بەشی ١٢

1 بەڵێ، شانازیکردن هیچ سوودێکی بۆ من نییە؛ بەڵام ڕوو دەکەمە ئەو شتانەی کە پەروەردگار لە ڕووی بینین و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆی ئاشکرا کردووم. 2 من پیاوێک لە مەسیحدا دەناسم کە چواردە ساڵ لەمەوبەر بەرەو ئاسمانی سێیەم بردرا: ئایا لە ڕێگەی جەستەیەوە بوو؟ نازانم؛ یان جگە لە جەستە بوو؟ نازانم. خودا دەزانێت! 3 دەزانم ئەو مرۆڤە، بە جەستەی خۆیەوە بوو یان بەبێ جەستەی خۆی؟ نازانم؛ خودا دەزانێت؛ 4 ئەو بۆ بەهەشت بردرا، لەوێ گوێی لە بابەتی سەرسوڕهێنەر بوو کە دەرنابڕدرێت و هیچ مرۆڤێک مافی ئەوەی نییە باسی بکات. 5 لەمەدا شانازی دەکەم! بەڵام شانازی بەو شتانەوە ناکەم کە بە شێوەیەکی تایبەت پەیوەندی بە منەوە هەیە مەگەر شانازی بە شتانێکەوە بکەم کە پەیوەندی بە لاوازی منەوە هەیە. 6 ئەگەر بمەوێت شانازی بکەم، گێل نابم، چونکە ڕاستی دەڵێم. بەڵام خۆم دەپارێزم، نەوەک یەکێک زیاتر لەوەی لێم دەبینن و لێم دەبیستن گومان بکات. 7 بۆ ئەوەی لەبەر گەورەیی ئەم ڕاگەیاندنانە خۆبەزلزان نەبم، دڕکێک لە جەستمدا پێدرا وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم! 8 هەر لەبەر ئەم هۆکارە سێ جار لە پەروەردگارم پاڕامەوە کە لە کۆڵم بکاتەوە 9 پاشان پێی فەرمووم: «بەخششی من بەسە بۆ تۆ، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت!» من ڕازیم بە خۆشحاڵییەوە شانازی بەو خاڵە لاوازانە دەکەم کە لە مندایە، بۆ ئەوەی بە هێزی مەسیح داپۆشراو بم. 10 بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم، ئەوا بەهێزم! 11 لێرەدا بوومەتە گێل! بەڵام، ئێوە ناچارتان کردم! دەبووایە ئێوە ستایشتان بکردمایە، چونکە من لە هیچ شتێکم لە نێردراوە باڵاکان کەمتر نییە، تەنانەت ئەگەر هیچیش نەبم. 12 ئەو نیشانانەی کە نێردراوان جیا دەکەنەوە، بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە لە نێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو. 13 لە چ ڕوویەکەوە لە کڵێساکانی تر بچووکترن جگە لەوەش کە من بارگرانییەکی قورس نەبووم بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیەم خۆشبن! 14 ئێستا ئامادەم بۆ جاری سێیەم بێم بۆ لاتان، نابمە بارێکی قورس لەسەرتان. چونکە ئەوەی من بەدوایدا دەگەڕێم ئەوە نییە کە لای ئێوەیە بەڵکو ئەوە ئێوەن: چونکە ئەرکی منداڵەکان نییە کە بژێوی دایک و باوکیان دابین بکەن، بەڵکو دایک و باوک دەبێت بژێوی منداڵەکانیان دابین بکەن. 15 منیش بەوپەڕی شادییەوە، ئەوەی هەمە خەرجی دەکەم، خۆشم دادەنێم بۆ ئێوە، هەرچەندە تا زیاتر خۆشم بوێن، خۆشەویستی کەمتر وەردەگرم. 16 بەڵام، با وا بێت. (ئێوە دەڵێن) من خۆم نەبوومە بارگرانی بە سەرتانەوە، بەڵکو فریودەر بووم وبە فێڵ لێم سەندوون. 17 ئایا هیچم دەستکەوتووە لەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون؟ 18 داوام لە تیتۆس کرد بێتە لاتان، ئەو برایەشم لەگەڵ نارد، ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچی دەستکەوت؟ ئایا ئێمە لەگەڵ ئێوە، من و تیتۆس، بە هەمان گیان و هەمان هەنگاو مامەڵەمان نەکرد؟ 19 ئێستاش ئێوە وا بیر دەکەنەوە کە ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین لە لای ئێوە! بەڵام ئێمە لەبەردەم خودادا لە مەسیحدا قسە دەکەین. خۆشەویستانم هەموو ئەمانە، بۆ بنیاتنانی ئێوەیە. 20 چونکە دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت و ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن! واتە کاتێک کە ناکۆکی و ئیرەیی و ڕق و کینە و بوختان و قسە هێنان‏ و بردن و خۆبەزلزانین و سەرلێشێواوی لە نێوانتاندا زۆر بێت. 21 دەترسم کاتێک جارێکی تر دێمەوە لاتان، خودا من لەنێوانتان بێ بایەخ بکاتەوە و خەم و پەژارەم زۆر بێت بە هۆی زۆرێک لەوانەی کە پێشتر گوناهیان کردووە و پاشگەز نەبوونەتەوە بۆ ئەوگڵاوی و داوێنپیسی و بەد رەوشتییە کە کردوویانە!