بەشی ٣

1 ڕۆژێک کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ پەترۆ و یۆخەنا چوونە پەرستگا بۆ نزاکردن. 2 لە لای دەروازەی پەرستگاکە کە ناوی دەروازەی جوانە، پیاوێک دانیشتبوو کە لە زگماکەوە کەم ئەندام بوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیان دەگرت و لەوێ دایاندەنا و داوای بەخشینی لەوانە دەکرد کە دەچوونە ناو پەرستگاکە. 3 کاتێک بینی پەترۆ و یۆخەنا دەچنە ژوورەوە، داوای بەخشینی لێکردن، 4 بە وردی سەیریان کرد، پەترۆ پێی گوت: «سەیری ئێمە بکە!» 5 چاوی لەسەریان بوو، چاوەڕێی ئەوە بوو بەخشینێکی پێ بدەن. 6 پەترۆ گوتی: «من زیو و زێڕم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە پێت دەبەخشم: بە ناوی یەشوای مەسیحی ناسیرەیی، هەستە و بڕۆ!» 7 بە دەستی ڕاستی هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز چووە ناو پێ و پاژنەی 8 هەستا و دەستی کرد بە ڕۆیشتن، و لەگەڵیان چووە ناو پەرستگاکە و لە خۆشیان بازی دەدا و ستایشی خودای دەکرد. 9 هەموو ئەوانەی لەوێ بوون بینییان کە دەڕۆیشت و ستایشی خودای دەکرد، 10 ئەوان دەیانزانی ئەوە هەر ئەو سواڵکەرە کەم ئەندامەیە لە بەردەم دەروازەی جوان دادەنیشت، بۆیە سەرسام بوون و سەریان سوڕمابوو بەو شتەی بۆی ڕویدا بوو! 11 کاتێک لەگەڵ پەترۆ و یۆخەنا لە هۆڵی پەرستگاکە بوون کە بە هۆڵی شلۆمۆ ناسراوە، خەڵکێکی زۆر بە خێرایی و سەرسوڕمانەوە لە دەوریان کۆبوونەوە، 12 پەترۆ کە ئەمەی بینی پێی گوتن: «ئەی نەوەی یەسرائیل، بۆچی سەرسامن بەوەی کە ڕوویداوە، بۆچی ئاوا چاومان لێدەکەن وەک ئەوەی بە هێز و توانای خۆمان کارێکمان کرد ئەم پیاوە بە ڕێگادا بڕوات؟ 13 خودای ئەڤراهام و یتساخ و یاکۆڤ، خودای باوباپیرانمان، بەندەی خۆی شکۆمەند کردووە، یەشوا کە ڕادەستتان کرد بۆ ئەوەی بکوژرێت لەبەردەم پیلاتۆسدا نکۆڵیتان لێکرد، هەرچەندە بڕیاری دابوو ئازادی بکات. 14 ئێوە نکۆڵیتان کرد لە پیرۆزە راستودرووستەکە و داوای لێخۆشبوونتان بۆ بکوژێک کرد، 15 ئێوە بەدیهێنەری ژیانتان کوشت. بەڵام خودا لە مردن هەڵیستاندەوە و ئێمەش شایەتحاڵی ئەوەین. 16 بە بەخششی باوەڕ بە ناوی ئەو، ناوی ئەو هێزی بۆ ئەم پیاوە گەڕاندەوە کە دەیبینن و دەیناسن. باوەڕ بە یەشوا ئەوەی کە تەندروستی تەواوی بە ئامادەبوونی هەمووتان بەم کەسە بەخشی. 17 ئەی برایان دەزانم کە ئێوە و سەرۆکەکانتان بە نەزانی رەفتارتان لەگەڵ مەسیح کردووە، 18 بەڵام خودا ئەوەی بۆ هەموو پێغەمبەرەکانی ئاشکرا کردبوو، کە مەسیحەکە دەبێ ئازار ببینێت، هێنایە دی. 19 کەواتە پاشگەز ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی خودا گوناهەکانت بسڕێتەوە، 20 ڕۆژانی ڕزگاریتان دێت لەلایەن پەروەردگارەوە، یەشوای مەسیح کە بۆ جاری دووەم دەگەڕێتەوە، وەک چۆن پێشتر بۆتان دیاری کراوە، 21 چونکە مەسیح دەبێت لە ئاسمان بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کە چاکسازی هەمەلایەنە لە هەموو شتێک ڕوودەدات وەک خودا لە کۆنەوە بە سروش بۆ پێغەمبەرە راستودرووستەکانی ئاشکرای کردووە. 22 موشە فەرمووی: خودا پێغەمبەرێکی وەک من لە ناو براکانتانەوە بۆتان دەنێرێت بۆیە گوێ لە هەموو ئەو شتانە بگرن کە پێتان دەڵێت. 23 بەڵام هەرکەسێک گوێی پێ نەدات لە ناو خەڵکدا لەناو دەچێت. 24 بە هەمان شێوە هەموو پێغەمبەران پێشبینی ئەم کاتانەیان کردووە، لە شمۆئیلەوە تا ئەوانەی دوای ئەو هاتوون، 25 وە ئێوە نەوەی ئەم پێغەمبەرانەن، و ڕۆڵەی ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوباپیرانمان داینابوو کاتێک بە ئەڤراهامی فەرموو: لە ڕێگەی نەوەکانتەوە گەلانی زەوی بەرەکەتدار دەبن. 26 لە پێناو ئێوەدا پێش هەموو شتێک خودا یەشوای لە مردن هەستاندەوە و ناردی بۆ ئەوەی بە دوورخستنەوەی هەریەکێکتان لە خراپەکارییەکانی بەرەکەت بخاتە سەرتان».