بەشی ٣

1 ئەمە بزانن: ڕۆژانی کۆتایی دژوار دەبێت؛ 2 چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارە پەرستن، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمان پیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، 3 بێ خۆشەویستین، لێبوردە نین، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، 4 ناپاکن، توند ڕەون، خۆدەرخەرن، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، 5 بە ڕواڵەت خودا پەرستن، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن، بۆیە دووربکەونەوە لەم کەسانە! 6 ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە دزییەوە دەچنە ماڵەکان، ژنە لاوازەکان دەخەنە داوی خۆیانەوە کە بارگرانی گوناهەن، و شوێن ئارەزووەکانیان کەوتوون، 7 هەمیشە گوێ لە فێرکردن دەگرن، بەڵام هەرگیز ناتوانن بە تەواوی بگەنە ناسینی ڕاستییەکە! 8 هەروەک چۆن دوو (جادووگەرەکە) یەنیس و یەمبریس بەرەنگاری موشە بوونەوە، بە هەمان شێوە ئەم دووانە بەرەنگاری ڕاستی دەبنەوە؛ کەسانێک کە بیرکردنەوەیان گەندەڵە، و سەلماندوویانە کە شایستەی باوەڕ نین. 9 بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گەمژەیی ئەوان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، هەروەک چۆن گەمژەیی ئەو دوو پیاوەی باسکران دەرکەوت. 10 بەڵام تۆ، پەروەردە، و ڕەفتار، و باوەڕ، و ئامانج، و بەرگەگرتنی دژواری، و خۆشەویستی، و خۆڕاگری، من باش دەزانی. 11 هەروەها ئەو چەوسانەوە، و ئازارانەی کە بەسەرمدا هات لە شارەکانی ئەنتاکیە و کۆنیا و لیسترا و شارەکانی تر؛ بەرگەم گرت، و پەروەردگار لە هەموویان ڕزگاری کردم! 12 بەڕاستی، هەموو ئەوانەی بڕیار دەدەن ژیانێکی خوداپەرستانە لە یوشوای مەسیحدا بژین تووشی چەوساندنەوە دەبن. 13 سەبارەت بە خەڵکانی خراپەکار و چەواشەکار و فێڵبازەکان، لە خراپەکاریدا پێشەنگن، و ئەوانی تریش گومڕا دەکەن هەروەک خۆیان گومڕا بوون! 14 بەڵکو پێویستە لەسەر ئەو شتانەی فێربوویت بە چەسپاوی بمێنیتەوە و بە تەواوی دڵنیا بیت، چونکە دەزانیت لەسەر دەستی کێ فێربوویت. 15 بزانە لە گەنجییەوە نوسراوە پیرۆزەکانت ناسیوە، کە توانای ئەوەیان هەیە دانات بکەن بۆ گەیشتن بەو ڕزگارییەی کە لە ڕێگەی باوەڕبوونە بە یەشوای مەسیح. 16 نووسراوەکان هەموو ئەوەی تێیدایە، سرووشی خودایە؛ بەسوودە بۆ فێرکردن و سەرزەنشتکردن و ڕاستەڕێکردن و ڕاهێنانی مرۆڤ لە ڕاستودروستیدا، 17 بۆ ئەوەی خزمەتکاری خودا بە تەواوی ئامادەبێت، بۆ هەموو کارێکی باش.