بەشی ٢

1 لەبەر ئەوە بڕیارمدا هاتنی من بۆ لاتان نەبێتە هۆکارێک بۆ خەم و پەژارەتان، 2 ئەگەر من خەمبارتان بکەم کێ دڵخۆشم بکات جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟ 3 هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەوەی لێرە دەنووسم بۆتان، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم خەمبار نەبم لەوانەی پێویستە پێیان شادبم. متمانەم بە هەمووتان هەیە کە خۆشی من خۆشی هەمووتانە. 4 ئەوەی پێشتر بۆم نووسیبوون لە تەنگانە و خەمۆکییەکی زۆرەوە سەرچاوەی گرتووە لە دڵمدا، و بە فرمێسکی زۆرەوە بوو. مەبەستم نەبوو دڵتەنگتان بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەی ئەو خۆشەویستییە سەرڕێژە بزانن کە من بۆتانم هەیە. 5 ئەگەرکەسێک بۆتە هۆی غەمباری، ئەوا تەنها منی غەمبار نەکردووە، بەڵکو تاکو ڕادەیەک هەمووتانی غەمبار کردووە، ئەگەر بۆ ئەمە زیادەڕەویم نەکردبێت! 6 ئێستا، ئەو سزایەی کە زۆربەتان بەسەریدا سەپاندووتانە بەسە بۆ ئەم پیاوە تاوانبارە. 7 بەپێچەوانەوە، ئێستا باشترە بۆ ئێوە لێی خۆشبن و هانی بدەن، ئەگینا لەوانەیە تووشی خەم و پەژارەیەکی زۆر ببن. 8 بۆیە داواتان لێدەکەم کە لە خۆشەویستی خۆتان دڵنیای بکەنەوە. 9 ئەوەی بۆم نووسین بە ئامانجی تاقیکردنەوەشتان بوو، تا بزانم ڕادەی گوێڕایەڵی ئێوە لە هەموو شتێکدا چەندە. 10 ئەگەر لە شتێکدا لێی خۆش بوون، منیش لێی خۆش دەبم. ئەگەر منیش لەبەر شتێک لەو پیاوە خۆش بووم، لەبەر خاتری ئێوە لەبەردەم مەسیحدا لێی خۆش دەبم. 11 بۆ ئەوەی شەیتان دەستمان بە سەردا نەگرێت چونکە ئێمە لە پیلانەکانی ئەو بێ ئاگا نین. 12 کاتێک لە پێناو مزگێنی مەسیح گەیشتمە شاری ترۆئاس، پەروەردگار دەرگایەکی بۆ کردمەوە بۆ ئەوەی خزمەت بکەم 13 گیانم پشوی نەدا چونکە تیتۆسی برام نەدۆزیەوە. بۆیە ماڵئاواییم لە باوەڕدارانی ئەوێ کرد و بەرەو هەرێمی مەکەدۆنیا ڕۆیشتم. 14 بەڵام، سوپاس بۆ خودا کە هەمیشە سەرکردایەتیمان دەکات لە کاروانی سەرکەوتن لە مەسیحدا، و بۆنی خۆشی زانستەکەی لەگەڵ ئێمەدا لە هەموو شوێنێک بڵاودەکاتەوە. 15 چونکە ئێمە بۆنی خۆشی مەسیحین کە بەرەو خودا بەرز دەبێتەوە، هەم لەنێو ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت و هەم لەنێو ئەوانەی لەناو دەچن بڵاودەبێتەوە: 16 هەندێکیان بۆنێکی تێدایە لە مردن و بەرەو مردن، ئەوانیش بۆنێک لە ژیانەوە بەرەو ژیان. ئایا کێ شیاوە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە؟ 17 ئێمە وەک زۆر کەس بازرگانی بە قسەی خوداوە ناکەین، بەڵکو بە دڵسۆزی و لە خوداوە، لەبەردەم خودادا، بە مەسیح قسە دەکەین.