بەشی ٤

1 لەبەردەم خودا و مەسیحدا کە بڕیار لەسەر زیندووان و مردووان دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی داوات لێدەکەم، 2 بەتەواوی سەرقاڵی ڕاگەیاندنی وشەکە بە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاودا خەڵکی ڕاستەڕێ بکە سەرزەنشت بکە و هانیان بدە و بەوپەڕی پشوودرێژییەوە هەوڵی فێرکردنیان بدە. 3 .چونکە کاتێک دێت خەڵکی بەرگەی فێرکاری دروست ناگرن، بەڵام بەپێی ئارەزووی خۆیان مامۆستایان بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە (ئەو قسانەیان بۆ دەکەن) کە بە گوێیان خۆشە. 4 گوێیان لە ڕاستی لادەدەن، و ڕوو لە گێلایەتی دەکەن. 5 بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا چاو کراوەبە، بەرگەی دژواری بگرە، کاری مزگێنیدان بکە، خزمەتەکەی خۆت تەواو بکە. 6 سەبارەت بە من، ئامادەم لە ئێستاوە وەک خواردنەوەی قوربانی بڕژێم، و کاتی مردنم نزیکە. 7 من تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، ئێستاش گەیشتوومەتە کۆتایی پێشبڕکێکە، و باوەڕەکەم پاراستووە. 8 بەڵام ئێستا چاوەڕێی تاجی ڕاستودروستیم کە بۆم تەرخانکراوە، کە پەروەردگار دادوەری ڕاستودروست لەو ڕۆژەدا پێم دەدات؛ تەنها بە من نادرێت، بەڵکو بە هەموو ئەوانەی کە تامەزرۆی بینینی ئەون. 9 کۆشش بکە خێرا وەرە لام، 10 چونکە دیماس، کە ئەم ژیانەی ئێستای خۆشدەویست، جێی هێشتم و چووە شاری تەسالۆنیکی. سەبارەت بە كريسكيس، ئەو چووە هەرێمی گەلاتیە، و تیتۆس بۆ دەلماتیا 11 تەنها لوقا بە تەنیا لەگەڵمدا ماوەتەوە. بڕۆ لای مارکۆس و لەگەڵ خۆتدا بیهێنە، چونکە لە خزمەتکردندا سوودی بۆ من دەبێت. 12 سەبارەت بە تیخیکۆس، من ناردم بۆ شاری ئەفەسۆس. 13 کاتێک هاتیت، ئەو کەوایە لەگەڵ خۆت بهێنە کە لە ترۆئاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، تۆمارەکانیش بهێنە، بە تایبەت دەستنووسەکان. 14 ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەکاری کردووە، پەروەردگار بە پێی کارەکانی سزای دەدات. 15 ئاگاداری ئەو بن، چونکە بە توندی بەرەنگاری قسەکانی ئێمە بۆتەوە. 16 کاتێک بۆ یەکەمجار لە دادگاییەکەمدا بەرگریم لەخۆم کرد، کەس پشتی نەگرتم، بەڵکو هەمووان وازی لێهێنام، خودا لەسەر ئەمە لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکات! 17 بەڵام پەروەردگار لە تەنیشتم وەستا و هێزی پێدام، بۆ ئەوەی مژدە لە ڕێگەی منەوە ڕابگەیەنرێت، تا هەموو نەتەوەکان بیبیستن؛ کە لە دەمی شێر دەرباز بووم. 18 پەروەردگار لە هەموو کارێکی خراپ ڕزگارم دەکات و دەمپارێزێت بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. شکۆمەندی بۆ ئەوە هەتاهەتایە، ئامین! 19 سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا، و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە. 20 ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە. بەڵام تروفیمۆسم، لە میلیتۆس بە نەخۆشی بەجێهێشت. 21 کۆشش بکە پێش هاتنی زستان بێی بۆ لام. یۆپولۆس و پودیس و لینوس و کلۆدیا و هەموو خوشک و براکان سڵاوتان لێدەکەن. 22 پەروەردگار لەگەڵ گیانت بێت، با بەخششت لەگەڵ بێت!