بەشی ٥

1 پاش ماوەیەک لە کاتی جەژنێکی یەهودیەکان یەشوا چوو بۆ یۆرشەلایم، 2 لە یۆرشەلایم لەلای دەروازەی مەڕەکان حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێت‌حەسدا، بە دەوریدا پێنج هۆڵی هەبوو. 3 لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، لە نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، چاوەڕێی جووڵانەوەی ئاوەکە بوون، 4 چونکە هەندێک جار فریشتەیەک دادەبەزی ئاوی حەوزەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەمجار دەچووە ناوی، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە. 5 نەخۆشێک بۆ ماوەی سی و هەشت ساڵ لە لای حەوزەکە بوو، 6 یەشوا بینی لەوێ پاڵکەوتووە دەیزانی ماوەیەکی زۆرە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟» 7 نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کەسم نیە بمخاتە ناو حەوزەکەوە کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت. چەندین جار هەوڵمداوە بڕۆمە ناوی، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی». 8 یەشوا پێی فەرموو: «هەستە نوێنەکەت هەڵبگرە و بڕۆ». 9 هەرلەوکاتەدا کابرا چاک بۆوە نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت. ئەو ڕۆژەش شەبات بوو. 10 یەهودیەکان بەو کابرایەیان گوت کە چاک ببۆوە: «ئەمڕۆ شەباتە. ڕێگە پێدارو نیە نوێنەکەت هەڵگریت!» 11 وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: نوێنەکەت هەڵبگرە و بڕۆ». 12 لێیان پرسی: «ئەو کەسە کێیە کە پێی گوتی: نوێنەکەت هەڵبگرە و بڕۆ؟» 13 بەڵام کابرای چاکبۆوە نەیدەزانی کێیە، چونکە یەشوا لەوشوێنە دورکەوتەوە، کە خەڵک لێی کۆببوونەوە. 14 دوای ئەوە یەشوا ئەوی لە پەرستگا بینیەوە، و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناهە مەکە نەوەک خراپترت بەسەربێت!» 15 پیاوەکە زانی ئەوەی چاکی کردۆتەوە یەشوایە، خێرا ڕۆیشت و هەواڵی بە ڕابەرانی یەهوود دا. 16 یەهودیەکان دەستیان کرد بە چەوسانەوەی یەشوا لەبەرئەوەی ئەو کارانەی لە ڕۆژی شەباتدا دەیکرد. 17 بەڵام یەشوا پێی فەرموون: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم!» 18 لەبەر ئەم هۆیەش یەهودیەکان هەوڵی زیاتریان دەدا بیکوژن، نەک تەنها لەبەر ئەوەی شەباتی شکاند، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکیەتی، خۆی بە خودا یەکسان دەکرد. 19 یەشوا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم ڕۆڵەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات، بەڵکو ئەوە دەکات کە دەبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، ڕۆڵەکە دەیکات، 20 باوک ڕۆڵەکەی خۆی خۆشدەوێت، و هەموو ئەوانەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاوەکو سەرسام ببن. 21 هەروەک باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، ڕۆڵەکە کێی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە. 22 باوک کەس داوەری ناکات، بەڵکو هەموو داوەریەکی بە ڕۆڵەکە داوە، 23 تاکو هەموو ڕێزی ڕۆڵەکە بگرن وەک چۆن ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی ڕۆڵەکە نەگرێ ڕێزی باوکی نەگرتوە کە ناردوویەتی. 24 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وتەکانم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و لە ڕۆژی دوایی تاوانبار ناکرێت، چونکە لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. 25 ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم: ئەو کاتەی کە مردووەکان گوێیان لە دەنگی ڕۆڵەی خودا دەبێت، دێت کە ئێستایە ئەوانەی گوێیان لێدەبێت زیندوودەبنەوە. 26 چونکە وەک چۆن باوک ژیانی لە خۆیدایە، بە ڕۆڵەکە دراوە ژیانی لە خۆیدابێت، 27 دەسەڵاتی داوەریشی داوەتێ، چونکە ئەو ڕۆڵەی مرۆڤە. 28 لەوە سەرسام مەبن: چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن، 29 لێی دێنە دەرەوە: ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بەرەو ژیان، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بەرەو داوەریی دەچن. 30 وە من لە خۆمەوە هیچ شتێک ناکەم، بەڵکو وەک دەبیستم داوەری دەکەم، داوەریەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە هەوڵی هێنانە دی خواستی خۆم نادەم بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. باوک شایەتی دەدات بۆ ڕۆڵەکە 31 ئەگەر خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاست نیە، 32 بەڵام یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، من دەزانم شایەتییەکەی ئەو لەسەرمن ڕاستە. 33 نێردراوتان ناردە لای یۆخەنان ئەویش شایەتی بۆ ڕاستیەکە دا. 34 من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم لەپێناو ڕزگاربونتان، 35 یۆخەنان چرایەکی هەڵگیرساو و درەوشاوە بوو، دەتانویست بۆ ماوەیەکی دیاریکراو چێژ لە ڕووناکییەکەی وەربگرن. 36 بەڵام من شایەتیەکم هەیە لەوەی یۆخەنان مەزنترە، شایەتی ئەو کارانەی باوک ڕایسپاردم تەواوی بکەم، ئەم کارانە کە دەیان کەم خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن و دەریدەخەن کە باوک منی ناردووە، 37 باوکیش کە ناردوومی خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە، و ڕواڵەتیتان نەبینیوە، 38 وتەکانی لە دڵی ئێوەدا ناچەسپێت، چونکە ئێوە ئەو کەسە بەڕاست نازانن کە ناردوویەتی. 39 ئێوە پەرتووک دەپشکنن، چونکە پێتان وایە بەرەو ژیانی هەتاهەتایی ڕێنمایتان دەکات. ئەم پەرتوکانەش شایەتیم بۆ دەدەن، 40 بەڵام ڕەتیدەکەنەوە بێنە لام تاوەکو ژیانتان هەبێت. 41 شکۆمەندی لە خەڵک وەرناگرم. 42 بەڵام دەتانناسم، دەزانم کە خۆشەویستی خودا لە دڵتاندا نیە. 43 بەناوی باوکمەوە هاتووم وەرتان نەگرتم، بەڵام پێشوازی لەوە دەکەن کە بە ناوی خۆیەوە دێت. 44 چۆن باوەڕم پێدەکەن لە کاتێکدا شکۆمەندی لە یەکتر وەردەگرن، بەبێ ئەوەی بەدوای ئەو شکۆمەندییەدا بگەڕێن ئەوەی تەنها خودا دەیبەخشێت! 45 وا گومان مەبەن لەلای باوک سکاڵاتان لێ بکەم، یەکێکیتر لەوێ هەیە سکاڵاتان لێ بکات، ئەویش موشەیە ئەوەی هیواتان پێیەتی. 46 ئەگەر باوەڕتان بە موشە بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی. 47 ئەگەرئێوە نووسراوی موشە بەڕاست نەزانن، چۆن وتەکانی من بەڕاست دەزانن؟»