بەشی ٣

1 لەبەر ئەوەی ئێوەش لەگەڵ مەسیحدا هەستاونەتەوە، بۆ ئەو شتانەی کە لە سەرەوەن تێبکۆشن، چونکە مەسیح لە ڕاستەی خودا دانیشتووە. 2 گرنگی بدەن بەو شتانەی کە لە سەرەوەن ، نەک بە شتە زەمینیەکان. 3 چونکە ئێوە مردبوون، و ژیانتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاراوەتەوە. 4 کاتێک مەسیح کە ژیانی ئێمەیە، کە دەرکەت، ئەوا ئێوەش لەگەڵیدا بە شکۆمەندی دەردەکەون. 5 کەواتە ئارەزووە زەمینیەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەسبازی، ئارەزووی خراپ، چاوبرسیێتی کە بتپەرستیە. 6 بەهۆی ئەم گوناهانەوە تووڕەیی خودا دادەبەزێت، 7 ئێوە پێشتر بەم رێگەدا ڕۆیشتوون، کاتێک تێیدا ژیابوون. 8 بەڵام ئێستا، هەموو ئەم گوناهانە لە خۆتان داماڵن: تووڕەیی، قین، ئارەزووی خراپەکاری، کوفر، و قسەی نەشیاو کە لە دەمتان دێتە دەرەوە. 9 درۆ لەگەڵ یەکتر مەکەن، چونکە مرۆڤی کۆن و کردەوەکانیتان داکەندووە و 10 مرۆڤێکی نوێتان لەبەر کردووە ئەوەی نوێ بۆتەوە بۆ پێگەیشتن لە زانیاری تەواو بە پێی وێنەی بەدیهێنەرەکەی. 11 لەوێشدا جیاوازی نییە لە نێوان یۆنانی و یەهودی، یان خەتەنەکراو و خەتەنەنەکراو، یان شارستانی و دواکەوتوویی، یان کۆیلە و ئازاد، بەڵکوو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەموو شتێکدا. 12 بۆیە، ئێوە کە گەلی پیرۆزی خۆشەویست و هەڵبژێردراوی خودان، میهرەبانی و نیانی و بێفیزی و دڵنەرمی و پشوو درێژی لەبەر بکەن، 13 بەرگەی یەکتر بگرن و لە یەکتر خۆش بن. ئەگەر هەریەکێک لە ئێوە سکاڵای لە ئەوەی دیکە هەبێت، وەک چۆن پەروەردگار لێتان خۆش بوو، ئێوەش هەروا. 14 وە لە سەرووی هەمووشیانەوە خۆشەویستی لەبەر بکە کە پەیوەستە بە کامڵ بوونەوە. 15 با ئاشتی مەسیح فەرمان لەسەر دڵتان بکات، کە بە یەک جەستە بۆ ئەو بانگکرابوون؛ سوپاسگوزار بن! 16 با وشەی مەسیح بە دەوڵەمەندی لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، بەوپەڕی داناییەوە، ئامۆژگاری یەکتر بکەن و یەکتر فێر بکەن، زەبور و سروودی گیانی لە دڵتاندا بۆ خودا بڵێن، ستایشەکانتان بۆ ئەو بەرز بکەنەوە. 17 گرینگە هەرچییەک دەکەن، بە قسە یان بە کردار، با هەمووی بە ناوی یەشوای پەروەردگارەوە ئەنجام بدرێت، سوپاسگوزاریتان بەو بەزری بکەنەوە بۆ خودای باوک. 18 ئەی ژنان ملکەچی مێردەکانتان بن وەک چۆن لە پەروەردگاردا گونجاوە ( بۆژیان). 19 ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆش بوێت، و دڵ ڕەقانە مامەڵەیان لەگەڵ مەکەن. 20 ئەی منداڵان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە ئەمە لە پەروەردگاردا مایەی ڕەزامەندیە. 21 ئەی باوکان، لە مناڵەکانتان توڕە مەبەن، نەک شکست بهێنن. 22 ئەی کۆیلە لەهەموو فەرمانێکدا گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن، نەک تەنها ئەو کاتەی کە چاودێریتان دەکەن بۆ ئەوەی دڵی خەڵکی ڕازی بکەن، بەڵکوو بە دڵێکی ڕاستگۆیانە، لە پەروەردگار بترسن. 23 هەرچییەک دەکەن، بە هەموو دڵتانەوە کۆششی بۆ بدەن، وەک بۆ پەروەردگاری بکەن نەک بۆ خەڵکی، 24 دەزانن کە پاداشت دەدرێنەوە بە میراتێک لە پەروەردگارەوە. چونکە ئێوە خزمەتکاری مەسیحی پەروەردگارن 25 بەڵام هەریەکێک خراپەکاری بکات پاداشتی کارە خراپەکەی وەردەگرێت، و خودا لایەنگری لێ ناکات.