بەشی ١١

1 خۆزگە ئێوە لە راستیدا بەرگەی هەندێک گێلایەتی منتان دەگرت، لە ڕاستیشدا ئێوە بەرگەم دەگرن. 2 چونکە من بە ئیرەییەکی خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، لە پیاوێک نیشانەم کردن کە مەسیحە، تا وەک پاکیزەیەک پێشکەشتان بکەم. 3 بەڵام دەترسم کە ئەقڵتان لە دڵسۆزی و پاکی بەرامبەر مەسیح بەلاڕێدا بڕوات هەروەک چۆن مار بە فێڵبازییەکەی حەوای فریودا. 4 جا ئەگەر هەرکەسێک بێتە لاتان بانگەشەی یەشوایەکی تر بکات کە ئێمە بانگەشەمان بۆ نەکردووە، یان گیانێکی تر وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرتووە، یان مزگێنێک پەسەند بکەن جیاواز لەوەی پەسەندتان کردووە، ئەوا بە هەموو خۆشییەکەوە وەری دەگرن. 5 لە هیچ شتێکدا خۆم لە نێردراوە باڵاکان بە کەمتر دانانێم. 6 هەرچەندە بە زمانی خەڵکی ئاسایی قسە دەکەم کە رەوان نییە، بەڵام زانیاریم کەم نییە. ئێمە تەنها لە هەموو شتێکدا بە ئامادەبوونی هەمووان ئەمەمان بۆ ئێوە ئاشکرا کردووە. 7 کەواتە ئایا تاوانی منە کە بەبێ هیچ پاداشتێک مزگێنیەکەم پێ ڕاگەیاندوون، بەم شێوە رێزی خۆمم کەم کردەوە بۆ ئەوەی ئێوە رێزدار بن؟ 8 من بە وەرگرتنی بەخشین لە کڵێساکانی تر ستەمم کرد تا بتوانم خزمەتتان بکەم. 9 کاتێک لەگەڵ ئێوە بووم و پێویستیم هەبوو، بۆ هیچتان نەبوومە بارگرانی. پێویستیەکانی من لەلایان ئەو برایانە کە لە هەرێم مەکەدۆنیا هاتبوون دابینکرا. من خۆمم پاراستووە، خۆشم دەپارێزم، لەوەی لە هەر شتێکدا کە ببێتە بارگرانی بۆ ئێوە. 10 تا ئەو کاتەی ڕاستی مەسیح لە مندایە، کەس لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازییەم لێ وەرناگرێت! 11 بۆچی؟ ئایا چونکە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت! 12 بەڵام، ئەوەی ئەنجامی دەدەم و دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەلپەرستان بنبڕ بکەم کە شانازی دەکەن وبەدوای هەلێکدا دەگەڕێن وا پیشان بدەن وەک ئێمەن. 13 ئەم جۆرە کەسانە نێردراوانی درۆزن، و کرێکاری فێڵبازن، کە خۆیان وەک نێردراوی مەسیح نیشان دەدەن. 14 سەیر نییە! شەیتان خۆی وەک فریشتەی ڕووناکی ئاشکرا دەکات. 15 کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆی لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخات. سزاکەیان بەپێی کردەوەکانیان دەبێت. 16 دیسان دەیڵێمەوە: با کەس وا بیر نەکاتەوە کە من گێلم، ئەگەر گەمژەش بم پەسەندم بکەن، بۆ ئەوەی منیش کەمێک شانازی بکەم! 17 ئەوەی لێرەدا باسی دەکەم، بەپێی پەروەردگار قسە ناکەم، بەڵکو وەک لە گێلایەتییەوە بێت، و ئەم متمانەیەم هەیە کە وا دەکات شانازی بکەم: 18 بەو پێیەی زۆر کەس شانازی بەو شتانەوە دەکەن کە لەگەڵ جەستەدا گونجاوە، منیش شانازی دەکەم. 19 لەبەر ئەوەی خۆتان ئەوەندە ژیرن، بە خۆشحاڵییەوە بەرگەی گەمژەکان دەگرن! 20 چونکە بەرگەی هەموو ئەوانە دەگرن، کە دەتانکەنە کۆیلە، و دڕندە، و بەکارتان دەهێنن، خۆیان بەگەورە دائەنێن بەرامبەر بە ئێوە، و لێتان دەدەن. 21 چ سووکایەتییەکە! چەند لاواز بووین لە مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئێوە! بەڵام، کە گەمژانە قسە دەکەم، هەرچییەک ئەوان دەوێرن بیکەن، منیش دەوێرم. 22 ئەگەر ئەوان عیبرانی بن، منیش هەروا. یان یەسرائیلی بن، منیش هەروا؛ یان لە نەوەی ئەڤراهام بن؛ منیش هەروەها! 23 ئەگەر ئەوان خزمەتکاری مەسیح بن، وەک ئەوەی ژیرمەندیم لەدەستدا بێت کاتێ قسە دەکەم، چونکە من لەوان باڵاترم: زۆرترین زەحمەتم کێشاوە، لە ڕادەبەدەر دارکاری کراوم، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە. 24 یەهودییەکان بە قامچی پێنج جار لێیان داوم، هەر جارێک بە بێ کەمکردنەوە چل قامچیان لێداوم. 25 سێ جار بە دار لێمدراوە. جارێک بەردباران کراوم. سێ جار لە کەشتیدا نوقم بووم. شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا بەسەر برد. 26 بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە؛ ڕووبەڕووی مەترسی لافاو، و چەتە و، مەترسی لەلایەن گەلی خۆم و بتپەرەستان و مەترسی ناو شارەکان، و بیابان، ودەریا، و مەترسی برا درۆزنەکان بوومەوە. 27 چەند ماندوو بووم ئازارم چەشت و بە زەحمەت کێشان و شەونخونی زۆر، و برسێتی و توونیەتی و بە ڕۆژووگرتنی زۆر، و سەرما و ڕووتی. 28 جگە لەو مەترسییە دەرەکیانە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فشارەکان لەسەرم زیاتر دەبن، بەو شێوە بارگرانی هەموو کڵێساکان لەسەرمە. 29 ئایا کەسێک هەیە لاواز بێت و من لەگەڵی لاواز نەبم، وە کەسێک هەیە کە کۆستی کەوتبێ و من بۆی نەسوتابم؟ 30 ئەگەر شانازیکردن پێویست بوو، شانازی بەو شتانەوە دەکەم کە لاوازیم دەردەخەن. 31 خودا و باوکی یەشوای پەروەردگار، پیرۆزە بۆ هەتاهەتایە، دەزانێت کە من درۆ ناکەم. 32 ئەو حاکمەی کە لەلایەن پاشا ئارێتاسەوە بۆ پارێزگاری دیمەشق دەستنیشانکرابوو، پاسەوانی شاری دیمەشقی توندتر کرد، ویستی دەستگیرم بکات. 33 بەڵام لە لەناو سەبەتەیەکەوە لە پەنجەرەی شووراکە منیان شۆڕکردەوە، بۆیە لە دەستی دەرباز بووم.