 بە شەو هاتە لای یەشوا و پێی گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ مامۆستایەکی لە خوداوە هاتوویت، چونکە کەس ناتوانێت ئەو پەرجووانە بکات کە تۆ دەیکەیت ئەگەر خودای لەگەڵ نەبێت». 3 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: هیچ کەسێک ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت تا سەرلەنوێ لەدایک نەبێتەوە». 4 نیکۆدیمۆس پرسیاری لێکرد: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لە دایک بێتەوە؟ خۆ ناتوانێت دووبارە بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە؟» 5 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: کەس ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا تا لە ئاو و لە گیان لەدایک نەبێت. 6 ئەوەی لە جەستە لەدایک بوو جەستەیە، ئەوەی لە گیان لەدایک بوو گیانە. 7 سەرسام مەبە کە پێم گوتی دەبێت سەر لەنوێ لە دایک ببنەوە. 8 با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە گیانەکە لەدایک بووە ئاوایە». 9 دیسان نیکۆدیمۆس پرسیاری کرد: «چۆن دەکرێ ئەمانە ڕووبدەن؟» 10 یەشوا وەڵامی دایەوە: «تۆ مامۆستایەکی یەسرائیلی و ئەمە نازانیت! 11 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەوەی دەیزانین دەیڵێین و ئەوەی دەیبینین شایەتی بۆ دەدەین، ئێوەش شایەتیمان پەسەند ناکەن. 12 من باسی شتە زەمینییەکان دەکەم و باوەڕ ناکەن، جا چۆن باوەڕدەکەن ئەگەر باسی شتە ئاسمانیەکانتان بۆ بکەم؟ 13 کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان جگە لەوەی لە ئاسمان دابەزیوە، ئەویش ڕۆڵەی مرۆڤە ئەوەی لە ئاسمان بوو. 14 وەک موشە لە چۆڵەوانی مارەکەی هەڵواسی، دەبێت ئاواش ڕۆڵەی مرۆڤ هەڵبواسرێت، 15 تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت. 16 لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست تەنانەت ڕۆڵە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت. 17 چونکە خودا ڕۆڵەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان داوەری بکات، بەڵکو جیهان بە ئەو ڕزگاری ببێت، 18 ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت تاوانبار ناکرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا تاوانبار دەکرێت، چونکە باوەڕی بە ناوی ڕۆڵە تاقانەکەی خودا نەهێناوە. 19 ئەمەش داوەرییەکەیە: ڕووناکییەکە هات، بۆ جیهان بەڵام خەڵک تاریکییەکەیان خۆشتر ویست، لە ڕووناکییەکە، چونکە کردەوە کانیان خراپ بوو. 20 چونکە هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکە دەبێت و نایەتە لای نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت. 21 بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕاستیەکە بڕوات دێتە لای ڕووناکییەکە تاکو دەربکەوێت کردەوەکانی بەتوانای خودا ئەنجامداوە». 22 لە دوای ئەمانە یەشوا و و قوتابییەکانی هاتنە خاکی یەهودیا، لەوێ لەگەڵیان مایەوە و خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. 23 یۆخەنان لە ئەینونی نزیک شاری شالیم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا چونکە لەوێ ئاو زۆر بوو، ئیتر خەڵک دەهاتن و لە ئاو هەڵدەکێشران. 24 چونکە یۆخەنان هێشتا نەخرابووە زیندانەوە. 25 لەوێ دەربارەی پاککردنەوە گفتوگۆیەک کەوتە نێوان قوتابییەکانی یۆخەنان و یەهودییەک. 26 قوتابییەکانی هاتنە لای یۆخەنان و پێیان گوت: «مامۆستا، ئەوە پیاوەی لەوبەری ڕووباری ئەردەن بینیمان لەگەڵت، ئەوەی شایەتیت بۆی دا، ئەوەتا خەڵک لە ئاوهەڵدەکێشێت و هەموو خەڵک دەچنە لای ئەو!» 27 یۆخەنان وەڵامی دایەوە: «کەس ناتوانێت شتێک بەدەست بهێنێت ئەگەر لە ئاسمانەوە پێی نەدرابێت! 28 ئێوە شایەتن کە گوتم: من مەسیحەکە نیم، بەڵکو نێردراوم تاکو ڕێگاکەی بۆ ئامادە بکەم. 29 ئەوەی بووکی هەیە، ئەوە زاواکەیە! سەبارەت بە هاوڕێی زاوا، کە لە نزیکی وەستاوە و گوێی لەدەنگی دەبێت، ئەویش خۆشحاڵ دەبێت بە دەنگی زاوا. ئەوەتا خۆشییەکەم کۆتایی هات. 30 دەبێت ئەو زیاد بکات و منیش کەم». 31 ئەوەی لە سەرەوە دێت لە سەرووی هەمووانە. بەڵام ئەوەی لە زەوییەوە دێ، ئەوە زەمینییە، و وەکو کەسێکی زەمینی دەدوێت. ئەوەی لە ئاسمانەوە دێت لە سەرووی هەمووانە، 32 ئەو شایەتی ئەوە دەدات کە بینیویەتی و بیستوویەتی، بەڵام کەس شایەتییەکەی وەرناگرێت! 33 ئەوانەی شایەتییەکەی وەردەگرن، پشت ڕاستی دەکەنەوە کە خودا ڕاستە، 34 چونکە ئەوەی خودا ناردوویەتی بە پەیامی خودا دەدوێت لەبەر ئەوەی خودا بێ سنوور گیان دەبەخشێت. 35 باوک ڕۆڵەکەی خۆشدەوێت، و هەموو شتێکی داوەتە دەستی. 36 ئەوەی باوەڕ بە ڕۆڵەکە بهێنێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبێت. ئەوەی ڕەتیبکاتەوە باوەڕ بە ڕۆڵەکە بهێنێت، هەرگیز ژیانەکە نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر جێگیر دەبێت.