بەشی ٣

1 پێتان وایە جارێکی تر دەست بکەینەوە بە ستایشکردنی خۆمان؟ یان پێتان وایە هەندێکمان پێویستمان بە نامەی پشتگیری هەیە کە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە وەریبگرین؟ 2 ئێوە ئەو نامەی پشتگیرییەن، کە لە دڵماندا نووسراوە، کە هەموو مرۆڤەکان دەتوانن بیزانن و بیخوێننەوە. 3 وە بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە ئێوە پەیامەکەی مەسیحن کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە گیانی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختە بەرد، بەڵکو لە سەر پەڕەی دڵی مرۆڤ. 4 ئەمە متمانەی مەزنی ئێمەیە بەرامبەر بە خودا بە مەسیح: 5 ئەوە نییە کە ئێمە خۆبژێو بین بۆ ئەوەی بانگەشەی شتێک بکەین بۆ خۆمان، بەڵکو لێهاتوویی ئێمە لە خوداوەیە. 6 کە وای لێکردین بتوانین خزمەتکاری پەیمانێکی نوێ بین کە نەک لەسەر بنەمای پیت بەڵکو لەسەر بنەمای گیان. پیتەکە بەرەو مردن دەتانبات؛ بەڵام گیانەکە ژیان دەبەخشێت. 7 بەڵام، ئەو کاتە خزمەتەکە بووە هۆی مردن کە پیتەکانی لەسەر تەختەیەکی بەرد هەڵکەندرابوون، بە شکۆمەندی دەستی پێکرد، تەنانەت نەوەی یەسرائیل نەیانتوانی سەیری ڕووخساری موشە بکەن، لەبەر شکۆمەندی ڕووخساری، ئەو شکۆمەندییە زوو بەسەر چوو، 8 ئایا گونجاوتر نییە کە خزمەتکردنی گیانەکە لە شکۆمەندیدا ڕەگی داکوتابێت؟ 9 ئەگەر ئەو خزمەتەی کە تاوانبارکردنی هێنا شکۆمەند بێ، ئەو خزمەتەی کە ڕاستودروستی دەهێنێت چەندە شکۆمەندترە! 10 تەنانەت ئەوەی پێشتر شکۆمەند بوو بەم شێوەیە شکۆمەند نەبوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شکۆمەندییەی کە سەرکەوتووترە. 11 ئەگەر شکۆمەندی هاوڕێی ئەو شتە بێت کە زوو بەسەر دەچێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر شکۆمەندە! 12 بەو پێیەی ئێمە هیوایەکی پتەومان هەیە، بە بوێرییەکی زۆرەوە کار دەکەین. 13 ئێمە وەک موشە نین ڕووی خۆی دادەپۆشی تاکو نەوەی یەسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی بەسەرچووی نەکەن. 14 بەڵام بیر کوێر بوون، چونکە ئەو داپۆشراوییە تا ئەمڕۆش کە پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هێشتا هەیە، و تەنها لە مەسیحدا لا دەچێت 15 بەڵام ئەو داپۆشینە له ئەمڕۆشدا له سەر دڵیان دانراوه که پەرتووکی موشە ده خوێننەوه. 16 بەڵام کاتێک بە دڵ ڕوویان لە پەروەردگار کرد، ئەو داپۆشراوییە لادەبرێت. 17 چونکە پەروەردگار گیانەکەیەو گیانی پەروەردگار لە کوێ بێت، ئازادی لەوێیە. 18 لە کاتێکدا هەموومان بە ڕووخسارێکەوە وەک ئاوێنەیەکی دانەپۆشراو سەیری شکۆمەندی پەروەردگار دەکەین، لە شکۆمەندییەکەوە دەگۆڕدرێین بۆ شکۆمەندییەکی تر بۆ ئەوەی بگۆڕدرێین بۆ سەروێنەی ئەو، ئەمەش لە پەروەردگارەوەیە کە گیانەکەیە.