بەشی ٤

1 دوای ئەوە، برایان، ئێوە لە ئێمەوە فێربوون کە چۆن دەبێت ڕەفتار بکەن بۆ ئەوەی خودا ڕازی بکەن، وەک چۆن ئێوە دەیکەن، بۆیە تکاتان لێدەکەین و ئامۆژگاریتان دەکەین لە پەروەردگار یەشوادا پێشکەوتنەکانتان لەم بابەتە دوو هێندە زیاتر و زیاتر بکەن. 2 کەواتە ئەو راسپاردانە دەزانن کە ئێمە لە پەروەردگار یەشواوە فێرمان کردن. 3 چونکە خواستی خودا ئەمەیە: پیرۆزیتانە. ئەمەش بۆ قەدەغە کردنی داوێنپیسیە، 4 هەروەها هەر یەکێکتان بزانێت چۆن جەستەی خۆی بە پاکی و رێزەوە بپارێزێت 5 نەک بە ئارەزووی بێ سنووری بسپێرن وەک ئەو بتپەرستانەی کە خودا ناناسن، 6 دەست درێژی بۆسەر مافی براکەیان نەکەن و لەم بابەتەدا ئازاری نەدەن، چونکە پەروەردگار تۆڵەسێنەری هەموو ئەم تاوانانەیە، هەروەک چۆن پێشتر ئاگادارمان کردنەوە و بە ڕاستی شایەتیمان بۆدان. 7 چونکە خودا بانگمان ناکات بۆ پیسی بەڵکو بۆ (ژیان) لە پیرۆزیدا. 8 ئەگەر هەرکەسێک لەم بابەتەدا سووکایەتی بە براکەی بکات، سووکایەتی بە مرۆڤ ناکات بەڵکو بە خودا دەکات، ئەوەی کە بە ڕاستی گیانی پیرۆزی خۆی پێبەخشیون. 9 سەبارەت بە خۆشەویستی برایانە، پێویست ناکات من لەبارەیەوە بۆتان بنووسم، چونکە ئێوە خۆتان لە خوداوە فێربوون یەکترتان خۆش بوێت، 10 چونکە هەر بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم براکانتان لە ناوچەی مەکەدۆنیا دەکەن. هانتان دەدەین، برایان، ئەمە دوو هێندە زیاتر و زیاتر بکەن، 11 پێویستە بە تەواوی هەوڵبدەن بە هێمنی بژین و گرینگی بە کاروباری خۆتان بدەن، و بژێوی ژیانتان بە کاری دەستەکانتان پەیدا بکەن، هەر وەک رامانسپاردوون. 12 تا ئەو کاتەی ڕەفتارەکانتان ناوبانگێکی باشیان دەبێت بۆ ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا، و پێویستتان بە هیچ شتێک نابێت. 13 چونکە ئێمە دەمانەوێت، برایان، بابەتی ئەو کەسانەی نوستوون لێتان شاراوە نەبێ، بۆئەوەی وەکوو کەسانی تر کە هیچ هیوایەکیان نیە تووشی خەم و پەژارە نەبن 14 مادام باوەڕمان وایە کە یەشوا مردووە و پاشان هەستایەوە، خودا ئەوانەش لەگەڵ ئەودا ئامادە دەکات کە لە یەشوادا نوستوون . 15 کەواتە ئەمە بە وشەیەک لە پەروەردگارەوە پێتان دەڵێین: ئێمە تا گەڕانەوەی پەروەردگار بە زیندووی دەمێنینەوە، ئێمە پێش ئەوانە ناکەوین کە نوستوون. 16 چونکە پەروەردگار خۆی لە ئاسمانەوە دادەبەزێت هەر کە فەرمانی کۆکردنەوەکە درا، و فریشتەکە بانگی دەکا، و کەڕەنایەکی خودایی لێدەدات، سەرەتا ئەوانەی لە مەسیحدا مردوون هەڵدەستنەوە. 17 پاشان ئێمە کە زیندوو ماوین، هەموومان لە هەورەکاندا دەبردرێین بۆ ئەوەی بە پەروەردگار کۆ ببینەوە لە ئاسماندا. بەم شێوەیە ئێمە بەردەوام لەگەڵ پەروەردگار دەمێنینەوە. 18 ئێوەش بەم قسانە یەکتر هان بدەن.